سلێمانی ـ AA
ئەندامی مەكتەبی رێكخستنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، سلێمان عەبدوڵڵا یونس لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە پرسی ریفراندۆم لە 25 ی ئەیلوولی داهاتوو لە هەرێمی كوردستان و گرنگی یەكدەنگی لایەنەكان لەسەر ئەو پرسە، كاردانەوە ناوخۆیی و جیهانییەكان و هەڵوێستی وڵاتانی جیهان، هەروەها هەڵوێستی جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەرهەم ئەحمەد ساڵح لەسەر پرسی ریفراندۆم و جووڵانەوەی نەخێر بۆ ریفراندۆم، دەكات.
- " هەركات سازانێكی كوردستانیمان هەبوو، ئەوكاتە گونجاوترین كاتە بۆ ریفراندۆم"
ئەو كادرە پێشكەوتووەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە رۆژانە راو سەرنجەكانی خۆی لە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و میدیاكانەوە لەسەر پرسە جیاوازەكان دەخاتەڕوو، لەسەر پرسی ریفراندۆم و مشتومڕ لەسەر وادەكەی دوا و گوتی: "هەركات ئێمە سازانێكی كوردستانیمان هەبوو، یەكێتی نێوان حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستانمان دەستەبەر بوو، ئەوكاتە گونجاوترین كاتە، بڕوامان وایە ئەمڕۆ ریفراندۆم بێت یان هەفتەی داهاتوو، یان 25 ی ئەیلوول یان پێش مانگێك و ساڵێك پاش ئەوە گرفتەكە نییە، بەڵكو گرفتەكە ئەوەیە ئایا ئێمە كۆدەنگییەكی كوردستانیمان هەیە بۆ ئەم مەبەست و ئامانجە، هەركات ئەوەمان هەبوو نە درەنگ و نە زووە. هیچ رۆژێك پیرۆز نییە و ئەو رۆژەی دانراوە قابیلی گۆڕان بێت دەبێت و قابیلی پاشخستن و پێشخستن بێت دەبێت، ئەو رۆژە پێویستە پەیوەست بێت بە یەكڕیزی و یەكدەنگی هێز و لایەنە سیاسییەكانەوە، چونكە ئەوە بەرژەوەندییەكی كوردستانییە و بڕیارێكی كوردستانییە و ریفراندۆم و سەربەخۆیی خەون و ماف و خواستی خەڵكە و هیچ هێزێكی سیاسی دژی ئەم خواست و خەونە نییە و هەموو هێزەكانیان خەباتیان لەو پێناوەدا بووە. جیاوازی و دابەشبوون لەسەر رۆژەكەی، پەیوەندی بە دابەشبوونەكانی پێشوترەوە هەیە كە كۆمەڵێك دابەشكاریمان هەیە، پێویستە ئەم دابەشكاریانە بە بڕیاری سیاسی و رێكکەوتنی سیاسی و هەماهەنگی سیاسی دەستەبەر بكەین و پەرلەمانی كوردستان كارا بكەینەوە، هێزەكان لە پەرلەمانی كوردستان بڕیاری خەڵكی كوردستانیان پێوەربگرین بۆ ئەوەی دووپاتی ئەم رۆژە بكەنەوە یان بیگۆڕن و پاش و پێشی بخەن. یەك لە مەترسییەكانی ئێستای هەرێمی كوردستان ئەوەیە کە هەرێمی كوردستانیان بەسەر دوو جوگرافیادا دابەش كردووە كە جوگرافیای بەڵێ و نەخێرە، یەكیان لە رۆژهەڵاتە و ئەوی تر لە رۆژئاوایە، ئەم جوگرافیایە لە رووی مەنتقییەوە دەبێت باكوور و باشووری هەبێت، دەبێت ناوەڕاستیشی هەبێت، پێویستمان بە میساقێك هەیە لە پەرلەمانی كوردستان بۆ ئەوەی ئەم دابەشكارییانەی پێشوو تێپەڕێنین و لەسەر دەوڵەت و سەربەخۆیی یەكگرتوو بین".
