Sarmand Hameed
01 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 02 ئەیلوول 2021
هەولێر - AA
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد لە هەولێر دەست بەسەر ٦٢٨ پارچە چەک لە جۆری دەمانچەدا گیراوە کە بەشێوەی نایاسایی هێنراوەتە نێو هەرێمی کوردستانەوە.
لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، "لە پرۆسەیەکی هاوبەشی نێوان ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، پاش بە دواداچوونێکی ورد و بەردەوام لە رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١/ ٩/ ٢٠٢١ توانرا دەست بە سەر ٦٢٨ پارچە چەکی دەمانچە (کە بە دەمانچەی تورکی ناسراوە) بگیریت کە بە شێوەیەکی نایاسایی داخڵی هەرێمی کوردستان کرابوون".
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە کە ئەو گرووپەی کە بەم کارە هەستاوە بە بڕیاری دادوەر دەستگیر کراون و دەدرێنە دادگای تایبەتمەند بۆ وەرگرتنی سزای یاسایی خۆیان.
جەخت لەوەش کراوەتەوە کە وەزارەتی ناوخۆ بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە بەدواداچوون و کارکردن بۆ نەهێشتنی دیاردەی چەکی قاچاغ و نایاسایی و بە سزا گەیاندنی ئەو کەس و گرووپانەی کە بەم کارانە هەڵدەستن.