Hawkar Yaseen
12 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 13 تەمووز 2021
هەولێر AA
شاندێکی ئاژانسی توركیا بۆ هاریكاری و ههماههنگی (TIKA) بە یاوەری نوێنەرانی وەزارەتی تەندروستیی تورکیا و زانکۆی تراکیا لە ئەدیرنە لەگەڵ کۆنسولی گشتیی تورکیا لە هەولێر، هاکان کاراچای سەردانی وەزیری هەرێم بۆکاروباری پێکهاتەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئایدن مەعروف-یان کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا گفتوگۆیان کرد دەربارەی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەولێر و ئەنقەرە بەتایبەت لە بوارەکانی پەروەردە و تەندروستی و کولتوور، لای خۆیهوه شاندی رێکخراوی تیکا ئاشكرایكرد پرۆژەی نوێیان دەبێت بۆ هەولێر و شێخان.
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئایدن مەعروف لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەربارەی سەردانی شاندەکەی تورکیا رایگەیاند: "ئەمڕۆ پێشوازیمان کرد لە شاندێکی وڵاتی تورکیا کە بەتایبەت سەردانی هەرێمی کوردستان و هەولێریان کردووە کە پێکهاتبوون لە رێکخراوی تیکا و کۆنسولی تورکیا لە هەولێر و چەند بەڕێوەبەرێکی گشتیی تەندروستیی لە وەزارەتی تەندروستیی تورکیا و نوێنەری زانکۆی تراکیا لە ئەدیرنە".
گوتیشی: "رێکخراوی تیکا یەکێکە لە رێکخراوە گرنگە مرۆییەکانی تورکیا لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرۆژەی گەورەی هەیە لە بواری خزمەتگوزارییە گشتییەکان و هاوکاری مرۆیی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، لەم کۆبوونەوەیەماندا جەختمان کردەوە لەسەر زیاتر بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی هەولێر و ئەنقەرە لەڕووی پەروەردە و تەندروستی، کولتوور و پەیوەندییە گشتییەکان و لە شاندەکەدا، نوێنەری زانکۆی تراکیای تیادابوو کە زانکۆیەکی زۆر گرنگە لە وڵاتی تورکیا و پێشنیازیان کرد کە دەتوانن زەمالەی خوێندن بدەن بە خوێندکاران لە پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان کە ئەمە هەنگاوێکی گرنگە، نوێنەرانی وەزارەتی تەندروستیش پێیان گوتین کە دەیانەوێت لە بواری تەندروستیدا خزمەتێکی زیاتر بکەن لە هەرێمی کوردستان".
ئایدن مەعروف راشیگەیاند: "سبەی شاندەکە دەچێتە شێخان و سەردانی ئێزدییەکان دەکەن کە ئەمەش سەردانێکی گرنگ دەبێت بۆ خزمەتگەیاندن بە برا ئێزدییەکان".
دەربارەی کار و پرۆژە نوێیەکانی سهرۆكایهتی ئاژانسی توركیا بۆ هاریكاری و ههماههنگی (TIKA) لە هەرێمی کوردستان، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، ئایدن مەعروف گوتی: "رێکخراوی تیکا لە رابردوودا تا ئێستا لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق خزمەتی زۆری هەبووە، ئێستاش سەرقاڵی ئەوەن کە گۆڕستانی گەورەی شاری هەولێر بە هاوکاری پارێزگای هەولێر نۆژەن دەکەنەوە و تێچووەکەی دەگرنە ئەستۆ و لە ئایندەیەکی نزیکدا دەست بەکار دەکەن تیایدا و لە داهاتووشدا، تیکا لە شێخان هەڵدەستێت بە نۆژەنکردنەوەی هەندێک سەنتەری تایبەت بە ئێزدییەکان، جگە لەوەیش بەردەوام هاوکاری مرۆییان هەیە و بۆ جەژنی قوربانیش لە هەولێر قوربانی گەورە دەکەن".