ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامی عەبدوڵڵا وەرتی بۆ ئانادۆڵو دەڵێت: "ئێمە تا یەکگرتنەوە دەچین".
لە پەرتەوازییەوە بۆ یەکخستنەوە
دوایین رۆژی ساڵی ٢٠١٦ بۆ رەوتی ئیسلامی لە ھەرێمی کوردستان کە چاوی لە قۆناغی یەکخستنەوە و دواتریش یەکگرتنەوەی باڵ و لق و پۆپەکانییەتی، ئەوێ رۆژێ پاش پەرتەوازەبوونی ساڵانێکی زۆر پێ ھەڵگرتن بوو بەرەو دۆخ و دەورانێکی دیکە.
ئەوێ رۆژێ دوای دابڕانێکی زۆر سەرکردەی سێ حزبە ئیسلامییەکەی کوردستان لە شاری سلێمانی بۆ شەن و کەوکردنی پڕۆژەیەک کە ناوییان لێ ناوە" یەکخستنی ناوماڵی ئیسلامییەکانی کوردستان" کۆبوونەوە و دواتریش راگەیەنراوێکیان بڵاوکردەوە تێیدا ھاتووە" لە کۆبوونەوەکەدا بەتێر و تەسەلی باس لە یەکڕیزی ناوماڵی ئیسلامییەکانی کوردستان و دانانی میکانیزمی کرداریی بۆ کاری ھاوبەشی نێوانییان تاوتوێکرا، بڕیاردرا دەستەیەکی باڵای کاری ھاوبەش پێکبھێنرێت بۆ دانانی رێوشوێنی پێویست بۆ بەئەنجام گەیاندنی پڕۆژەی یەکخستن و یەکگرتنی ئیسلامییەکان بەشێوەیەکی قۆناغ بەندیی".
ئامانج لە پڕۆژەکە کە بە"نیشتمانی"ناوھێنراوە وەکو لەو راگەیەنراوەکەدا ھاتووە بریتییە لە تۆکمەکردن و بەھێزکردنی تەوژمی ئیسلامی کوردستان، پاراستنی کۆمەڵگەی کوردستانی لە دیاردە دزێوە کۆمەڵایەتییەکان و لە توندڕەوی و تیرۆر، گەشەدان بە رەوتی ھاوسەنگ و میانڕەو.
پڕۆژەی یەکخستنی ئیسلامییەکان کۆنی نوێیە و لێرە و لەوێ بەدرێژایی ساڵانی پاش راپەڕینی خەڵکی کوردستان لە ساڵی ١٩٩١ەوە باسی لێوەکراوە، لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوو و دواتر لەساڵی ٢٠١٠ و ساڵانی پێشتر و دواتریش ئەم باسە ناو بەناو گەرم کراوەتەوە، بەڵام پێدەچێت ئێستا پتر لە ھەموو کاتێک ئیسلامییەکان مکوڕتر بن لەسەر ئەو یەکریزییە، جیاوازیی ئەمجارەشیان پڕۆژە ئامادەگیی ھەیە و تەنھا قسە فڕێ دان نییە.
لە ٢٧ی رەمەزانی ساڵی ٢٠١٦ ئەمینداری ئێستای یەکگرتووی ئیسلامی سەڵاحەدین بەھائەدین زۆرێک لە ئیسلامییەکان و کەسایەتییە دیارەکانییانی لە ئێوارەخوانێکدا کۆکردەوە و باسی لە ئەگەری یەکخستنەوە و یەکگرتنەوەی ئیسلامییەکانی کوردستانیشی بۆ کردن.
