Heman Hussein Yaseen
16 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 17 نیسان 2020
هه‌ولێر - AA
لە چوارچێوەی رێکارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19)، بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی ژنان و منداڵانی ھەولێر، تەواوی سەردانەکانی بۆ ناوەندی چاکسازی قەدەغە کردووە.

لەمباریەوە بەڕێوەبەری چاکسازی ژنان و منداڵانی ھەولێر، تەیب عەبدولعەزیز رایگەیاند کە هاوکات لەگەڵ دەرچوونی بڕیار و رێنماییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تایبەت بە بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، سەردانەکانیان بۆ ناوەندەکە راگرتووە و جەختیش لەوە دەکاتەوە کە بۆ کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێی سزادراوان و راگیراوان، ژمارەیەک چالاکی تایبەت بە کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ بۆ بەندکراوان ئەنجام دەدەن.
تەیب عەبدولعەزیز له لێدوانێكی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''هه‌موو سه‌ردانێكمان قەدەغە کرد، بێگومان ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر ته‌ندروستی هه‌مووان هه‌بووه و خۆشبه‌ختانه هیچ حاڵه‌تێكی تووشبوون له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌ماندا نییه''.
تەیب عەبدولعەزیز له‌باره‌ی ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ناو گرتووخانەی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چاكسازی ژنان و منداڵانی هه‌ولێردان گوتی: ''ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە ھۆڵەکانی چاکسازیدان بریتین لە ٢٢٠ سزادراو و راگیرا‌و، ھاوکات ٤١ منداڵیش لەگەڵ دایکانیان لە ھۆڵەکانی چاکسازی ژیان بەسەر دەبەن و دوێنێش حه‌فت سزادراو دوای ته‌واوبوونی ماوەی سزادانیان، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌یان به‌جێهێشت و ئازادكران''.
له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چاكسازی ژنان و منداڵان، ژماره‌یه‌ك وەرشە هه‌یه بۆ فێربوونی پیشه‌ی دارتاشی، ژەنینی میوزیك، كاری ده‌ستی و ژمارەیەک پیشه‌ی دیکە بۆ ئه‌وه‌ی سزادراوان پیشه‌یه‌ك فێربن كه له دوای ئازادکردنیان بتوانن لە دابینکردنی بژێوی ژیانیان پشتی پێ ببه‌ستن و هەروەها تێڕوانینی كۆمه‌ڵگا به‌رامبه‌ریان بگۆڕن، به‌ڵام له‌ئێستادا به‌هۆی بڕیاری قه‌ده‌غه‌کردنی هاتوچۆ، وەرشهكان داخراون و لهمبارهیهوە ته‌یب عه‌بدولعه‌زیز گوتی: ''به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، وەرشەکانی فێرکردنمان راگرتووه، ئه‌گه‌ر دۆخه‌كه به‌ره‌و باشتر بچێت، ئه‌وا هه‌فته‌ی داهاتوو، وەرشەکان ده‌كه‌ینه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی سزادراوان فێری پیشهیەک بکەین''.
رۆژی ٢٨ی شوباتی رابردوو، به‌ئامانجی كه‌مكردنه‌وه‌ی قه‌ره‌باڵغی ناو زیندانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، ئەنجوومەنی دادوەری ھەرێمی کوردستان لیژنەیەکی پێکھێنا بۆ تاتوێکردن و ھەڵسەنگاندنی بارودۆخی حوکمدراوان و راگیراوان لە ھەرێمی کوردستان بەمەبەستی دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ ئازادکردنی ژمارەیەک لەو بەندییانە کە دەتوانرێت ئازاد بکرێن.
له‌باره‌ی هه‌نگاوه‌كانی ئازادکردنی سزادراوانی نێو گرتووخانەی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چاكسازی ژنان و منداڵان، ته‌یب عه‌بدولعه‌زیز گوتی: ''ژمارەیەکی کەم لە سزادراوان و راگیراوان دەکەونە نێو چوارچێوه‌ی لیژنەکەی ئەنجوومەنی دادوەری و کارەکان بەردەوامە و خەریکی بەدواداچوونین، بەڵام تا ئێستا بڕیارێكی كۆتایی نه‌دراوه''.