Muhammed Bilal Kenasari,Muhammet Ali Kemal
13 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 14 کانوونی یەکەم 2017
واشنتۆن - AA
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رێکس تیلەرسن ئاشکرای کرد ئامادەی کۆبوونەوەی ''بێ پێشمەرج''ن لەگەڵ کۆریای باکوور.
رێکس تیلەرسن لە میانی گوتارێکدا لە ئەتڵانتیک کاونسڵ کە ناوەندەکەی لە واشنتۆنی پایتەختە، هەڵسەنگاندنی بۆ سیاسەتی دەرەوەی ساڵی ٢٠١٧ی وڵاتەکەی کرد.
سەبارەت بە کۆریای باکوور تیلەرسن گوتی: ''لە رووی دیپلۆماسییەوە پێشتریش ئاماژەمان پێداوە: کۆریای باکوور کەی ویستی گفتوگۆ بکات، ئێمە ئامادەین. ئامادەین یەکەم کۆبوونەوە بێ بوونی هیچ پێشمەرجێک ئەنجامبدەین''.
رێکس تیلەرسن جەختی لەوەکردەوە ئەمریکا ئامادەی کۆبوونەوەیە و چاوەڕێکردنی ئەوەی کۆریای باکوور دەستبەرداری چەکەکانی بێت ''زۆر سوودمەند نابێت''.
راشیگەیاند ''ئەوەی کە پێی بڵێیت تەنها ئەو پرۆگرامەی لە ئێستادا بەدەستەوەیە وازی لێبهێنە، ئێمە ئامادەی گفتوگۆین لەگەڵتدا زۆر واقعبینانە نییە'' و تیشکی خستە سەر ئەوەش ئەگەر هات و هەوڵە دیپلۆماسییەکان کۆتاییان هات، ئەوا بژاردەی رۆڵێکی سەربازیی دەگیرێتە بەر.
جیاوازیی بیروڕای هەریەک لە سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ و رێکس تیلەرسن لەبارەی کۆریای باکوورەوە، پێشتر لە میدیاکاندا باسکرابوو. لەکاتێکدا ترەمپ گوتارێکی توندتر بەرامبەر بە کۆریای باکوور بەکاردەهێنێت، تیلەرسن جەخت لە گرنگیی دیپلۆماسییەت دەکاتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە سەردانەکەیدا بۆ کیشوەری ئاسیا لەگەڵ هاوپەیمانانی وڵاتەکەی لەدژی کۆریای باکوور کۆبوویەوە و لای خۆیشییەوە دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوەکردبوو کە ئەو هەوڵانە ''مایەپووچن''.