Hemn Baban
07 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 08 کانوونی دووەم 2017
رۆستایی دەڵێت حەشدی شەعبی لەساڵی ٢٠١٧ بڕی ملیارێک و ٢٠٠ ملیۆن دینارییان بۆ دانراوە، بەشێک لەم چەکدارانە ناویان لە ھیچ دامەزراوەیەکی سەربە حەشدەکە نییە.
ئەندامی لێژنەیی یاسایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، زانا رۆستایی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵۆ رایدەگەیەنێت پەسەندکردنی یاسای حەشدی شەعبی بۆ بەیاساییکردنی ئەم ھێزەیە، لەوبارەیەوە رایگەیاند: "بێگومان یاسای حەشدی شەعبی یاسایەکی باش نەبوو، ئێمە وەکو فراکسیۆنی کۆمەڵیش بەشدارییمان لەدەنگدان لەسەری نەکرد، بەڵام یاساکە پەسەند کرا و لە وەقائیعی عێراقیش بڵاوکراوەتەوە، بەڵام ئەگەر یاساکە ببێتە ھۆی ئەوەی حاڵەتی نایاسایی ھێزە چەکدارەکان کۆتایی پێ بێت و میلیشیاکان بێنە ژێر باری یاسا و چەک لەدەرەوەی حکوومەت بەدەستی کەسەوە نەمێنێت ئەوا شتێکی باشە، بەڵام بەشێک لەو گرووپە چەکدارانە رایانگەیاندووە ئەوان ناچنە ژێر باری یاسای حەشدی شەعبی، کەواتە یاساکە کێشەکەی چارەسەر نەکرد".
گوتیشی: "ھەروەھا یاساکە زیاتر بۆ سوود بەخشینە بە ھەندێک لە بازرگانانی جەنگ، نەک بۆ قوربانییانان لە جەنگاوەران، ئەگەر یاساکە بۆ قەرەبووکردنەوەی شەھیدەکانییان یان چارەسەرکردنی بریندارەکانییان با باش بوو، بەڵام بۆ ئەوەیە ئەمانە لەداھاتوودا کۆمەڵێک دەستکەوتی ماددی بەدەست بھێنن، ھەروەھا کۆمەڵێک پلە و پۆست و پایەی وەکو عەمید و عەقید و پلەی دیکە بەسەر جەنگاوەرانی حەشدی شەعبی دابەش بکرێت بێ ئەوەی ھیچ شارەزایی و لێھاتوویەکی زانستی سەربازیی ئەوتۆیان ھەبێت وەکو ئەوەی ھەندێک جار لە ھەرێمی کوردستان کراوە".
رۆستایی پێشی وایە لە جێبەجێکردندا ئەم یاسایە رووبەرووی ئاستەنگ دەبێتەوە، ئەو بۆ ئانادۆڵو روونی دەکاتەوە: "پێموابێت یاساکە لە جێبەجێکردنییدا کێشە دروست دەکات، ئەگەر یاساکە یاسایەکی نیشتیمانییە و بۆ ھەموو عێراقە دەبێت بۆ ھەموو پێکھاتەکان بێت نەک بۆ تایفەیەک بەتەنھا، بەڵام حەشدی شەعبی ئێستا واقیعێکی جودایە، ئەمەی کە ھەیە دەیانەوێت شەرعییەت وەربگرێت و قاڵبێکی یاسایی ھەبێت بۆ ئەوەی کەس لە داھاتوودا نەتوانێت لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکات".
سەبارەت بە ژمارەی چەکدارانی حەشدی شەعبی ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیی لێژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت: "ژمارەی راستەقینەیان دیار نییە، ئەوان باسی ١٥٠ ھەزار چەکدار دەکەن کە بۆ ھەر یەکێکیان ٥٠٠ ھەزار دینار خەرج دەکرێت، بەڵام بەپێی زانیاریی ئێمە نیوەی ئەو کەسانە راستەقینە نیین و بەشێک لە سەرکردەکانییان پارە و مووچەیان پێ وەردەگرن و چەکداری راستەقینە نیین و ناویان لە ھیچ دامەزراوەیەکی حەشدەکەدا نییە، بۆیە بارێکی گران دەخاتە سەر بوودجەی عێراق کە لە ساڵی ٢٠١٧دا زیاتر لە ملیارێک و ٢٠٠ ملیۆن دیناری عێراقییان بۆ تەرخانکراوە".
سەبارەت بە بەردەوامبوونی ژمارەیەک لەو گرووپە چەکدارانەی لەنێو حەشدی شەعبیدان لە ناردنی چەکدار بۆ سووریا وەک پاڵپشتی بۆ رژێمی ئەسەد، زانا رۆستایی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایدەگەیەنێت: "لەرووی یاساییەوە ناردنی چەکدار بۆ وڵاتێکی دیکە بە پاڵپشتی مەزھەبی پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتییە، ناردنی کەسانێک بۆ وڵاتێکی دیکە تا شەڕ بکەن لەبەر ھەندێک ھۆکاری مەزھەبی ئەمە لەیاسا نێودەوڵەتییەکان رێگە پێ نەدراوە، بەڵام ئەمانە راستەوخۆ حکوومەت نایانێرێت و لەرێگەی حکوومەتەوە ناچن، بەڵام خۆ لەرێگەی فڕۆکەخانە یان رێگەی وشکانییەوە دەچن کە حکوومەت لێی ئاگادارە، بەڵام بێدەنگیی لێ دەکات و ناردنی ئەو چەکدارانەش لەسەر داوای حکوومەتی بەرامبەرە کە ھاوپەیمانی حکوومەتی عێراقە".
گوتیشی: "بەشێک لەم چەکدارانە دەچن بۆ سووریا و لەوێ دەکوژرێن و قەرەبووەکە دەبێت ئێمە بیدەینەوە، حەیدەر عەبادی دەسەڵاتی بەسەر ھەموو گرووپە چەکدارەکانی نێو حەشدی شەعبی نییە و ئەگەر ھەیبێت ھەموو کردەوە نایاساییەکانی ئەم گرووپانە دەیکەن لەسەر ئەو حساب دەبێت، بەرەسمی ئەوە ئەزموونی وڵاتێکی دیکەیە ھێزێک ھاوشانی سوپای عێراق دروست دەکرێت بە چەک و تەقەمەنی باشتر و زیاتر و عەقیدەیەکی جیاوازییان ھەیە جگە لە عەقیدەی نیشتمانی، عەقیدەی ئەمان عەقیدەیەکی تایفی و مەزھەبییە کە لە داھاتوودا بۆ پێکھاتەکانی دیکە زەرەری دەبێت".