Ozhin Jola
04 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 05 تشرینی یەکەم 2020
کەرکووک - AA
ئەمڕو دانیشتوانی گەڕەکی گۆڕەپانی ئاھەنگەکان باشووری کەرکووک، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان لە دژی رووخاندنی خانووەکانیان ئەنجامدا.
ئەمڕۆ بۆ دووەمجار قایمقامییەت و ھێزە ئەمنییەکانی کەرکووک دەستیانکرد بە رووخاندنی خانووە زێدەڕۆکانی گەڕەکی گۆڕەپانی ئاھەنگەکان، ئەویش ناڕەزایەتی دانیشتوانی گەڕەکەکەی لێکەوتەوە و لەدژی رووخاندنی خانووەکانیان گردبوونەوە و چوونە بەردەم ئەو ئۆتۆمبێلانەی خانووەکانیان دەڕووخاند، پاشان گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان دانیشتوانی گەڕەکەکە و ھێزە ئەمنییەکان دروستبوو.
لە ئەنجامی گرژی و ئاڵۆزی نێوانیاندا و ھەوڵی ھێزە ئەمنییەکان بۆ بڵاوەپێکردنی خوپيشاندەران، ھاووڵاتییەک بەناوی مستەفا خەلیل حەسەن برینداربوو، پاش گەیشتنیشی بەنەخۆشخانە گیانی لەدەستدا، هەروەها بەشداربوویەکی گردبوونەوە نارەزایەتییەکە بەناوی ھوشیار یابە برینداربوو.
حەسەن مستەفا بەشداربوویەکی گردبوونەوە ناڕەزایەتییەکەی ئەمڕۆی گەڕەکی گۆڕەپانی ئاھەنگەکان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەمڕۆ ھاتوون ماڵمان دەڕووخێنن، خێزانەکان لەنێو ماڵەکاندابوون شۆفڵ خانووەکانی بەسەریاندا رووخاند، لەسەردەمی ئیدارەی پێشووی کەرکووک بەشێک لەو خانووانەی ئەم گەڕەکە کە بەر پرۆژەی جاداوبان کەوتن و بەپێدانی خانوو قەرەبوو کرانەوە، بەڵام ئێستا خانووەکانمان دەڕووخێنن و ھیچ قەرەبویەکیشمان ناکەنەوە".
گەڕەکی گۆڕەپانی ئاھەنگەکان دەکەوێتە باشووری کەرکووک و لەسەردەمی بەعسدا ئەم ناوچەیە شوێنی تایبەت بە مەشق و راھێنانی ھێزە ئەمنییەکان بوو کە لە بنەڕەتدا ئەو زەویانە موڵکی وەزارەتی وەرزش ولاوانە.
لەدوای ساڵی ٢٠٠٣وە بەشێک لە ھاووڵاتییانی شاری کەرکووک لەسەر ئەو زەویانە خانوویان دروستکرد کە ژمارەیان ٣٠٠ خێزانە.