پڕۆژەکەی ئەمجارە یەکخستنەوەی ئیسلامییەکان کە بەھائەدین بە پارێزگار و چاودێری تەماشا دەکرێت لەکاتێکدایە ئیسلامییەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست سەرنەکەوتن لە پێشکەشکردنی نموونەیەکی سەرکەوتووی حوکمڕانی دوای گەیشتنییان پێی، لە ھەریەک لە میسر و تونس شکستییان خوارد، لە سوریاش ئەوەی لێ کەوتووەتەوە کە ھەیە و بەھاری عەرەبییان بەشێوەیەک لە شێوەکان شێواند، ھەروەھا لە عێراقیش لە دوای ٢٠٠٣ەوە نموونەیەکی ناشرینییان پێشکەش کرد وەکو چەندین شوێنی دیکەی دەوروبەریان، ھەروەھا قاعیدە و داعشیش زۆر شتییان لەبارەی ئیسلامییەکان و حزبەکانییانەوە گۆڕی و ئەمەش وای پێویست کردووە ئەمان بەدوای شێوازی دیکەی سیاسەتکردن و تێکەڵکردنەوەی ئاین و سیاسەت بگەڕێن و لە شێوازە کلاسکییەکەی ئەم دوو چەمکە دوور بکەنەوە و پتر لەگەڵ دیفاکتۆ بچن و دەستبەرداری سیاسەتکردن بە چەمکی دۆزەخ و ئاگر و بەھەشت و حۆرییەکانی ببن.
رێکخەری گشتی بزاڤی چاکسازی و گەشە محەمەد بازیانی کە یەکێکن لەو لایەنانەیە کە قسەیان لەگەڵ کراوە لەچوارچێوەی پڕۆژەی یەکخستنی ناوماڵی ئیسلامییەکان لەبارەی پڕۆژەکەوە دەڵێت نوێ نییە، پێشتر لە نەوەدەکاندا چەند جارێک باسی لێوەکراوە، ئەو دەشڵێت: "جیددیەتێکی باش دەبینین بۆ ئەوەی ئەم نزیک بوونەوەیە رووبدات، بەتایبەت ئیسلامییەکان لەو باوەڕەدان کە ھێزی ئەوان لەم یەکخستنەوەدایە، بۆ ئەو مەبەستەش ھەر لایەنێکی ئیسلامی پڕۆژەی خۆی پێشکەش کردووە، ئێمە پڕۆژەیەکمان پێشکەش کردووە بۆ ئەکتیڤکردنی ئەو پڕۆژەیە و لایەنی تریش پڕۆژەیان دەبێت".
دەشڵێت: "ئێمە پێشنیازمان کردووە لە کۆنفڕانسێکدا پڕۆژەیەک لە ھەموو پڕۆژەکان گەڵاڵە بکەین دواتریش کاری لەسەر بکەین لەرێگەی ئەنجوومەنێکی باڵاوە".
بازیانی لەدرێژەی قسەکانیدا رەتی دەکاتەوە ئەم پڕۆژەیە تەنھا بۆ یەکسختنی سێ لایەنە ئیسلامییەکە بێت، ئەو دەشڵێت: "مەبەست لەم پڕۆەژەیە کۆمەڵێک شت لەخۆ دەگرێت، ئێمەی ئیسلامییەکان دەبێت پێگەیەکمان ھەبێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی کوردستان بۆ ئەوەی وەکو پەراوێز تەماشا نەکرێین، ئەگەر یەکبخرێنەوە ئەوا کەمتر لە ٢٥ کورسی لە ھەڵبژاردن بەدەست ناھێنێت، ئەم پەرتەوازییەی ئێستا سەر لێشێواوییەک دەخاتە نێو ئیسلامییەکانیش، ئەو ئەنجوومەنەی ئێمە باسمان کردووە ھەڵوێست و وتار یەکدەخاتەوە و وەکو حزبی ئیسلامی کار ناکەن، بەڵام وەکو رەوتێک کار دەکەن".
دەشڵێت کێشە و رێگری ھەیە لەبەردەم پڕۆژەکەدا و سەبر و لێبوردەییشی دەوێت، ھەروەھا گوتیشی: "بەدووری نازانم ئەم پڕۆەژە دژیشی ھەبێت، ھەروەھا دەزگا ھەواڵگرییەکانیش کار بۆ ئەوە بکرێت سەرنەگرێت".
