هه‌ولێر - AA
ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ده‌ڵێت زانیارییه هه‌واڵگرییه‌كانی ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن كه چه‌كدارانی داعش هه‌وڵی خۆ رێكخستنه‌وه ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێوازی دیكه كاری تیرۆریستی ئه‌نجام بده‌ن.
ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه له حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، فه‌ریق جه‌بار یاوه‌ر له ههڤپهیڤینێكەیدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی ئانادۆڵو، باس لە داواكاریی نێوده‌وڵه‌تی بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حه‌شدی شه‌عبی و چارەنووسی سەرکردەی رێکخراوی تیرۆیستی داعش دەکات و ژمارەی ئەو پێشمەرگانەی لە شەڕی دژ بە شەهید و برینداران بوون، ئاشکرا دەکات و هەروەها باس لە كێشه سه‌ربازییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی ناوه‌ندی دەکات.
ئاژانسی ئانادۆڵو: حکوومەتی عێراق رایگه‌یاند داعش ئیتر له عێراق ته‌واو بوو، قۆناغی دوای داعش چۆن ده‌بێت؟ مه‌ترسیی دروستبوونی گرووپی دیكه‌ی هاوشێوه‌ی داعش له ئارادا هه‌یه؟ جه‌بار یاوه‌ر: "داعش به‌ته‌واوه‌تی ته‌واو نه‌بووه، به‌ڵێ راسته له عێراق به‌هۆی كۆتاییهێنانی شه‌ڕی داعش نمایشێكی سه‌ربازی كرا، به‌ڵام كۆتایی هێنانی داعش له‌ناو شار و شارۆچكه‌كاندا، هه‌روه‌ها كۆتایی داعش وه‌كو خه‌لافه‌تی ئیسلامی كه باره‌گای فه‌رمی له مووسڵ و ره‌ققه هه‌بووه، به‌پێی زانیارییه هه‌واڵگرییه‌كانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و هێزه ئه‌منییه‌كانی كوردستان و داموده‌زگا ئه‌منییه‌كان و هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان و هەروەها حكوومه‌تی فیدڕاڵی عێراقیش، تیرۆریستانی داعش هه‌وڵ ده‌ده‌ن خۆیان رێكبخه‌نه‌وه و جارێكی تر به شیوازی تر ده‌ست به‌كاری تیرۆریستی بكه‌نه‌وه، بێ گومان له‌سه‌ر شێوازی بچووك بچووك یان ته‌قینه‌وه و خۆ ته‌قاندنه‌وه، ده‌بێت ئێمه خۆمان ئاماده‌بكه‌ین بۆ ئه‌و هه‌لومه‌رجه و بۆ شه‌ڕی داعش ره‌نگه بۆ ماوه‌یه‌كیش بێت تا به‌ته‌واوه‌تی له‌ناو ببرێت، جگه له‌وه‌ش هێشتا بیروبۆچوونی داعش له‌ناو زۆر خه‌ڵكدا له‌هه‌ندێك ناوچه هه‌یه، چونكه داعش بۆ ماوه‌ی سێ ساڵ مابوویه‌وه له‌هه‌ندێك ناوچه و ئه‌وه‌ش رۆڵ و كاریگه‌ریی هه‌یه بۆ هه‌ڵگرتنی بیروباوه‌ڕی داعش له‌ناو ئه‌و خه‌ڵكدا، ده‌بێت له‌و رووهوهوهش ئێمه كارێكی زۆر بكه‌ین بۆ كۆتایی هێنان به بیروباوه‌ڕی تیرۆریستی داعش، بۆیه هێزه سه‌ربازییه‌كان له‌و رووه‌وه كارییان ماوه و ده‌بێت ئاماده‌سازیی بكه‌ن بۆ ئه‌و جۆره شه‌ڕانه.
