هەولێر
بۆ سالار شەڕكردن لە دژی داعش پەیوەندیی بە"شەرەف و كەرامەت"ی خەڵكەوە هەیە، ئەو كە دوو جار لە شەڕی دژ بە داعش برینداربووە چەند رۆژێكی تر دەچێتەوە بۆ سەنگەر.
بۆ سالار و كەسوكارەكەی بڵاوبوونەوەی هەواڵی شەهیدكردنی لە پێگە ئەلیكترۆنی و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی بەناو دەوڵەتەكەی داعشەوە چەند سەیربوو، هێندەش نیگەرانی بوو، سالار دەڵێت پاش ئەوەی چەكدارانی داعش وایان نیشان دات كە كوشتوویانە و فریای مۆبایلەكەی نەكەوتووە بەهۆی لێپرسینی كەسوكار و خزم و دۆستانییەوە.
سالار فەتاح گەنجێكی چاو سەوزی باڵا بەرزە، ئەو كە خاوەنی چوار منداڵە لەدایكبووی ساڵی 1981ە، سەربازێكی كوردی فەوجی دووی لیوای پێنجی پیادەی هەولێرە لە سوپای عێراق كە لە سنووری ناوچەی شارۆچكەی گوێڕ (بە دووریی 35 كیلۆمەتر) لە هەولێرەوە جێگركراوە. ئەو هەرچەندە لە سوپای عێراقە، بەڵام لەم هەڤپەیڤینەیدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو زوو زوو دەیگوت" من بۆ كورد و كوردستان شەڕ دەكەم، لە پێناو بە بەرزی مانەوە و شەكانەوەی ئاڵای كوردستان ئامادەی شەهیدبوونم".
سالار لەلای دەوڵەتەكەی داعش شەهید كراوە، بەڵام لە نێو ماڵ و مناڵەكەیدا لە رواندوز سەرقاڵی پێشوازیكردن بوو لە میوانەكانی و جار و باریش گەمەی لەگەڵ منداڵەكانی دەكرد و دەیگوت" داعش وا ئەزانن من كوژراوم، بەڵام خەیاڵیان خاوە، من وا دەژیم و چەند رۆژێكی تر دەچمەوە شەڕ".
شەوێ 9 لەسەر 10ی ئەم مانگە لە سەروبەندی هێرشەكانی چەكدارانی داعش بۆ گوندی سوڵتان عەبدوڵا كە چەند كیلۆمەترێك دەكەوێتە نزیك گوێڕ لەگەڵ چەند هاوكارێكیدا شەڕێكی دەستەویەخەیان لە نێو ئەو گوندە لەگەڵ چەكدارانی داعش كردووە كە سالار بە داستانی ناو دەبات.
سالار چیرۆكی بڵاوبوونەوەی هەواڵی كوشتنی لە لایەن داعشەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو بەمشێوەیە دەگێڕێتەوە"پاش شەڕەكەمان لە گوندی سوڵتان عەبدوڵا، بیستم داعش ناسنامە و ساڵنامەی ئۆتۆمبیلەكەمیان بڵاوكردووەتەوە گوایە من شەهیدكراوم، ئەوەش سەیر بوو بەلامەوە".
ئەو بڵاوكردنەوەی ئەو هەواڵەش بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە كە لەو شەڕەیدا جزدانەكەی (ناسنامەی خۆی، ساڵنامەی ئۆتۆمبیل، ناسنامەی خێزانەكەی، 400 دۆلار)ی تێدابووە لەنێو هەمەرێكی پێكراوی فەوجەكەی بەجێ دەمێنێت و ئیدی داعش وای بۆ چووبوو، ئەو شەهید بووە بەتایبەت خوێنیش لەو ناوچەیە رژاوە.
سالار لەبارەی شەڕەكەشەوە بۆ ئانادۆڵو دەڵێت "ئێمە پێنج كەس بووین لە گوندی سوڵتان عەبدوڵا رووبەڕوویەكی سەختی چەكدارانی داعش بووینەوە، من لەسەر دۆشكەیەكی سەر هەمەرێكەوە بووم، بەڵام دۆشكەكە كاری نەكرد لە كاتێكدا، هەر بۆیە دەستم دایە بی كەی سی و ئار پی جی و شەڕی داعشمان كرد كە تەنها زیاتر لە 70 چەكداریان خەڵكی گوندەكە بوون، پاشان بە ئار پی جی یەك هەمەرەكەمان پێكرا، من كە جزدانەكەم و مۆبایلەكەشم لەوێ بوون هەمووی رۆشت، ئەوەش كەوتە دەستی داعش".
