بەرھەم ساڵح لە نیویۆرک لەگەڵ مایک پۆمپیۆ کۆبوویەوە
لە میانی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح پێشوازیکرد لە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ.
Arbil
هەولێر - AA
دوێنێ یەکشەممە و لە میانی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح پێشوازیکرد لە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ.
لە دیدارێکدا باس لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان ھەردوو وڵاتی دۆست و دوا پێشھات و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و جیھان کرا.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاویکردەوە لە دیدارێکدا بەرھەم ساڵح، جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە دایاڵۆگ و گفتوگۆ بێتە ئاراوە و بۆ ئارامکردنەوەی دۆخەکە دوور لە ناکۆکی و جەنگ، ھەروەھا ئاماژەی بەوەیشکردووە بە گرنگی چارەسەرکردنی کێشەکان و پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە، ھاوکات تیشک خراوەتە سەر تەواوکردنی شەڕی دژبە تیرۆر بۆ ھێنانە کایەی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکە و جیھاندا.
سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح بە یاوەری وەزیری دەرەوە، محەمەد حەکیم و وەزیری پلاندانان، نوری سەباح دلێمی و سەرۆکی لیژنەی باڵای ھەستانەوە بە دۆخی ژنان، زکرا عەلوش بەشداری لە کۆبوونەوەکانی خولی ٧٤ەمی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات.
چاوەڕوانیش دەکرێت کە بەرھەم ساڵح گوتاری عێراق لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشکەش بکات، ھاوکات چاویشی بکەوێت بە ژمارەیەک لە سەرۆک وڵاتانی بەشداربوو.