ئاژانسی ئانادۆڵو: كه‌واته مه‌ترسی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی گرووپی له چه‌شنی داعش هه‌یه؟
جه‌بار یاوه‌ر: "ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانی ئه‌مرێكا به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ له‌م رۆژانه‌ی دوایی له لایه‌ن گوته‌بێژه‌كانی حكوومه‌تی ئه‌مریكاوه باس له‌وه ده‌كه‌ن كه داعش ته‌نها له شاره‌كان وه‌كو خه‌لافه‌ت كۆتایی هاتووه، به‌هه‌مان شێوه داموده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانی هه‌رێم و عێراق و هاوپهیمانانانیش جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه تیرۆریستانی داعش جارێكی تر به‌شێوازێكی تر ده‌ست به‌كاری تیرۆریستی ده‌كه‌نه‌وه، بۆیه هێشتا مه‌ترسییان له‌سه‌ر هه‌لومه‌رجی گشتی له عێراق ماوه، بێگومان هه‌لومه‌رجی سیاسی له‌و باره‌یه‌وه رۆڵ و كاریگه‌ریی ده‌بێت، واته ئه‌گه‌ر هه‌لومه‌رجی سیاسی به‌ره‌و سه‌قامگیری و هێمنی رۆیشت و هیچ كێشه نه‌ما، ئه‌وه بێ گومان كاریگه‌ریی باشی له‌سه‌ر نه‌مانی داعش ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌مان هه‌لومه‌رجی پێش دروستبوونی داعش دروست ببێته‌وه كه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئومێدی ئه‌وه ناكه‌ین، ئه‌وه جارێكی دیكه داعش به‌و شێوازه‌ی باسی ده‌كه‌ین، سه‌ر هه‌ڵده‌داته‌وه".
ئاژانسی ئانادۆڵو: زیاتر له هه‌موو به‌رپرسانی دیكه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه له هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێودەوڵەتی دژ به داعش نزیكی، ژماره‌ی چه‌كدارانی داعش له عێراق چه‌ند ده‌بن كه ماون، هه‌روه‌ها چاره‌نووسی ئه‌بو به‌كر به‌غدادی چییه؟
جه‌بار یاوه‌ر: "وه‌كو چاره‌نووس كه‌س نازانێت چاره‌نووسی ئه‌بو به‌كر به‌غدادی چییه، به‌ڵام هه‌موو جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه ئەو هێشتا زیندووه، به‌ڵام جار جار باس له شوێنی خۆ حه‌شاردانی ده‌كه‌ن وه‌كو گومان نه‌وه‌ك زانیاریی ورد، چونكه ئه‌گه‌ر زانیاریی وردیان هه‌بێت له‌ناوی ده‌به‌ن، هه‌روه‌ها به‌پێی پێشبینییه‌كانی هاوپه‌یمانان كه له هه‌فته‌كانی پێشتر بڵاوكرایه‌وه ژماره‌ی چه‌كدارانی داعش كه هێشتا له عێراق و سووریادا ماون وا خه‌مڵێندرا كه سێ هه‌زار چه‌كداری داعش ماون.
ئه‌بو به‌كر به‌غدادی زانیاریی وردم له‌سه‌ری نییه له عێراق بێت یان سووریا، ته‌نانه‌ت هاوپه‌یمانان خۆشییان هێشتا هیچ ههواڵێكیی له‌و شێوه‌یه‌یان له‌وباره‌یه‌وه بڵاونه‌كردووه‌ته‌وه، به‌غدادی شاره‌زاییه‌كی زۆری هه‌یه له خۆحه‌شاردان له‌ناوچه‌كانی عێراق و سووریا، بێ گومان له‌یه‌كێك له‌ناوچه‌كانی ئه‌م دوو وڵاته‌یه".
