ھەولێر - AA
بازیانی پێی وایە کە لە قۆناغی ئێستادا، ئەمریکا نایەوێت گورزی سەربازیی لە ئێران بوەشێنێت، بەڵام لە ئایندەدا ئەگەری ئەوە ھەیە.
سەبارەت بە سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ بۆ عێراق و چەند وڵاتێکی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و مانەوەی بۆ نزیک بە ھەفتەیەک لە ناوچەکە، دواتریش سەردانی راستەوخۆی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ عێراق، سەرۆکی سەنتەری ھودا بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی، محەمەد بازیانی تیشک دەخاتە سەر ئەو پرسانە و چەند پرسێکی پەیوەندییدار بەو بابەتانەوە.
ئاژانسی ئانادۆڵو: ئەمریکا دەیەوێت چی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بکات، سەردانەکەی ترەمپ، هەروەها مانەوەی بۆ ھەفتەیەکی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ چی لێ دەخوێندرێتەوە؟
محەمەد بازیانی: ھاتنی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ بۆ ناوچەکە چەند شتێکی لێ دەخوێندرێتەوە و پێشبینی لێ دەکرێت، بەتایبەت دوای ھاتنی دۆناڵد ترامپ بوو بۆ عێراق کە نزیکەی دوو ساڵ و ھەندێکی ماوە کۆتایی بە ماوەی سەرۆکایەتییەکەی بێت، دەیەوێت شتێک بکات ببێتە مایەی ئەوەی جارێکی دیکە لە لایەن ئەمریکییەکانەوە ھەڵببژێردرێتەوە.
ئەوەی ئێمە پێشبینی دەکەین ئەوەیە ئەگەری زۆری ھەیە گۆڕانکارییەک لە ناوچەکەدا رووبدات کە لە بەرژەوەندیی ئەمریکا بێت، ئێستا ئەوەی کە ویستی لە ناوچەکە بە ئێرانی کرد، ئەفغانستان و سووریا بارودۆخیان دیارە، ترەمپ دەڵێت لە سووریا دەکشێنەوە، ھەڵبەت ھەر خودی ئەم کشانەوەیەش ئاماژەی خۆی ھەیە، بە بڕوای ئێمە ئەگەرێکی زۆر ھەیە داوێک بێت بۆ تورکیای دادەنێت بۆ ئەوەی تورکیا نەگاتە ٢٠٢٣ کە ١٠٠ ساڵ بەسەر ئەو پەیماننامە شوومە تێدەپەڕێت کە دوای نەمانی خەلافەتی عوسمانی بەسترا، بەدید و بۆچوونی ئێمە دەیانەوێت تورکیا بخەنە نێو گۆماوێکەوە کە بە ئاسانی لێی دەرنەچێت.
ھاتنی ترەمپ کە کەسێکی بازرگانە دەیەوێت زیاتر دەستی لە ناوچەکە قایم بکات و خێر و بێری ئەم ناوچەیە بۆ ئەمریکا ببات بۆ ئەوەی ببێتە دەستکەوت و جارێکی دیکە بۆ سەرۆکایەتی ھەڵبژێردرێتەوە. لە لایەکی دیکە دەیەوێت ئەو خەرجییە زۆرەی بۆ وەزارەتی بەرگری و سەرباز و بنکەکانی لە ناوچەکە دەیکات لەسەر خەڵکی ناوچەکە و وڵاتانی ناوچەکە بێت، بەتایبەت خۆی بەڕوونی باسی ئەمەی کردووە، دەیەوێت خەرجیی ئەو شەڕەشی کە لەم ناوچەیە روودەدات لەسەر خەڵکی ناوچەکە بێت، بۆیە ئەو کشانەوەیەی ئەمریکا لە سووریا یەکێکە لە ھاوکێشە و بەڵگەکان، ھەرچەندە دەیەوێت تورکیا بخاتە نێو زونگاوێکەوە کە تیایدا دەرنەچێت.
ھەرچی پەیوەندیی بە عێراقەوە ھەیە، عێراق بە ملیارەھا دۆلاری بەتایبەت لە سەردەمی مالیکی دۆڕاند دەیەوێت لە عێراقی وەربگرێتەوە و وای نیشانی عێراقییەکان بدات کە مالیکی ھیچی باشی بۆ عێراق نەھێنا و دەشگوترێت گوایە بەنیازن لێپرسینەوەشی لەگەڵ بکەن، بۆیە ئەمریکا دەیەوێت ھێزەکانی لە پێگە سەرەکییەکانی عێراقیش جێگیر بکاتەوە کە ئێستا بەھەزاران سەربازی لێیە وەکو ئەوەی جارێکی دیکە عێراق داگیربکرێتەوە و ئەو کات بڵێت چەند ملیارێکی دیکە خەرج بکەن بۆ ئەوەی کەسێکی دیکە دابنێت و بڵێت ئەمە باشترە لەوانەی پێشووتر کە ھیچییان بۆ عێراق نەکرد.