- ئیسلامییەکانی کوردستان لە پەرتەوازییەوە بۆ یەکخستنەوە
حزبی ئیسلامی لە ھەرێمی کوردستاندا مێژووییەکی زۆر دوور و درێژی نییە، بزووتنەوەی ئیسلامی کە بە دایکی حزبە ئیسلامییەکان دادەنرێت لە ساڵی ١٩٨٧ لەسەردەستی کۆمەڵێک پیاوی ئاینی دیارترینیان عوسمان عەبدولعەزیز و عەلی عەبدولعەزیز دامەزرا، بزووتنەوە کە لە کۆماری ئیسلامی ئێران دامەزرا ئامانجی سەرەکیی بەرنگاربوونەوەی رژێمی بەعسی حوکمڕان بوو لە عێراق، ئەم حزبە بەشداریی خەباتی چەکداریی بزاڤی رزگاریخوازی کوردی لە باشوور کردووە و ھەر لە دامەزراندییەوە حزبێکی چەکدار بوو.
بزووتنەوەی ئیسلامی کە بۆ ماوەیەک ناوچەکانی پارێزگای ھەڵەبجە و ھەورامان جێ نفوز و پێگەی دەسەڵاتی ھەبوو، ھەڵگری بۆچوونی جیھادی بوو، ناکۆکییە ناوخۆییەکانیشی وای لێکردووە چەندین لق و پۆپی لێ ببێتەوە و لە رێگەدا ھەزاران کەسی لێ ھەڵوەرێت کە بەشێک لە توندڕەوەکانی ئەم رەوتە پاش دابڕانییان لێی جوندولئیسلام و ئەنسارولئیسلام و ھێزی سۆرانییان لە منداڵ دانییەوە پێکھێنا کە ئەمانە دواتر بە گرووپی تیرۆریستی ناسێنران.
لەساڵی ١٩٩٢ ژمارەیەک ئەندام لە بزووتنەوەی ئیسلامی جیابوونەوە و کۆمەڵەی رابوونیان دامەزراند، لە ساڵی ١٩٩٩ پاش کۆچی دوایی عوسمان عەبدولعەزیز لەژێر ناوی بزووتنەوەی یەکبوون یەکیان گرتەوە، دواتر لە ساڵی ٢٠٠١ کۆمەڵی ئیسلامیی بە سەرۆکایەتی عەلی باپیر لێ جیابوویەوە.
بزووتنەوەی ئیسلامی کە ئێستا لەلایەن عیرفان عەبدولعەزیزەوە رابەرایەتی دەکرێت و خاوەنی یەک کورسیە لە پەرلەمانی کوردستان، بەھۆی بوونی ھێزی چەکدارییەوە بەشداریی شەڕی ناوخۆی لە کوردستاندا کردووە و لەساڵی ١٩٩٥ لە پاڵ پارتی دیموکراتی کوردستان شەڕی یەکێتی کرد.
یەکگرتووی ئیسلامی کە لە قوتابخانەی "ئیخوان المسلمین"ـە لەساڵی ١٩٩٤ خۆی راگەیاند، ھەر لەسەرەتاوە باوەڕی بە جیھاد و گۆڕینی لەرێگەی چەکەوە نەبووە، بۆ ئەمەش بەردەوام دروشمی "چاکسازی" ھەڵگرتبووە، باڵی سەربازیی نەبووە، دیدێکی میانڕەوتری بۆ شەریعەت و حوکمڕانی ھەیە، سیاسەتی نەرم و تا رادەیەکیش ھاوسەنگی ھەبووە، ھاوکارییەکانی وڵاتان و خێرخوازانی کەنداو لە نەوەدەکاندا و لەسەردەمی ئابڵووقەی ئابووری سەر عێراق و ھەرێمی کوردستان لەرێگەی رێکخراوی ئیغاسەی ئیسلامی وای لێکرد زوو جەماوەرێکی زۆر لەدەوری خۆی کۆبکاتەوە بکاتەوە و ببێـتە چوارەمین حزب لەسەر ئاستی کوردستان و یەکەمی ئیسلامییەکان.
یەکگرتووی ئیسلامی کە لەلایەن سەڵاحەدین بەھائەدینەوە سەرۆکایەتی دەکرێت و ئێستا خاوەنی ١٠ کورسییە لە پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان کە ١٠ لەسەدی کورسییەکان دەکات، بە سێ وەزیریش بەشداریی لە حکوومەتی ھەرێمی کردووە.
