ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە چین گیانیان لەدەستداوە گەیشتە 80 کەس
لە چین ژمارەی ئەو کەسانەی گومانی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنایان لێدەکرێت گەیشتوەتە پێنج هەزار و 794 کەس، هەروها بەهۆی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ هەڵگرانی ڤایرۆسەکەدا، 30 هەزار و 453 کەس خراونەتە ژێر چاودێری پزیشکییەوە.
Beijing
پەکین-AA
جۆرێکی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لە شاری ڤوهانی چین دەرکەوت و بۆ هەموو لایەکی ئەو وڵاتە تەشەنەی کرد و تا ئێستا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 80 کەس.
بەپێی روونکردنەوەیەکی لیژنەی تەندروستی نیشتمانی چین، جگە لە گیانلەدەستدانی ئەو 80 کەسە، ژمارەی ئەو کەسانەشی دووچاری ڤایرۆسەکە بوون، گەیشتوەتە دوو هەزار و 744 کەس کە رەوشی تەندروستی 461 کەسیان ناجێگیرە.
لەلایەکی دیکەیشەوە لە هۆنگ کۆنگ هەشت و لە ماکاو پێنج و لە تایوان چوار حاڵەتی ڤایرۆسەکە تۆمارکراون.
بەگومانی کاریگەری ڤایرۆسەکەیش پێنج هەزار و 794 کەس و بەهۆی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ هەڵگرانی ڤایرۆسەکە، 30 هەزار و 453 کەس خراونەتە ژێر چاودێری پزیشکییەوە.