Abdulhameed Husseın Karam
18 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 19 نیسان 2020
ھەولێر - AA
لەسەر راسپاردەی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، مەسرور بارزانی لە دوێنەوە لەڕێگەی دوو فڕۆكەوە، 107 ھاووڵاتی لە ئەڵمانیا 170 ھاووڵاتی لە بەریتانیا كە بەھۆی وەستاندنی گەشتە ئاسمانییەكانەوە، لە بەریتانیا و ئەڵمانیا گیریان خواردبوو، گەیشتنەوە ھەرێمی كوردستان.

راگەیاندنی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ئەم هەواڵەی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵوی پشتراستكردەو و رایگەیاند "پرۆسەی گەڕاندنەوەی ھاووڵاتییان بە ھەماھەنگیی نێوان فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و وەزارەتی دەرەوەی عێراقی فیدڕال لەگەڵ نوێنەرایەتی حكوومەتی ھەرێم لە بەغداو ھێڵی ئاسمانی عێراقییە"

هەروەها دوێنى فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان راگەیەندراوێكی بلاوكردەوە كە بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی ھەرێم، سەفین دزەیی سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی ھەر یەك لە باڵیۆزخانەكانی عێراق و نوێنەرایەتیەكانی حكوومەتی ھەرێم لە بەریتانیا و ئەڵمانیا و وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی ناوخۆی ھەرێم و فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر و ستافی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەو لە پارێزگای ھەولێر و تەندروستی ھەولێر دەكات كە رۆلی بەرچاویان ھەبووە لەسەرخستنی پرۆسەی گەڕاندنەوەی ھاووڵاتییانی ھەرێم لەو قۆناغە سەختەدا.
ئەو ھاووڵاتییانەی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ گەیشتنیان بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر رێكارەكانی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشیی ڤایرۆسی كۆڕۆنایان بەسەردا جێبەجێ كرا و بۆ ماوەی ١٤ رۆژ كەرەنتین دەكرێن.