Abdulhameed Husseın Karam
08 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 08 کانوونی دووەم 2020
ھەولێر - AA
لە چوارچێوەی کۆبوونەوە دەورییەکانی خۆیدا، ئەمڕۆ ھەرسێ سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، لە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان لە ھەولێر، کۆبوونەوە.
ھەرسێ سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا داوای پشتیوانیی ھێزی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر دەکەن.
بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەی ھەرسێ سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان کە ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ھەرێم بڵاو کراوەتەوە "لە کۆبوونەوەکەدا دوا پێشھاتەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە خرانە بەر باس و ھەڵسەنگاندنی ورد بۆ ڕووداوەکان و ھەڵوێستی ھەرێمی کوردستان کرا. لەم چوارچێوەیەدا ھەرسێ سەرۆکایەتی، نیگەرانیی قووڵی خۆیان بۆ تەشەنەسەندنی ڕووداوەکانی ناوچەکە دەربڕی لە کاتێکدا کە مەترسیی تیرۆر فراوانتر بووە و ھەڕەشەی ڕاستەقینەی بۆ سەر ھەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە ھەیە".
ھەروەھا لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە، "دەربارەی ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووش، بەتایبەتی پێشھاتەکانی ئەم بەرەبەیانییە، ھەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە کە ڕێکاری سەربازیی بە ھیچ شێوەیەک کێشەکان چارەسەر ناکات. ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ھێورکردنەوەی دۆخەکە و دیالۆگ و چارەسەری دیپلۆماسیانەی کێشەکان و سەقامگیری و ئارامییە، داواش لە ھەموو لایەک دەکات ھەرێمی کوردستان لە ململانێکانیان بەدوور بگرن".
لە کۆتاییدا هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی هەریم کوردستان رادەگەیەنن، "ھەرێمی کوردستان بۆ بەردەوامیی بەرەنگاربوونەوی تیرۆر و ڕووبەڕووبوونەوەیان بە پێویست دەزانێت، بەتایبەتی کە لە چەند مانگی ڕابردوودا جووڵە و کردەوە تیرۆریستییەکانیان ھەڵکشاون، بۆیە داوا دەکات کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە ھیچ شێوەیەک ڕێگە نەدات تیرۆر سەرھەڵبداتەوە".