Zana Natık Kerem
18 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 22 تەمووز 2017
نەینەوا ــ AA
ئەفسەر لە سوپای عێراق، موقەدەم سەفوان نوعمان حەجار رایگەیاند كە ٧٣ خێزانی توركمان توانیویانە لە قەزای تەلەعفەر لە ژێر كۆنتڕۆڵی داعش هەڵبێن و خۆیان رزگار بكەن.
سەفوان نوعمان حەجار بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە ئێوارەی دوێنێ دووشەممەوە تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ، هێزە عێراقییەكان پێشوازیان لە ٧٣ خێزانی توركمان كردووە كە توانیویانە لە ژێر كۆنتڕۆڵی داعش لە قەزای تەلەعفەر هەڵبێن و خۆیان رزگار بكەن".
سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی قەزای تەلەعفەر، سەفوان نوعمان حەجار گوتی: " بە كۆنتڕۆڵكردنەوەی رێگەی نێوان قەزای تەلەعفەر و شاری مووسڵ لەگەڵ سنووری سووریا، هێزە عێراقییەكان رێگەی گەیاندنی پشتیوانیان لە چەكدارەكانی داعش بۆ ناو تەلەعفەر پچڕاندووە".
ناوبراو باسی لەوەش كرد كە فڕۆكە جەنگییەكانی عێراق و هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی لە بۆردومانكردنی داعش لە قەزای تەلەعفەر بەردەوامن.