- "ده‌بوو عه‌بادی ناوی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و پاراستنی هه‌رێمی هێنابا و بانگهێشتی كردبان بۆ نمایشه سه‌ربازییه‌كه‌ی به‌غدا"
ئاژانسی ئانادۆڵو: چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، حه‌یده‌ر عه‌بادی له وتاری راگه‌یاندنی كۆتایی هاتنی داعش لە عێراق، ئاماژەی بە ناوی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی له‌پاڵ هێزه‌كانی دیكه‌ی عێراق نه‌كرد كه رۆڵییان له تێكشكاندنی داعش هه‌بووه، ئێوه‌ش گله‌ییتان هه‌بوو، عه‌بادی بۆ وایكرد؟
جه‌بار یاوه‌ر: "پێشمه‌رگه یه‌كێك بووه له‌و هێزه سه‌ره‌كییانه‌ی كه شه‌ڕی تیرۆریستانی داعشی كردووه، یه‌كه‌م شه‌ڕه گه‌وره‌كان كه داعش تێیدا شكاون له سنووره‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان بووه، ئێمه به‌درێژایی هه‌زار كیلۆمه‌تر له سنووری ئێرانه‌وه له‌ناوچه‌ی خانه‌قین تا سنووره‌كانی سووریا له ناوچه‌ی شنگال شه‌ڕی تیرۆریستانی داعشمان كردووه، نه‌وه‌ك به‌ته‌نها هێزه‌كانی پێشمه‌رگه، به‌ڵكو هێزه‌كانی پۆلیس، هێزه‌كانی ئاسایش، به‌رگری و فریاكه‌وتن، زێره‌ڤانی، دژه تیرۆر، هێزه‌كانی خۆبه‌خش، ته‌نانه‌ت خانه‌نشینان و كه‌م ئه‌ندامانی پێشمه‌رگه‌ش به‌شداریی ئه‌و شه‌ڕانه‌یان كردووه و لێشییان شه‌هید بوون، بۆیه به‌گشتی ئه‌و هێزانه رۆڵێكی گه‌وره‌یان هه‌بووه، هه‌روه‌ها به‌دانپێدانانی زۆرینه‌ی وڵاتانی گه‌وره له ئه‌مریكاوه تا روسیا و وڵاتانی ئه‌ورووپا تا وڵاتانی عه‌ره‌بی به‌گشتی دانییان به رۆڵی هێزی پێشمه‌رگه ناوه و به‌هه‌زاره‌ها به‌ڵگه‌ی زیندوو هه‌یه و دێكیۆمێنت كراوه و فلمێكی تایبه‌ت له‌وباره‌یه‌وه له لایه‌ن ده‌رهێنه‌رێكی گه‌وره‌ی فه‌ڕه‌نسی تۆماركراوه.
هه‌روه‌ها ئێمه له‌سه‌ره‌تای شه‌ڕی داعشه‌وه تاوه‌كو ئێستا نزیكه‌ی هه‌زار 867 شه‌هیدمان له‌و شه‌ڕه داوه، له‌گه‌ڵ 10 هه‌زار و 540 بریندار، هی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و هێزه‌كانی دیكه‌ی پاراستنی هه‌رێم، به‌ڵام زۆرینه‌ی شه‌هیده‌كان له هێزەکانی پێشمهرگەن، هێزه‌كانی دیكه‌ش شه‌هیدییان داوه، له‌به‌ر ئه‌وه عه‌بادی ناتوانێت رۆڵی پێشمه‌رگه و هێزه‌كانی پاراستنی هه‌رێم به‌دوور بگرێت له‌و شه‌ڕه‌ی داعش، به‌تایبه‌ت خۆشی ده‌زانێت له مووسڵ ئه‌گه‌ر پشتیوانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه نه‌بایه نه‌ده‌توانرا رزگار بكرێت، خۆی ده‌بوایه ئه‌سڵه‌ن نه‌وه‌ك به‌ته‌نها له وتاره‌كه‌یدا ناوی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه بهێنێت، به‌ڵكو ده‌بوو ناوی هێزه‌كانی پۆلیس، ئاسایش، به‌رگری و فریاكه‌وتن، زێره‌ڤانی، دژه