کۆمەڵی ئیسلامی، لەساڵی ٢٠٠١ لە بزووتنەوەی ئیسلامی جیابوویەوە، عەلی باپیر ئەمیری ئەم حزبە ئیسلامییەیە کە ھاوشێوەی بزووتنەوەی ئیسلامی باوەڕی بەخەباتی چەکداری ھەبووە و باڵی سەربازیشی لەگەڵ بووە، بەڵام رووداوەکانی ٢٠٠٣ و گۆڕانکارییەکان وردە وردە قەناعەتی ئەم حزبەی گۆڕی و دەستبەرداری چەک بوو.
کۆمەڵی ئیسلامی خاوەنی شەش کورسیی پەرلەمانییە لە پەرلەمانی کوردستان و لە عێراقیش دوو پەرلەمانتاری ھەیە و بە دوو وەزیری بەشداریی کابینەی ھەشتەمی حکوومەتی ھەرێمی کردووە.
یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کە بە خاوەن و پێشڕەوی پڕۆژەی یەکخستنەوەی ئیسلامییەکان ناوی دەھێنرێت و بەدیاریکراویش ئەم ھەوڵانە لەلایەن ئەمیندارەکەیەوە سەڵاحەدین بەھائەدین دەدرێت پڕۆژەیەکی سەرەتایی داوەتە لایەنە ئیسلامییەکان بەناوی"پڕۆژەی رێکخستنەوەی ناوماڵی ئیسلامییەکان..ستراتیژ و سەرنجەکان"، ئەم پڕۆژەیە لە دوو توێی ھەشت پەڕەدا پێکدێت، لەسەرەتاکەیدا ھاتووە نابێت پڕۆژەکە بەتەنھا لە ناو حزبە ئیسلامییەکاندا قەتیس بکرێت. پڕۆژەکە لەپاڵ لایەنە ئیسلامییەکان کەسایەتییە ئیسلامییەکان، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، چالاکوانانی خاوەن مەرجەعییەتی ئیسلامیش دەگرێتەوە.
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامی، عەبدوڵڵا وەرتێ لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە یەکخستنەوەی ئیسلامییەکان دەکات و دەڵێت: "ئەم پڕۆژەیە پڕۆژەیەکی سیاسییە و بۆ یەکخستنی نێو ماڵی ئیسلامییەکانە لە ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی لە داھاتوودا قورسایی و سەنگییان ھەبێت و رۆڵی ئیجابییان لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان بگێڕن، پڕۆژەکە خۆڕسکە و لە قوڵایی ئیسلامخوازان سەری گرتووە، ئێستا پێویستییەکی واقیعییە کە ئیسلامییەکان ھەنگاوبھاوێژن بۆ دەرکردنی کوردستان لەم چەقبەستووییەی ھەیە".
دەشڵێت: "ئێستا ھەرێمەکەمان بە قۆناغێکی مەترسیدار گوزەر دەکات و بە ئاراستەی سەربەخۆیی کوردستان دەچین، بۆیە زۆر گرنگە ھەر چەند لایەنێک و ھاوپەیمانێتی دروست بکەین بەمەبەستی یەخستنی ھەڵوێست لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان".
عەبدوڵڵا وەرتێ لە درێژەی قسەکانیدا بۆ ئانادۆڵو دەڵێت: "کۆبوونەوەکەی ٣١ـی ١٢ـی ساڵی رابردوو زۆر گرنگ بوو، دەمانەوێت لە داھاتوودا ئەو دەستە باڵایەی بۆ کاری ھاوبەش دیاری کراوە لە ماوەیەکی نزیکیدا بەرنامەی خۆی دیاری بکات، ئامانجی سەرەکیی کاری ئەو دەستە ھاوبەشە بۆ یەکگرتنەوەمانە، لیستی ھاوبەش و فراکسیۆنی ھاوبەش ئەوە "ئەزعەف الایمان"ە، بۆیە ئێمە تا یەکگرتنەوە دەچین، بەتایبەت جددییەتێکی باش لەلایەن ھەموو لایە نەکان دەبینن".
