Sarmand Hameed
24 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 25 کانوونی یەکەم 2020
هەولێر - AA
سەرۆکی پێشووی ھەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی لە یادی لەدایکبوونی حەزرەتی عیسای مەسیح (سڵاوی خوای لەسەر بێت) پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە رایگەیاند "بە بۆنەی سەری ساڵی تازەی زایینی و جەژنی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح، دروودی خوای لەسەر بێت، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی سەرجەم خوشک و برایانی کریستیان لە کوردستان و عێراق و جیھان دەکەم و ھیوای شادی و بەختەوەرییان بۆ دەخوازم".
مەسعود بارزانی لە پەیامەکەیدا راشیگەیاندووە "لەم بۆنەیەدا جەخت لەسەر قووڵترکردنی فەرھەنگی پێکەوەژیان و برایەتیی نێوان پێکھاتەکانی کوردستان دەکەم و ئومێدی ئەوەیش دەخوازم خوشک و برا کریستیانەکانمان ھەموو جەژن و بۆنە و خۆشییەکانیان لە ئارامی و تەباییدا بەڕێ بکەن".
سەرۆکی پێشووی ھەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی لە کۆتایی پەیامەکەیدا ھیوای خواستووە ئەو بۆنەیە دەستپێکێک بێت بۆ ئەوەی ھەموو مرۆڤایەتی لە ستەمکاری و پەتا و ناخۆشییەکان رزگار ببێت و، ئاشتی و ئارامی و پێشکەوتن لە ناوچەکە و جیھاندا بەرقەرار بێت.