تیرۆر، هێزه‌كانی خۆبه‌خش، ته‌نانه‌ت خانه‌نشینان و كه‌م ئه‌ندامانیش بهێنێت چۆن ناوی هێزه‌كانی فیدڕاڵی یه‌ك به یه‌ك هێنا، ده‌بایه ئه‌وه‌شی بكردایه، به‌ڵكو ده‌بایه پێشتر هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و هێزه‌كانی پاراستنی هه‌رێم بانگهێشتی ئه‌و نمایشه بكرێن و به یه‌كه‌ی تایبه‌ت به‌شداریی بكه‌ن ئه‌وه بۆ خودی عه‌بادی و خودی ده‌وڵه‌تی عێراقی فیدڕاڵ باشتر بوو، بۆ سومعه‌ی عه‌بادی و شه‌عبییه‌تی باشتر بوو، دیاره ئه‌وه‌ی كرا هه‌ڵه‌یه‌كی راسته‌وخۆ بۆ خۆی عه‌بادی ده‌گه‌ڕێته‌وه، چونكه خۆی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراقه، دیار بوو نمایشه‌كه پهلهپهلهییهكی پێوه‌دیاربوو، ده‌یانویست به په‌له بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی كه له‌رووی سیاسییه‌وه بۆ ئه‌وه‌یه عه‌بادی شهعبییهتێكی بۆ دروست بێت، چونكه به‌ره‌و هه‌ڵبژاردن ده‌چیین، به‌یاننامه‌كانیش روون بوون، به‌یاننامه‌ی فراكسیۆنه كوردستانییه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق له‌دژی ئه‌و بابه‌ته، به‌یاننامه‌ی پێشمه‌رگه و حكوومه‌تی هه‌رێم و وه‌زاره‌تی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراون هه‌موویان دژی بوون، پاشان عه‌بادی ناچار بوو له لاپه‌ڕه‌ی خۆی له فه‌یسبوك ناوی پێشمه‌رگه دابنێته‌وه، به‌ڵام ئه‌مه چاره‌سه‌ری ناكات، دیاره هه‌ڵه‌كه كرابوو و ئه‌و دانانه دادی هه‌ڵه‌ی نه‌كرد".
ئاژانسی ئانادۆڵو: به‌درێژایی شه‌ری داعش خه‌رجییه مادییه‌كان چه‌ند له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان كه‌وت؟
جه‌بار یاوه‌ر: "هه‌موو شه‌ڕێك، یان هه‌موو هه‌لومه‌رجێكی ناله‌بار له‌سه‌ر هه‌ر ناوچه‌یه‌ك بسه‌پێت بێگومان خه‌رجی زیاتری ده‌وێت، هه‌روه‌ها ئێمه ماوه‌ی سێ ساڵه شه‌ڕمان كردووه، دیاره خه‌رجی شه‌ڕیش زیاتر هێز ده‌جوڵێنێت، خه‌رجی بریندار و شه‌هید ده‌كه‌یت، سه‌نگه‌رسازی، خه‌رجی پێویستی شه‌ڕگه‌كان، خواردن، سووته‌مه‌نی، ئه‌مانه هه‌مووی خه‌رجییان ده‌وێت، به‌ڵێ دیاره حكوومه‌تی هه‌رێم خهرجییەكی زۆر زیاتری كردووه بۆ شه‌ڕ جگه له خه‌رجییه ئاساییه‌كانی وه‌كو مووچه و پێویستییه‌كانی دیكه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و پێشمه‌رگه.
ئێستا لێژنه‌یه‌ك دانراوه بۆ ئاماركردنی ئه‌و خه‌رجییانه له ناوه‌ڕاستی ساڵی 2014 تا نزیكه‌ی مانگی 10ی ئه‌مساڵ ده‌ستبه‌كاربووه بۆ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه، ئه‌و ئاماره‌ش بۆ ئه‌وه‌یه ئامارێكمان وه‌كو حكوومه‌ت له‌لا هه‌بێت كه چه‌ندمان له‌و شه‌ڕه‌دا خه‌رج كردووه و قورسایی خه‌رجییه‌كه چه‌نده".
