Ismael Adnan Yaqoob
13 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 16 حوزەیران 2021
مووسڵ ــ AA
دەسەڵاتدارانی خۆجێیی پارێزگای نەینەوا رایانگەیاند، گۆڕێکی بەکۆمەڵ ھەڵدراوەتەوە کە رووفاتی ٥٨٣ لە بەندکراوانی گرتووخانەی بادوش رۆژئاوای پارێزگای نەینەوای لەخۆگرتووە و سەرجەمیان لە ساڵی ٢٠١٤دا، لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە کوژراون.
بەڕێوەبەری فەرمانگەی کاروبار و پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە دەزگای شەھیدان، زیا کەریم ساعدی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەمڕۆ دەزگای شەھیدان و فەرمانگەی پزیشکی دادوەریی لە بەغدا، قۆناغی یەکەمیان لە پڕۆسەی ھەڵدانەوەی گۆڕی بەکۆمەڵی قوربانییانی گرتووخانەی بادوش تەواو کرد کە رووفاتی ٥٨٣ لە بەندکراوانی گرتووخانەکەی لەخۆگرتووە و سەرجەمیان لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە کوژراون".
گوتیشی: "لە قۆناغی یەکەمی ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکەدا، ١٢٣ رووفات رادەستی فەرمانگەی پزیشکی دادوەریی کراون".
باسی لەوەشکرد کە گۆڕە بەکۆمەڵەکە لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە لە میانی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکاندا، دۆزراوەتەوە و گوتی:
"لە ماوەکانی رابردوودا بەھۆی بوونی ھەندێک کێشە و گرفتەوە لەوانە خراپی رەوشی ئەمنی، نەبوونی بوودجەی پێویست، دەزگای شەھیدان نەیتوانیوە گۆڕە بەکۆمەڵەکە ھەڵبداتەوە. بڕیار بوو تیمێک بۆ ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکە لە ئاداری ٢٠٢٠دا رەوانەی ناوچەکە بکرێت، بەڵام بەھۆی بڵاوبوونەویەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، هەروەها ئاستەنگی دیکەیش ھاتنە پێش و نەتوانرا تیمەکە رەوانە بکرێت، بەڵام ئەمڕۆ بەھۆی بەفراوانی رووبەری گۆڕە بەکۆمەڵەکە کە هەزار مەتر چوارگۆشەیە، تەنھا قۆناغی یەکەمی ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکە کۆتایی ھاتووە و لە ماوەکانی داھاتووشدا، قۆناغەکانی دیکەی ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکە ئەنجام دەدەرێت".
باسی لەوەشکرد کە ئەو رووفاتانەی کە لە قۆناغی یەکەمی گۆڕە بە کۆمەڵەکەدا، دەرھێندراون رەوانەی فەرمانگەی پزیشکی دادوەریی کراون بۆ ئەوەی پشکنینی (DNA)یان بۆ ئەنجام بدرێت تا ناسنامەکەنیان بناسێرێنەوە و رادەستی کەسوکارەکانیان بکرێنەوە.
زیا کەریم ساعدی لە وەڵامی پرسیاری ژمارەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە پارێزگای نەینەوا گوتی:"ژمارەیەک زۆری گۆڕی بەکۆمەڵ چی لە شاری مووسڵ سەنتەری پارێزگای نەینەوا یان قەزا و ناحیەکانی سەربە پارێزگاکە ھەن و سەرجەمیان خراوەنەتە پلانی دەزگای شەھیدان، پڕۆسەی ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانیش لەگەڵ ھاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان ئەنجام دەدەین لەوانە تیمی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان و لیژنەی نێودەوڵەتی بۆ کاروباری بێسەروشوێنەکان (icnd)".
لای خۆیەوە بەڕێوەبەری بەشی کاروباری گۆڕە بەکۆمەڵەکان سەربە دەزگای شەھیدان، زرغام کامل بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دوا و گوتی:
"لە راستییدا، ژمارەی ئەو رووفاتانەی کە لە قۆناغی یەکەمی ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەدا دەرھێندراون، ژمارەی کۆتایی نییە، چونکە بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لەلایەن کەسوکاری بێسەروشوێنووانی گرتووخانەی بادوشە دەزگای شەھیدان دراوە، ٥٨٣ کەسن".
ھەر لەوبارەیەوە بەڕێوەبەری فەرمانگەی پزیشکی دادوەریی لە نەینەوا، حەسەن واسق بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوەکرد کە ژمارەیەک لە قوربانییانی نێو گۆڕە بەکۆمەڵەکە، ئافرەتن و گوتی:
"لە گرتووخانەی بادوش، شوێنی تایبەت بە ئافرەتان ھەبوو، بۆیە زانیارییمان بەدەست گەیشتووە کە ژمارەیەک لە قوربانییانی نێو گۆڕە بەکۆمەڵەکە، ئافرەتن و ھەوڵدەدین لەڕێگای پشکنینی ( DNA)وە، ناسنامەکانیان ئاشکرا بکەین و رادەستی کەسوکارەکانیان بکەینەوە".
رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە میانی کۆنترۆڵکردنی بەشێکی ناوچەکانی عێراق لە ٢٠١٤دا، ژمارەیەکی زۆر ھاووڵاتیی و کارمەندی ئەمنی کۆمەڵکوژ کرد.
وێرای تێپەڕبوونی چوار ساڵ بەسەر کۆنترۆڵکردنەوەی پارێزگای نەینەوا ھێشتا ناوە ناوە گۆڕی بەکۆمەڵ لە سنووری پارێزگاکە دەدۆزرێنەوە و ھەڵدەدرێنەوە.