لە پێكانی ئەو هەمەرە هاوڕێیەكی نزیكی سالار شەهید دەبێت، ئەو هەمیشە بە نیگەرانییەوە باسی ئەو شەهیدەی دەكرد بەناوی هەندرێنەوە.
دەشڵێ لە نێو هەمەڕەكە و دەرووبەری خوێن رژابوون، ئیدی چەكدارانی داعش هەر زوو وایانزانی بوو من شەهید بووە، بەتایبەت جزدانەكەشیان دەست بەسەرداگرتبوو.
سالار لەو هەڤپەیڤینەیدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو كە لە ماڵەكەی خۆی لە رواندوز ئەنجامدراوە زوو زوو باسی لەوەدەكرد كە ئەوان شەڕێكی زۆر گەورەی بەرگرییان كردووە لەگەڵ ئەوەی چەك و تەقەمەنییەكی زۆر كەمیان بەدەستەوە بووە و پاڵپشتییان نەبووە، بەڵام بە بۆچوونی ئەو ئەوانەی ئەوان دەیكەن بەرگرییە لە"شەرەف و كەرامەت" بۆیە سڵ لە هیچ شتێك ناكەنەوە بەتایبەت چەكدارانی داعش، سالار لەو بارەیەوە دەڵێت"چەكدارانی داعش تەواو بێ غیرەتن لە هیچ شتێك دەست ناپارێزن، مناڵ، ئافرەت، كەسی پیر، كەسی بێ چەك، بۆیە شەرمە بۆ من ئەگەر بكەومە دەستییان دەمەوێ شەهید بم بەس نەكەومە دەستی ئەوان، چوونكە هیچ غیرەتییان نییە".
دەشڵێت "من پاش چەند كاتژمێرێك لەو شەڕەی ئەو شەوەی لە گوندی سوڵتان عەبدوڵا كردمان مۆبایلەكەم داخرابوو، هەواڵی كوشتنی منیش لە لایەن داعشەوە لە ئینتەرنێت بڵاوبوویەوە و وێنەی ناسنامە و ساڵنامەی ئۆتۆمبیلەكەمیان بڵاوكردبووە".
باس لەوەش دەكات كە دوای رۆژێك لەو شەڕە گەڕاوەتەوە ماڵەوە و ئەو دواكەوتنەی ئەویش و نەبوونی تۆڕی پەیوەندییەكان لەو ناوچەیەی ئەوی لێ بو بوو نیگەرانییەكی زۆری لە لای كەسوكارەكەی دروستكردبوو، دەشڵێت "بەهۆی نەخۆشیی دایكمەوە لە ماڵەوە پێیان نەگوتبوو كە شتێكی وا روویداوە".
سالار كە لەوەتی شەڕی داعش دژ بە هێزەكانی پێشمەرگە لە سەرەتاكانی مانگی ئابی ساڵی پارەوە دەستی پێكرد دوو جار برینداربووە، ئەو بە پێكەنینیشەوە دەیگوت "وێنەی ناسنامەكەی خۆم و ساڵنامەی ئۆتۆمبیلەكەم بینی كە كەوتوونەتە دەست داعش سوپاسی خوام كرد كە خۆم نەكەوتوومەتە دەستیان و كە ئەوانەم بینی خەریك بوو باوەڕ بكەم كە من شەهید بووم".
سالار كە ئەو كاتەی ئێمە لە لای بووین پارچەیەكی بچوكی ئار پی چی لە نێو قاچی چەپیدا هەبووە، دەیگوت چەند رۆژێكی دیكە دەگەڕێتەوە بۆ شەڕ و "راوە داعش" دەكات.
سالار فەتاح نزیكەی 20 ساڵ دەبێت چەكدارە و سەرەتا بە پێشمەرگایەتی و دواتر پۆلیسی و ئێستاش سەربازییەوە سەرقاڵە، دە ساڵ دەبێت لە لیوای پێنجی پیادەی سوپای عێراق لە هەولێر جێگیرە، لە كۆتایی قسەكانیدا باسی لەوە دەكرد كە نابێت جیاوازیی لەنێوان هێزە شەڕكەرەكان هەبێت و دەبێت بەرپرسانی سەربازیش وەكو پێشمەرگەكان بە ناخۆشیی شەڕ تێكەڵ ببن.
ئەو چەند جارێكیش باسی ئازایەتی ئەو هاوڕێیانەی دەكرد كە لە شەڕەكەی گوندی سوڵتان عەبدوڵا لەگەڵی بوون و دەیگوت ئەوەی ئەوان كردیان زۆر زیرەكانە.