ئاژانسی ئانادۆڵو: کەواتە گۆڕانکاریی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەیە؟
محەمەد بازیانی: بەتایبەت عێراق و سووریا و یەمەنیش گۆڕانکاریی تێیاندا روودەدات، ھەروەھا ھەوڵیش دەدەن کە تورکیاش دۆخێکی وای بۆ دروست بکەن کە لە بەرژەوەندیی ئەواندا بێت و ئەو وڵاتە نەتوانێت بەرنامەکانی خۆی وەکو خۆیان جێبەجێ بکات.
ئاژانسی ئانادۆڵو: کەوایە ئەمریکا بەجددی دەستی داوەتە کورتکردنەوەی دەستی ئێران لە ناوچەکە؟
محەمەد بازیانی: ئەمریکا ئەوەی ویستی بە ئێرانی کرد، عێراقێکی وێران، سوریایەکی وێران، یەمەنێکی وێران، لوبنانێک تا ئێستا سەرۆکوەزیرانی ناتوانێت وەکو پێویست حکوومەت پێکبھێنێت، ئەمانە بەڵگەن لەسەر ئەوەی ئەمریکا ئەوەی ویستی بە ئێرانی کرد، ھەروەھا چاوی لە خێروبێری ئێرانیشە، ئێستا ئێران چەکی قورسی ھەیە و ئەمەش ترسی لە لای ئەمریکا دروستکردووە، ئێران ئەمڕۆ کراوەتە ئامانج لەمبارەیەوە کە مووشەکی دوورھاوێژی ھەیە و دۆستانی ئەمریکا کە سعوودیە و ئیمارات و ئیسرائیل بە پلەی یەکەم دێن لە مەترسییدابن.
ئێستا لە عێراق بەزۆرینە دەسەڵات و حوکمڕانییەکەی ئەم وڵاتە لە بەرژەوەندیی ئێراندایە، ئەمەش وایکردووە ئەمریکا بیر لەوە بکاتەوە کە حکوومەتێک دروست بکات لە بەرژەوەندیی خۆی بێت، ھێنانی ئەم ھەموو ھێزەش بەڵگەیە لەسەر ئەو مەسەلەیە، رەنگە لە ئایندەدا شیعە و شیعە شەڕێک لەنێو خۆیاندا بکەن، ئەگەری ئەوەش ھەیە سوننە زیاتر بھێننەوە سەر گۆڕەپانەکە و ئەو کات حکوومەتێکی رزگاریی نیشتمانی دروست بکات.
ئاژانسی ئانادۆڵۆ: ئەگەری وەشاندنی گورزی سەربازی لە دژی ئێران لە لایەن ئەمریکاوە ھەیە؟
محەمەد بازیانی: باوەڕناکەم بۆ ئەم قۆناغەی ئێستا ئەمریکا گورزی سەربازیی لە ئێران بوەشێنێت، چونکە ئەمریکا ئابڵوقەیەکی ئابووریی خستووەتە سەر ئێران و دراوی تمەن ھیچ بەھایەکی نەماوە و گەورەترین کێشەی ئابووریی ھەیە و خەڵکەکە بێزاربووە، ئەگەر بەو شێوازە بڕوات بەدووری نازانم لە داھاتوودا، لەم قۆناغەی ئێستا بەدووری دەزانم، چونکە ھێشتا ئەمریکا سەرقاڵی ئەوەیە پەلوپۆپی ئێران لە ناوچەکە کورت بکاتەوە، ئێستا لە یەمەن ناوچەی ژێر دەسەڵاتیان کەم دەبێتەوە، لە سووریاش بەھەمان شێوە ئێران پاشەکشە دەکات، ئیتر دەستی ئێران خەریکە کورت دەبێتەوە.
ئەمریکا کاتێک گورز لە ئێران دەوەشێنێت بزانێت کە ئێران پەلوپۆیی نەماوە و لەو کاتەدا گورز وا دەکات خەڵک لەدژی سیستەمەکە ھەڵدەستێت و رەنگە سیناریۆیەک دروست بکات و کوڕەکەی رەزا شا بھێنێتەوە، بەڵام بۆ ئێستا گورزی سەربازی ناوەشێنێت.
