Zana Natık Kerem
04 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 04 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر ــ AA
سەركۆماری عێراق، بەرهەم ئەحمەد ساڵح رایگەیاند كە گرنگە پەرەی زیاتر بە جوانكاری بەغدای پایتەخت بدرێت و جەختیش لە پارێزگاریکردن لە شوێنەوارە شارستانییەتەکانی بەغدا دەكاتەوە.
نووسینگەی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاوكردەوە كە بەرهەم ئەحمەد ساڵح، ئەمڕۆ یەكشەممە لە كۆشكی بەغدا پێشوازی كردووە لە ئەمینداری بەغدا، مەنهەل عەزیز حەبوبی.
بەپێی راگەیەندراوەكە لە سەرەتای دیدارەكەدا، سەركۆماری عێراق، بەرهەم ئەحمەد ساڵح پیرۆزبایی لە مەنهەل عەزیز حەبوبی كردووە بەبۆنەی دیاریكردنی وەك ئەمینداری بەغدا و هیوای سەركەوتنی بۆ خواستووە لە بەجێگەیاندنی كارەكەیدا، ھاوكات گفتوگۆكراوە لە بارەی رەوشی خزمەتگوزارییەكان لە پایتەخت و گرنگی بەرزكردنەوەی ئاستی ئەو خزمەتگوزاریانە لە پێناو دابینكردنی باشترین خزمەتگوزاری بۆ شاری بەغدا.
ئاماژە بەوەیشدراوە كە لە دیدارەكەدا، بەرهەم ئەحمەد ساڵح جەختیكردووەتەوە لەسەر ئەوەی كە پێگەی بەغدادی پایتەخت تایبەتمەندە و پێویستە بەشێوەیەك نیشان بدرێت كە لە ئاست شوێنەوار و قوڵایی مێژوویدا بێت، هەروەها جەختیشی كردووەتەوە لە گرنگی دانانی پلانێك بۆ گەشەپێدانی پایتەخت كە لەگەڵ داواكاری سەردەم و تەكنەلۆجیای نوێ یەكبگرێتەوە و پارێزگاریش بكرێت لە هونەری تەلارسازی دێرینی بەغدا و پێشكەشكردنی باشترین خزمەتگوزاری بە دانیشتوانەكەی و لابردنی ئاستەنگەكان.
باس لەوەشكراوە كە لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا، ئەمینداری بەغدا كار و پلانی داهاتوویان بۆ سەركۆماری عێراق خستووەتەڕوو، لای خۆیەوە بەرهەم ئەحمەد ساڵج پشتیوانی خۆی بۆ جێبەجێكردنی پلانەكانی ئەمیندارێتی بەغدا دووپاتكردووەتەوە بەجۆرێك ببێتە مایەی بەدیهێنانی ئامانجەكان لە هێنانەكایەوەی شارێكی پێشكەوتوو كە لە خزمەت دانیشتوانەكەیدا بێت.
راگەیەندراوەكەی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق ئەوەشی خستووەتەڕوو لە كۆتایی دیدارەكەدا، ئەمینداری بەغدا، مەنهەل عەزیز حەبوبی سوپاس و ستایشی خۆی ئاراستەی سەركۆماری عێراق كردووە بۆ گرنگیدان و پشتیوانیكردنی پێشخستنی بەغدای پایتەخت، هەروەها بەرزكردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاری و تەلارسازی و چارەسەكردنی ئەو كێشانەی كە شاری بەغدا بە دەستیەوە دەناڵێنێت.