Hemn Baban
22 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 23 ئەیلوول 2019
ھەولێر - AA
بەپێی سەرچاوەیەک لە پۆلیسی عێراق، ھێرشەکەی سەر بارەگاکەی حەشدی شەعبی لە ئەنبار، ھیچ زیانێکی گیانی بەدواوە نەبووە.
بەپێی قسەکانی ئەفسەرێک لە سوپای عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان پێگەیەکی حەشدی شەعبییان لە پارێزگای ئەنبار کردووەتە ئامانج.
ئەفسەرێک لە سوپای عێراق کە بە ھۆی ھەستیاری بابەتەکەوە لە رووی ئاسایشەوە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "ئەمڕۆ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان پێگەیەکی سەربە لیوای تفوف-ی حەشدی شەعبییان لە فڕۆکەخانەی مورسەنات (٧٠ کیلۆمەتر رۆژئاوای شارۆچکەی روتبە) لە پارێزگای ئەنبار کردووەتە ئامانج".
گوتیشی: "بۆردومانەکە بووەتە ھۆی گەیاندنی زیانی ماددی، بێ ئەوەی ھیچ زیانێکی گیانی لە ریزەکانی حەشدی شەعبی بکەوێتەوە".
روونیشی کردووەتەوە کە فڕۆکەخانەی مورسەنات لە دوای کۆنتڕۆڵکردنی شارۆچکەی روتبە و دەرھێنانی لە چنگ داعش سێ ساڵ لەمەوبەر بووەتە بارەگایەک بۆ ھێزەکانی حەشدی شەعبی.
ئەم بۆردومانە لەکاتێکدایە کە ھەفتەیەک لەمەوبەر ھێزەکانی حەشدی شەعبی رایانگەیاند، توانیویانە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی چاودێری لە پارێزگای دیالە بخەنە خوارەوە و رووبەڕووی دانەیەکی دیکەش بوونەتەوە لە سنووری پارێزگای سەڵاحەددین.
ئەم رووداوانە لەکاتێکدا دێت کە لە ماوەی چەند ھەفتەی رابردوودا، پێنج بنکەی ھێزەکانی حەشدی شەعبی تەقینەوەی ناڕوونیان تیادا روویانداوە و بەرلە دوو ھەفتەش، دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ھێرشییان کردە سەر یەکێک لە لیواکانی حەشدی شەعبی لە نزیک سنووری عێراق لەگەڵ سووریا و ئەوەش کوژرانی سەرکردەیەکی حەشدی شەعبی لێکەوتەوە و ئاماژەکانیش بۆ ئەوەن کە ئیسرائیل لەپشت ئەو ھێرشانەوە بێت.