ئاژانسی ئانادۆڵو: ھاتنی وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف بۆ عێراق رێک لەدوای سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ بوو، ئەمە دەلالاتی چی ھەیە؟
محەمەد بازیانی: ململانێیەکە ئاشکرا دیارە، حکوومەتی ئێران و بەتایبەت وەزیری دەرەوەکەی کە سەردانی عێراقی کرد ئەوەی لێ دەخوێندرێتەوە کە مەبەستی ئەوەیە پەیام بە ئەمریکییەکان بگەیەنێت و بڵێت کە ئێرانیش لەناوچەکە ھەیە، لەعێراق ھەیە، ئەگەرچی ئێوەی ئەمریکییەکان ھێزی زیاترتان ھێناوە، بەڵام ئێرانیش بوونی ھەیە و بەئاسانی ناتوانیت جارێکی دیکە عێراق داگیربکەیتەوە، ئەمەش ئاماژەیەکە ئێرانییەکان دەیدەن و بە ئەمریکا دەڵێن ئەگەرچی پەیوەندیی باشت لەگەڵ حکوومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستانیش ھەیە، بەڵام ئەوانیش پەیوەندییان باشە، بۆ ئەوەی ھەمان ھێزی خۆی نیشان بدات، بەڵگەش بۆ ئەمە کردنەوەی پیشانگەی ئێرانە کە دەکرێتەوە، بەڵام ئەو ململانێیەی لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا ھەیە زۆر زەقتر بووەتەوە ئێستا، پێشتر بەرژەوەندییان ھەبوو، بەڵام ئەمریکا ئەو ھەموو سەربازەی بەکوشت دا و ئەو ھەموو ملیارەی خەرج کردووە پێی وایە دەبێت خێروبێری خۆی بیچنێتەوە.
ئاژانسی ئانادۆڵو: واتە دەتوانین بڵێین کە ئەمریکا پلانەکەی "رۆژھەڵاتی ناوەڕاستی گەورە" جێبەجێ دەکات؟
محەمەد بازیانی: رۆژھەڵاتی گەورە یان نوێ ھی سەردەمی پێشترە، ئەوەی کە ترەمپ دەیەوێت رۆژھەڵاتێکە بەدڵی ئەو یان سیاسەتی دەرەوەی نوێیانە، ئەوەی ھەیە ئەوەیە کە ئەو میلـلەتانەی لە ناوچەکە ھەن خێروبێرەکەی خۆیان نازانن بخۆن و موستەحەقی ئەوە نیین، بۆچوونی ترەمپ ئەوەیە کە دەبێت ھەموو دونیا لە خزمەتی ئەمریکا بێت، ئێستا یەک جەمسەری ھەیە و کێشەی بۆ چین و بۆ وڵاتانی دیکەش دروستکردووە، بۆیە نەوت و غاز رۆڵی گەورەی ھەیە لە داڕشتنەوەی پەیوندییەکانی ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانی و سیاسەتەکانی لە ناوچەکە و ئێستا سەرقاڵی ئەوەیە ئەوە دابڕێژێتەوە، بۆیە ئەمریکا بەدیلی ھەیە و ئەم بەدیلەی بۆ کوردەکانیش ھەیە، تەنانەت بە کوردەکانی لە رۆژئاوا گوت کە ئەوانیش بەدیلییان ھەیە و بە ئاشکرا بەکورد گوتی ئێوە تۆزێک نەوتتان ھەیە بە ئێرانی دەفرۆشن، ھەروەک بەدیلی لە ھەرێمی کوردستانیش ھەیە.
ئێستا کەس بیری کیانی جوولەکەی نەماوە، ئێستا پەیوەندیی بەشێک لە وڵاتانی ناوچەکە لەگەڵ ئیسرائیل پەرەی پێدەدرێت بەتایبەت سعوودیە و ئیمارات و میسر و قەتەر. سعوودیە ھەر لەسەدەمی مەلیک فەھدەوە ئەو پەیوەندییە ھەبووە و شەرمیشی لێ ناکەن، ھەروەھا محەمەد کوڕی سەلمان لە ستراتیجییەتی جوولەکەکانە کە بووە بە شای سعوودیە، واتە چەند بەکرێگیراوێکییان ھێناوە کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی جوولەکە لە ناوچەکە دەکەن، ئەوەی دوێنێ عەرەبەکان باسییان دەکرد لەبارەی یەکبوونێک لەبارەی کێشەی فەڵەستین و گێڕانەوەی خاکەکەی ئێستا باسی لێوەناکەن و پاشەکشەی زۆری کردووە.
news_share_descriptionsubscription_contact