- ئیسلامییەکانی کوردستان لە جیھادەوە بۆ پەرلەمان
لە یەکەمین ھەڵبژاردن کە لە ھەرێمی کوردستان ئەنجامدرا لە ساڵی ١٩٩٢ بەھۆی ئەوەی نەیانتوانی رێژەی پێویستی دەنگەکان بەدەست بھێنن، ئیسلامییەکان نەیانتوانی لەسەر یەک کورسی پەرلەمانیش دابنیشن، ئەوکات بزووتنەوەی ئیسلامی بەشداریی کرد و رێژەی ٥,٥ لەسەدی دەنگەکان، واتە ٤٩ ھەزار و ١٠٨ ھەزار دەنگی بەدەست ھێنا لەکۆی ٩٦٧ ھەزار و٢٢٩ دەنگدەر، بەڵام چونکە نەیانتوانی رێژەی دیاریکراو کە بەدەستھێنانی ٧ لەسەدی دەنگەکان بوو بۆخۆی مسۆگەر بکات نەیانتوانی بچێتە پەرلەمانەوە.
چەکەرەکردنی بیری میانڕەوی بەشێوەیەکی باشتر لە سەرەتاکانییان، دەستبەرداربوونییان بۆ چەک و جیھاد پتر حزبە ئیسلامییەکانی لە دەنگدەرانی کوردستان نزیک کردەوە.
پاش ٢١ ساڵ لەو بەروارە ئیسلامییەکانی کوردستان توانیوییانە دەنگەکانییان لە چەند ھەزار دەنگێکەوە بۆ سەدان ھەزار دەنگ زیاد بکەن، ئەمان لەدوایین ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستاندا لەساڵی ٢٠١٣ توانییویانە متمانەی ٣٢٧ ھەزار و ١٤٩ دەنگدەر بەدەست بھێنن و بەوەش ١٧ لەسەدی کوردسییەکانی پەرلەمانییان بۆخۆیان مسۆگەرکرد، کە یەکگرتووی ئیسلامی ١٠ کورسی، کۆمەڵی ئیسلامی شەش کورسی، بزووتنەوەی ئیسلامیش کورسییەکییان ھەیە، واتە نزیکەی حەوت ھێندەی ئەو دەنگانەی ٢١ ساڵ لەمەوبەر بەدەستیان ھێنابوو.
ئێستا ئیسلامییەکان زیاتر لە ھەموو کات باس لە پێویستیی یەکخستنی نێو ماڵی خۆیان دەکەنەوە و بۆ ئەو مەبەستە پڕۆژەی ئامادەشیان ھەیە، ئەم یەکخستنەوەیە بۆ ئەوان بەتەنھا یەکخستنی سێ حزبە ئیسلامییەکە نییە، ئەوان دەیانەوێت ئیسلامییەکانی دیکەش بەشداریی پێ بکەن.
چەکدارنەبوونی ئەم سێ حزبە ئیسلامییە لە ئێستادا، بەشدارییان لە ھەڵبژاردن و پەرلەمان، نزیکیی بۆچوونەکانییان لە چەند مەسەلەیەکی بنەڕەتی زەمینەی باشە بۆ بەرگرتنی ئەو ھەوڵانەی دەدرێن.
لەگەڵ ئەوەشدا تەگەرە و کۆسپەکانیش ھەن و رەنگە لە داھاتوودا زیاتر دەربکەوێت لەوانە بوونی جیاوازی لە پەیڕەو و پرۆگرامی ئەو سێ حزبە لە چەند مەسەلەیەکی تایبەت.
یەکخستنەوەی ئیسلامییەکان پاش ئەوە دێت پەرتەوازەبوونی ئەوان بەسەر حزبە گەورەکاندا دابەشی کردن و قورسایی ئەوانی لاوازکردووە، ئەم راستییە ئەوانی ئێستا کۆکردووەتەوە.
news_share_descriptionsubscription_contact