- " دژی دابەشكارین، نابێت جیاوازییەكان ببێتە دروستكردنی بەرەیەكی جیاواز"
ئەندامی مەكتەبی رێكخستنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، سلێمان عەبدوڵڵا یونس دژایەتی هەر جۆرە دابەشكارییەك دەكات لەسەر پرسی ریفراندۆم، ئەو پێی وایە پێویستە حزبە سیاسییەكان رەچاوی دۆخی یەكتر بكەن و هاوكار بن لە رەخساندنی زەمینەی لەباردا، گوتی: "ئێمە دژی دابەشكارین، لەگەڵ ئەوەین كە ئەگەر جیاوازیەك هەبوو لەسەر رۆژەكە ئەو جیاوازییە نەبێتە دروستكردنی بەرەیەكی جیاواز و بەسەر دوو بەرەدا دابەشمان نەكەن، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان نوێنەری لە كۆمیتەی ریفراندۆم هەیە، بەڵام بە بڕوای من پێویستە یەكێتی پێداگری بكات لەسەر نوێنەری گۆڕان و كۆمەڵیش كە لە كۆمیتەكەدا هەبن و بەشداری بكەن، چونكە ئەگەر نوێنەری ئەو دوو لایەنە ئەندامی لیژنەی ریفراندۆم نەبن، ئەوكات یەكێتی و بنكە جەماوەرییەكەی ناتوانن تەفەهومی ئەوە بكەن و لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووش یەكێتی باجێكی گەورە دەدات، بۆ ئەوەی ئەمە روونەدات پێویستە پارتی دیموكراتی كوردستان رەچاوی دۆخی یەكێتی بكات و یەكێتیش دەبێت رەچاوی دۆخی خانەی راپەڕاندن و سەركردایەتی گۆڕان بكات كە هێشتا لە دۆخێكی دژواردایە. بۆ ئەوەی هەموومان هاوكاربین لە رەخساندنی زەمینەی لەباردا و بتوانین بە هێزەكانی خۆمانەوە و بە بڕیاری یەكگرتووی خۆمانەوە بێینە ناو ئەم كایەوە، گۆڕان پێویستی بەوە هەیە گەنج و بەرەیەك كە ناڕازییە رازی بكات، یەكێتیش پێویستی بە رازیكردنی بنكە جەماوەریەكەیەتی، چونكە بنكە جەماوەریەكەی یەكێتی لەگەڵ ریفراندۆم و سەربەخۆییە بەڵام لەگەڵ ئەوەش نییە ببێتە قوربانی لە هەڵبژاردنەكاندا، نابێت نادیدەی ئەوەش بگرێت و یەكێتی زیاد لە جارێك قوربانی لەو پێناوەدا داوە. دەبێت پارتی وەك هاوپەیمانی یەكێتی رەچاوی دۆخی یەكێتی بكات، وەك چۆن یەكێتی پێویستە رەچاوی دۆخی گۆڕان و كۆمەڵ بكات و ئیحراجیان نەكات، دەبێت بە هەموومانەوە زەمینەیەك بڕەخسێنین دوور لە موزایەدە و دووفاقی و ریاكاری و بەڵێ و نەخێر، ئەم بابەتە تاوتوێ بكەین بۆ ئەوەی كۆدەنگی نیشتمانی لەسەر دروست بكەین، ئەوەش خۆی لە كاراكردنەوەی زوویی پەرلەمان دەبینێتەوە".
- "هەڵوێستی وڵاتانی دەرەوە بۆ هەرێمی كوردستان زۆر دۆستانەیە"
سلێمان عەبدوڵڵا كە لە زۆربەی كۆبوونەوە و سەردانەكانی بەرپرس و شاندی وڵاتانی دەرەوە بۆ لای سكرتێری دووەمی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان، بەرهەم ئەحمەد ساڵح بەشدارە لە بارەی هەڵوێستی ئەو وڵاتانە بۆ پرسی ریفراندۆم گوتی: "هەڵوێستی خۆرئاوا و دراوسێ و وڵاتانی ناوچەكە و ئەو وڵاتانەی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوان گرنگە، هەڵوێستێكی زۆر دۆستانەیە، ئەوان ئامۆژگاریمان دەكەن كە ئێمە بڕۆین ئیرادەی كوردستانیمان یەك بخەین و كێشەكانمان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكەین و بە پێی ئیستحقاقاتی دەستووریمان لە دۆسیەكانی نەوت و سنوور و خاك و پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان و بابەتەكانی سیادە و دەستوور لە بەغدا چارەسەر بكەین، چونكە ئەگەر لە بەغدا بە پێی دەستوور ئەم ئیستحقاقانەت بەدەستهێنا، ئەوكات پشتیوانی نێودەوڵەتیت بۆ دەستەبەر دەبێت، جگە لەوەش ئەوان دەبینن كە ئێمە دابەشبووین بەسەر بەڵێ و نەخێردا. بۆ ئەوەی ئیرادەی نێودەوڵەتی و ناوچەیی پشتیوانیت بكات، پێویستیت بەوەیە دابەش نەبیت بەسەر بەڵێ و نەخێردا، جا بەڵێ بەهێزە و نەخێر لاوازە، ئەو هەقی بەسەر ئەوەوە نییە، ئەو هەقی ئەوەی هەیە پەرلەمان كارا بكەیتەوە و لە پەرلەمانەوە بە ئیرادەی هەموو هێزەكانی ئەم بڕیارە بدەین، هەركات ئێمە توانیمان ئیرادەی یەكگرتوویی كوردستانیمان هەبێت ئەوكات ئیرادەی یەكگرتوویی جیهانیش دەستەبەر دەكەین" .
- "بەرهەم ئەحمەد ساڵح لەگەڵ كۆدەنگی و رێكکەوتنی هێزەكانە"
سڵێمان عەبدوڵڵا یونس لە ئێستادا بە كەسێكی نزیك لە بەرهەم ئەحمەد ساڵح دادەنرێت و لە زۆربەی دانیشتن و كