ماردين
ئەمڕۆ ناوەندی كولتووری و پەروەردەیی هەزار لە ناوچەی میدیاد بە هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ بەرپرسانی مانگی سوور و بەرپرسانی ناوەندی كارەساتەکانی سرووشتی و بارەکانی نائاسایی سەر بە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران هاوكاری بەسەر ئاوارەکانی سووری و عێراقی نیشتەجێ لە ناوچەی میدیادی ماردیندا دابەش كرد.
سەرۆكی ناوەندی كولتووری و پەروەردەیی هەزار ئایلا كەریمئۆغڵو گوتی: "سێ مانگ بەر لە ئێستا بۆ دەستنیشانكردنی پێداویستییەكانی ئەو ئاوارانە سەردانی كەمپەكانمان لە میدیاد كرد و دواتر بۆ دابینكردنی پۆشاكی پێویست بۆ هەزار و 500 منداڵ دەستمان بە كەمپینی كۆ كردنەوەی هاوكاری كرد".
كەریمئۆغڵو لە درێژەدا گوتی: "ئەو كەمپینە تەنیا لەلایەن ناوەندی پەروەردەیی و كولتووری هەزارەوە رێك نەخراوە بەڵكو هەشت رێكخراوی دیكە و جێگری سەرۆكوەزیرانی توركیای نوومان قورتوڵموشیش هاوكاری ئەم كەمپینەیان كردووە و لە چوارچێوەی ئەو كەمپینەدا جلوبەرگی زستانی بۆ هەزار و 500 منداڵی نێو كەمپەكە دابین كراوە و بۆ 500 منداڵییش شیر وپێداویستی دیكە دابین كراوە".