Azat Muhammet
04 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 05 کانوونی یەکەم 2016
دهۆک - AA
بۆ یەکەمجار لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست هاووڵاتییەک لە هەرێمى کوردستان وەک دەربڕینى خۆشەویستى بۆ سەرۆکى هەڵبژێردراوى ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ ناوى کوڕەکەى خۆى ناوە ترەمپ و رۆژانە چەندین کەس سەردانى ماڵى ئەو هاووڵاتییە دەکەن بۆ ئەوەی وێنەى یادگارى لەگەڵ منداڵەکە بگرن.
دانیشتوویەکى کۆمەڵگەى چڕە لە سنوورى قەزاى شێخان سەربە پارێزگاى دهۆک بە ناوى، حەسەن جەمیل لە چاوپێکەوتنێکى لەگەڵ ئاژانسى ئانادۆڵو باس لەوە دەکات دواى سەرکەوتنى کاندیدی کۆمارییەکان، دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتى ئەمریکا بڕیارمدا منداڵەکەم ناو بنێم ترەمپ، خۆشبەختانە بەو رۆژە گەیشتم و منداڵە لە دایک بووەکەمان ناونا ترەمپ.
ئەو هاووڵاتییە گوتی: "لەبەر ئەوەى من زۆر سەرسامى کەسایەتى دۆناڵد ترەمپ بووم، دواى سەرکەوتنى ترەمپ لە هەڵبژاردنەکانى سەرۆکایەتی ئەمریکا، من و هاوسەرەکەم بڕیارماندا منداڵى داهاتوومان ئەگەر کوڕ بێت ناوى لێدەنین ترەمپ، ئەوەبوو ١٣ رۆژ دواى سەرکەوتنى دۆناڵد ترەمپ خوا منداڵێکى کوڕى پێبەخشین و ئێمەیش وەک دەربڕینى سۆز و خۆشەویستى بە گەلى ئەمریکا بەگشتى و سەرۆکى هەڵبژێردراوى ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ بە تایبەتى ناوى کوڕەکەمان کردە ترەمپ، ئێستا بە باوکى ترەمپى کوردى ناسراوم".
حەسەن جەمیل گوتیشی: "جگە لەوەى خۆم و خێزانەکەم هاوڕابووین ناوى منداڵەکەمان بکەین بە ترەمپ، خزم و دۆستانیش بە گەرمى پێشوازییان لەو هەنگاوەى ئێمە کرد. تا ئێستا رووبەڕووى هیچ رەخنەیەک نەبووینەتەوە، بەڵکو بە پێچەوانەشەوە بووینەتە جێگەى دەست خۆشى هاووڵاتییانى ناوچەکە".
ئەو هاووڵاتییە کە پێشمەرگەى زێرەڤانییە و لە میحوەرى خازر لە سنوورى دەشتى نەینەوا ئەرکى پێشمەرگایەتى دەبینێت، گوتی: "لەوەتەى ناوى کوڕەکەى خۆمم کردووەتە ترەمپ، لە ناو پێشمەرگەکانیش بووەتە باس و خواس و هەروەها بە ناوى باوکى ترەمپى کوردی بانگم دەکەن، من و پێشمەرگەکانی میحوەرەکەیش زۆر گەشبینن بەوەى سەرۆکى هەڵبژێردراوى ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ هاوکارى هەرێمى کوردستان و هێزەکانى پێشمەرگە دەکات، هیوادارین پشتگیرى لە مافەڕەواکانى گەلى کورد بکات".
ئەو گوتى: " کوڕەکەم ترەمپ لە ٢٣ى تشرینى دووەمى ئەمساڵ لەدایک بووە، تەمەنى ١٣ رۆژە، هەرەچەند بۆ ئێمە چاوەڕوانکراو نەبوو کە بەو شێوە گەورەیە دەنگدانەوەى هەبێت، بەڵام لەو ماوە کەمەدا لە چەندین شوێن رۆژانە چەندین کەس لە هەردوو رەگەزەوە تەنانەت کەسى بەتەمەن گەورەیش سەردانى ماڵەکەم دەکەن، تاوەکو وێنەى یادگارى لەگەڵ ترەمپى کوڕم بگرنەوە، ئەمەیش بووەتە مایەى خۆشحاڵى خۆم و براکانم و تەواوى خانەوادەکەمان".
باسى لەڕۆژى بەڕێوەچوونى پڕۆسەى دەنگدانى هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى ئەمریکا کرد و گوتی: "ئەو رۆژەى کە پڕۆسەى هەڵبژاردن لە ئەمریکا دەستى پێکرد، بە کاتى هەرێمى کوردستان شەوبوو من لە پەرۆشیم بۆ سەرکەوتنى دۆناڵد ترەمپ چاوەڕێى ئەنجامى هەڵبژاردنەکانم دەکرد، کاتژمێر چوار و سى خولەکى بەیانى لە بەرژەوەندى دۆناڵد ترەمپ یەکلایی بوویەوە، بەڕاستى یەکجار زۆر خۆشحاڵبووم و نەمتووانى چۆن هەستم دەرببڕم".
حەسەن جەمیل لە دایک بووى ساڵى ١٩٩٢ و دانیشتووى کۆمەڵگەى چڕەى سنوورى قەزاى شێخان سەربە پارێزگاى دهۆکە، پیشەى پێشمەرگەیە. باوکى دوو کوڕ و کچێکە، کوڕێکیان ناوى رەشیدە و ئەوەیتریان ناوى ناوە ترەمپ، کچەکەشى ناوى مەلەکە.
لە ١٠تشرینى دووەمى ئەمساڵ هەڵبژاردنەکانى ئەمریکا لە نێوان بەربژێرەکانى کۆمارییەکان و دیموکراتەکان لە بەرژەوەندى کۆمارییەکان و بە سەرکەوتنى دۆناڵد ترەمپ یەکلایی بوویەوە، بڕیاریشە لە کانوونى دووەمى ساڵى داهاتوو دواى سوێند خواردنى یاسایی دەست بەکارەکانى بکات.