Hemn Baban
22 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 23 ئەیلوول 2019
ھەولێر-AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکان، عادل عەبدولمەھدی بە فەرمانێکی دیوانی دەیەوێت حەشدی شەعبی رێک بخاتەوە و ئەو پێشنیازەشی خستووەتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران.
عادل عەبدولمەھدی بە فەرمانی دیوانی ژمارە ٣٣١ کە لە ١٧ی ئەم مانگە واژووی لەسەرکردووە، تیایدا پەیکەربەندی رێکخراوەیی نوێی تایبەت بە دەستەی حەشدی شەعبی پەسەندکردووە، ھەروەھا سەرجەم ئەو پۆست و ناونیشانانەشی لابردووە کە دژە بە ناونیشانەکانی نێو پەیکەربەندییە نوێیەکە و ئەمەشی خستووەتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پەسەندکردنی.
لە فەرمانە دیوانییە نوێیەکەدا، پۆستی جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی کە ئەبو مەھدی موھەندس وەریگرتووە، نەھێشتووە و لەبەرامبەردا دەسەڵاتەکانی سەرۆکی دەستە، فالح فەیاز-ی تۆکمەتر کردووە.
بەپێی بەڵگەنامەکان پۆستی سەرۆک ئەرکانی حەشدی شەعبی و ئەمینداری دەستەکە دوو لەو پۆستانەن کە زیاددەکرێن.
فەرمانە دیوانییەکە چوار خاڵ لەخۆدەگرێت کە بریتیین لە "پەسەندکردنی پەیکەربەندیی تایبەت بە حەشدی شەعبی، نەھێشتنی سەرجەم ئەو ناونیشان و پۆستانەی کە لەگەڵ ناونیشانە ھاتووەکانی پەیکەربەندیی نوێدا دژن، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی دەسەڵاتی دامەزراندن بە وەکالەتی بۆ پۆست و بەڕێوەبەرەکانی دەستەکە دەبێت و دەخرێتە بەردەم سەرۆکوەزیران بۆ پەسەندکردنیان، ئەم فەرمانە لە رۆژی دەرچوونییەوە جێبەجێ دەکرێت".