خازر
هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان، لە میحوەری خازر لە ئامادەباشیدان، ئەوان جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە، كە چەكدارانی داعش جموجۆڵیان هەیە بەڵام بەهۆی ئامادەباشی پێشمەرگە و ئاشكرابوونیان لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكان، ئاسان نییە بتوانن ببنە مەترسی بۆ سەر هێزەكانی پێمشەرگە.
شەڕ لە سنووری خازر و گوندی حەسەن شام و چەند گوندێكی تری سەر بە ئیدارەی پارێزگای نەینەوا بۆ چوار مانگ دەڕوا كۆتایی پێهاتووە. هێزەكانی پێشمەرگەش هیچ پێشڕەوییەكیان نەكردووە.
ئەگەرچی چەكدارانی داعش جار جار بەچەكی قورس هێرشیان كردووەتە سەر پێشمەرگە و ئەوانیش وەڵامیان داونەتەوە، بەڵام هەردوولا لەسەنگەرەكانی خۆیان ماونەتەوە و هیج گۆڕانكارییەك رووی نەداوە.
لە دەروازەكانی دەرەوەی گوندی حەسەن شام لە بەرەی سەنگەرەكانی پێشمەرگە فەرماندەی هێزەكانی زێرەڤانی مەحموود ئەحمەد گردی شەریفی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "وەك هێزی پێشمەرگە لە ئامادەباشیدان بۆ هەر ئەگەرێكی نەخوازراو و ئەگەر لە لایەن چەكدارانی داعش هێرش بكرێتە سەرمان، بەو پەڕی ورە بەرزییەوە دەتوانین داكۆكی لەخۆمان و نیشتمانەكەمان بكەین".
مەحموود گردی شەریفی گوتیشی: "بەپێی زانیارییەكانی ئێمە لە ئێستا چەكداران جموجوڵێكی ئەوتۆیان نییە كە ئەوان جێی مەترسی بن، بۆ سەر هێزەكانمان".
لەبارەی چەكی نوێ بۆ هێزەكانی پێشمەرگە لیوا مەحموود دەڵێ: "چەكی نوێ هاتووە بۆ هێزی پێشمەرگە بەڵام ئەو چەكانە وەك پێویست لە تمووحی ئێمە نییە، بەڵام ئێمە پێشمەرگەین، گیان فیداین، من پێموایە ئەگەر ئێمە ورەمان نەبێ چەكی نوێ و پێشكەوتووتریشمان پێبێت، بێگومان سوودی نییە".
هێزەكانی پێشمەرگە لەسنووری خازر و حەسەن شام لە بەرامبەر گوندەكانی شێخ ئەمیر و زارا خاتوون و تەرجەل كە چەكدارانی داعشی تێدایە لە ئامادەباشیدان.
سنوورەكە بەتەواوی لەژێر دەستی سوپای چواری زێرەڤانی دایە، هێزی پێشمەرگە یەك جۆر جل و چەك و پێداویستی سەربازیان پێیە لەچاو میحورەەكانی تری هێزی پێشمەرگە.
لەگەڵ ئەوەش سوپای چواری زێرەڤانی هەموو جۆرە چەكێكی سوك و قورسیان.
گوندی حەسەن شام و سنووری خازر لەڕووی كارگێرییەوە سەربە پارێزگای نەینەوایە، ئەو ناوچەی كە هێزی پێشمەرگەی تێدایە نزیكەی 50 كیلۆمەتر لە شاری هەولێرەوە دوورە.