ئاژانسی ئانادۆڵو: باس له‌وه ده‌كرێت له چه‌ند كاتژمێری داهاتوو به‌ڕێز ئایه‌توڵا عه‌لی سیستانی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حه‌شدی شه‌عبی رابگه‌یه‌نێت، پێشبینی ئه‌مه ده‌كه‌یت كه حه‌شدی شه‌عبی هه‌ڵبوه‌شێته‌وه؟، ئایا پێویستیی مانه‌وه‌یان ماوه؟
جه‌بار یاوه‌ر: "دیاره ئه‌وه‌ی بیستمان ئه‌وه‌یه ته‌نها موقته‌دا سه‌در بڕیاری داوه هێزه‌كانی سه‌رایا سه‌لام هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه، داواشی له حكوومه‌تی عێراق كردووه مووچه بۆ هه‌ندێكیان ببڕێته‌وه، یان به‌شێكیان بخاته نێو سوپای عێراقه‌وه، هه‌روه‌ها به‌هه‌مان شێواز سه‌در داوای كردووه هه‌موو هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی هه‌ڵبوه‌شێته‌وه و ببێته به‌شێك له سوپای عێراق.
من خۆم شه‌خسی نه‌مزانیوه سیستانی فه‌توایه‌كی وا ده‌ربكات كه حه‌شدی شه‌عبی هه‌ڵبوه‌شێته‌وه، به‌ڵام ده‌توانێت ئه‌وه بكات، چونكه پێشتر خۆی فه‌توای ده‌ركرد، پێشتر ئه‌و كاته‌ی تیرۆیستانی نزیكی ناوچه‌كانی نزیك له رۆژئاوای به‌غدا بوونه‌وه و مه‌ترسی له‌سه‌ر حوكمڕانی له‌وێ دروست بوو، ئیتر فه‌توای دا و حه‌شدی شه‌عبی دروست بوو، ئێستاش ده‌توانێت كۆتایی به ئه‌ركه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی بهێنێت، به‌ڵام حه‌شدی شه‌عبی یاسایه‌كیشی له په‌رله‌مانی عێراق هه‌یه، بێ گومان ئه‌گه‌ر فه‌تواش ده‌رچوو ده‌بێت ئه‌و یاسایه‌ش بگۆڕدرێت یان شێوازێك له رێكخستنه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه له‌گه‌ڵ سوپای عێراق دروست ببێت، به بۆچوونی من هێشتا ده‌وڵه‌تی عێراق وا ده‌زانێت پێویستییان به حه‌شدی شه‌عبی هه‌یه، به‌تایبه‌ت زۆرێك له هێزه‌كانییان له سنووره‌كانی سووریا‌ن و ئه‌وێی پێ ده‌پارێزن، باوه‌ڕناكه‌م وا به‌شێوه‌یه‌كی خێرا بڕیار بده‌ن بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حه‌شدی شه‌عبی".
ئاژانسی ئانادۆڵو: داواكاریی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حه‌شدی شه‌عبی؟
جه‌بار یاوه‌ر: "به‌ڵێ بێ گومان، وڵاتێكی زۆر هه‌یه داوا ده‌كه‌ن، دواینیان سه‌رۆكۆماری فه‌ڕه‌نسا داوای كرد ئه‌وانه‌ی كه ئه‌و به میلیشیا ناوی بردن هه‌ڵبوه‌شێنه‌وه و بخرێنه سه‌ر سوپای عێراق، نه‌مبیستووه ئه‌مریكا ئه‌م داواكارییه‌ی هه‌بووبێت".
