Aram Huseyin
07 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 09 ئادار 2016
بەرپرسی نووسینگەی رفێنراوەکان بۆ کاروباری ئێزدیەکان لە دھۆک حوسێن کورولە گۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "لە درێژەیی ھەوڵەکانماندا بۆ رزگارکردنی ئەو کەسانەی کە لەلایەن چەکدارانی داعش رفێنراون، ٣١ ھاووڵاتی ئێزدی کە ١١ پیاو و ١١ کچ و ژن و ٩ منداڵ بوون بە ھاوکاری چەند کارمەندێکی نووسینگەمان لە ناوچەیەکی سەربە قەزای شنگال لە نزیک سنووری سووریا لە دوو رۆژی رابردوودا رزگار کران و لە ئێستادا لە شاری دھۆکن و رەوشی تەندروستیان تارادەیەک جێگیرە".
بەرپرسی نووسینگەی كاروباری رفێنراوەكان گوتیشی: "لەسەرەتای درووست كردنی نووسینگەكەمان تا ئێستا توانیومانە دوو هەزار و417 كەس رزگار بكەین كە لەو ژمارەش 330یان پیاون و 896یان كچ و ژنن و هەزار و 191یان منداڵن".
حسێن كورو گوتیشی: "رزگاركردنی ئەو 31 رفێنراوە تەنیا بە هاوكاری دامودەزگاكانی ئەمنی سەربە حكوومەتی هەرێمێ كوردستان بووە و تا ئێستا حكوومەتی عێراق و كومەڵگای نێودەوڵەتی و رێكخراوەكانی مرۆیی هیچ هاوكاریێكیان پێشكەش بە ئێمە نەكردووە.
ھەروەھا گوتیشی:"بۆیە داوا دەکەین کە ئەوانیش بێنە سەرخەت چونکە رەوشی مرۆیی ئەو کەسانە لە ئێستادا زۆر خراپە و رۆژانە تووشی ئەشکەنجەیەکی زۆر دەبنەوە بە توندترین شێوە و، منداڵەکانیش لە ئێستادا لە سەربازگەکانی داعشدا مەشق و راھێنانیان پێ دەکرێت بە چەند شێوەیەک کە پەروەدەکردنیانە بە فیکری توندڕەوی ھەروەھا مەشقکردن لەسەر چونیەتی بەکارھێنانی چەک و ئەنجامدانی کردووە تیرۆریستی".