Heman Hussein Yaseen
27 مای,س 2020•نوێکردنەوە: 02 حوزەیران 2020
هه‌ولێر - AA
گوته‌بێژی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار لە هه‌رێمی كوردستان، نادر روستی رایگەیاند ''یەکێک لە زەرەرمەندترین کەرتەکان لەسەر ئاستی جیھان به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوه، کەرتی گەشتیاریی بووە، چونکە پێش ھەموو شتێک شوێنە گەشتیارییەکان داخران و دوا شوێنیش دەبن کە دەکرێنەوە، وەک دەبینین کارگەکان و کێڵگەکان کەوتوونەتەوە سەرکار و کەرتی بازرگانییش ھەروەک خۆی بوو، تاکە کەرت کە زیانی پێگەیشتووبێت، کەرتی گەشتیارییە''.
نادر روستی له لێدوانێكی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''ئەمڕۆ چوارشه‌ممه، قەدەغەکردنی ھاتوچۆکردن کۆتایی پێ دێت و دۆخەکە وەک پێش جەژن ئاسایی دەبێتەوە و شوێنە گەشتیارییەکان بەڕووی ھاووڵاتییان و گەشتیاراندا دەکرێنەوە، ھیواداریشین سەرجەم شوێنە گەشتیارییەکان و ھاووڵاتییان پابەندی رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستیی بن، چونکە مەترسی کۆرۆنا بەردەوامە''.
گوته‌بێژی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار لە هه‌رێمی كوردستان، نادر روستی له‌باره هاتنی گه‌شتیاران بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌راورد به ساڵی رابردوو گوتی: ''لە ساڵی رابردوو، سێ ملیۆن و ٧٠٠ ھەزار گەشتیار سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کرد و لە پلانماندا ھەبوو، ئەمساڵ رێژەکە بەرزبکەینەوە بۆ چوار ملیۆن گەشتیار، بەڵام ئێستا داتایەکی وا نییە کە بزانین ئەمساڵ رێژەی گەشتیاران چۆن بووە، بەڵام دەتوانین نموونەیەک وەرگرین و بڵێین کە لە میانی نەورۆزی ساڵی رابردوودا، ٢٤٩ ھەزار گەشتیار هاتنه هه‌رێمی كوردستان، بەڵام لە نەورۆزی ئەمساڵدا، رێژەکە سفر بوو''.

نادر روستی له‌باره‌ی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی شوێنه گه‌شتیارییه‌كان گوتی: ''ئێمە ناتوانین قەرەبوویان بکەینەوە، چونکە تەنها شوێنەکان زیانیان بەرنەکەوتووە بەڵکو دەیان خێزان و ھاووڵاتی و تەنانەت حکوومەتیش زیانی بەرکەوتووە، ئەمە پێویستی بە بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیران ھەیە، بەڵام پێشبینی ناکەم قەرەبوو ھەبێت، چونکە حکوومەت بۆخۆی لە قەیراندایە''.
گوته‌بێژی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار لە هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی ژماره‌ی شوێنه گه‌شتیارییه‌كان لە هه‌رێمی كوردستان گوتی: ''لە ھەرێمی كوردستان زیاتر لە سێ ھەزار شوێن ھەیە، له‌و ژماره‌یه‌ش ٦٢٥ ھۆتێل، زیاتر لە ٣٦٠ مۆتێل، ھەزار و ٨٥٣ رێستورانت، ٨٠ گوند و کۆمەڵگای گەشتیاریی و زیاتر لە ٢٠٠ ناوچەی سرووشتییش ھەیە، بەکۆی گشتیی نزیکەی سێ ھەزار و ٢٠٠ شوێن ھەیە لە ھەرێمی کوردستان''.
نادر روستی سه‌باره‌ت به پلانی داهاتووی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار گوتی: ''بەردەوام لە کۆبوونەوەداین، سەرقاڵی ئەوەین کە بتوانین چۆن کەرتی گەشتیاریی ببووژێنینه‌وه، یەکێک له ئه‌وله‌ویه‌تی پلانه‌كه‌مان بوژانەوەی گوند و لادێیەکانه، خەڵکێکی زۆر حەزی لە سروشت و گوندەکانە و دەمانەوێت لە رێگای کەرتی گەشتیارییەوە گوندەکان ببووژێنینەوە''.
گوته‌بێژی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار لە هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وه‌یشی خسته‌ڕوو كه له پلانی چوار ساڵه‌ی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان كه مانگی رابردوو راگه‌یەنرا، زۆرترین پڕۆژه‌ی گه‌شتیاریی هه‌بووه و ئه‌مه‌ش ده‌رفه‌تێكه بۆ ئه‌وه‌ی كه‌رتی گه‌شتیاریی زیاتر په‌ره‌ی پێ بدرێت و گوتی: ''دەستەی وەبەرھێنان زیاتر لە ھەزار و ٥٠ پڕۆژەی راگەیاند کە تیایدا ٢٢٧ پڕۆژە پڕۆژەی گەشتیاریی بوو، دووەم كەرت بوو کە زۆرترین پڕۆژەی ھەبوو لە ھەرێمی کوردستان و ئەگەر بگەڕێینەوە دۆخی ئاسایی ئەوا کەرتی گەشتیاریی زووتر دەکەوێتەوە سەرپێ''.