- "هێشتا كێشه سه‌ربازییه‌كانمان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی ناوه‌ند چاره‌سه‌ر نه‌كراوه"
ئاژانسی ئانادۆڵو: كێشه سه‌ربازییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی ناوه‌ندی بەکوێ گەیشت؟ چاره‌سه‌رتان بۆ نه‌دۆزییه‌وه؟
جه‌بار یاوه‌ر: "نا هیچ چاره‌سه‌رێك تا ئێستا نه‌دۆزراوه‌ته‌وه، ئێمه تا ئێستا له‌وباره‌یه‌وه سێ كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ شاندی وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراقدا كردووه، دوایینان له سێی مانگی یانزه بوو، هه‌ردوولامان حه‌وت خاڵی كارنامه‌مان هه‌بوون، هه‌ندێك لهخاڵهكان له‌ناوه‌ڕۆك له‌یه‌كتر نزیك بوون، هه‌ندێكشیان جیاواز بوون، له‌به‌ر ئه‌وه هه‌ر یه‌كه‌مان كه گه‌ڕاینه‌وه بۆ مه‌رجه‌عی بڕیاردانی خۆمان دواتر كۆبوونه‌وه‌ی تر نه‌كرا، واته هه‌لومه‌رجه‌كه وه‌كو خۆی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان ماوه‌ته‌وه، بێ گومان له‌سه‌ر داوای حكوومه‌تی فیدڕاڵیی عێراق خۆی بوو، چونكه ئه‌وه كێشه ئاسان بوو، كێشه نه‌بوو ده‌توانرا چاره‌سه‌ر بكرێت.
ئێمه له ساڵه‌كانی 2010 تا 2014 كۆمه‌ڵێك لێژنه‌ی باڵامان هه‌بوو، هێزی هاوبه‌شمان هه‌بوو، ناوه‌ندی هه‌ماهه‌نگییمان هه‌بوو، خاڵی پشكنینی هاوبه‌ش، هێزی هاوبه‌شمان له‌ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم هه‌بوو له‌خانه‌قینه‌وه تا مووسڵ و ناوچه‌كه‌مان به‌بێ هیچ كێشه و رووداوێك پاراستبوو، ده‌مانتوانی بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ئه‌و پڕۆسه و میكانیزمه‌ی جاران، نه پێكدادان له‌نێوان هێزه‌كانی عێراق و هه‌رێم رووبدات و نه خوێن بڕژێت و نه ببێته كێشه، دیار بوو لهمهرجدا حكوومه‌تی فیدڕاڵ په‌له‌ی كرد، زۆر جار ماوه‌ی دوو رۆژ یان 24 كاتژمێری بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی هێزه‌كانی فیدڕاڵی له‌ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم داده‌نا و ئه‌مه‌ش بووه هۆكارێك بۆ ئه‌وه‌ی له‌هه‌ندێك شوێن پێكدادان هه‌بێت و به‌داخه‌وه شه‌هید و برینداریشی لێ بكه‌وێته‌وه".
ئاژانسی ئانادۆڵو: بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه سه‌ربازییانه چاوه‌ڕوانی وتوێژی سیاسیی نێوان هه‌رێم و ناوه‌ندن؟
جه‌بار یاوه‌ر: "ئه‌وه‌ی روویدا به‌نده به كێشه‌ی سیاسیی نێوان حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی فیدڕاڵ به‌تایبه‌ت له‌باره‌ی كێشه‌ی نه‌وت و غاز و به‌رهه‌مهێنانی و فرۆشتنی، له‌باره‌ی داهاتی گشتی وڵاته و چۆنیەتی دابه‌شكردنی و رێژه‌ی به‌شی هه‌رێمی كوردستان له‌و داهاته، له‌باره‌ی بوودجه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و به‌یاسایی ناساندنییان و رۆڵی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌یه، له‌باره‌ی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم و چۆنیەتی ئیداره‌دانی سه‌ربازی و مه‌ده‌نیی ئه‌و ناوچانهیە، له‌باره‌ی زۆر مادده‌ی ده‌ستووری هه‌یه كه كێشه‌مان له‌گه‌ڵ حكوومتی فیدڕاڵ هه‌یه، چونكه دوو ته‌فسیری جیاواز له‌نێوان ئێمه و حكوومه‌تی فیدڕاڵ هه‌یه، بۆیه ده‌بێت ئه‌م كێشانه به‌یه‌ك پاكێجی گشتی چاره‌سه‌ر بكرێن، ئه‌گه‌ر ئه‌وانه چاره‌سه‌ر بكرێن بێگومان مه‌سه‌له‌ی سه‌ربازییش له چوارچێوه‌ی ئه‌و دانیشتانه‌دا ئاسانه و چاره‌سه‌ر ده‌كرێن".
news_share_descriptionsubscription_contact

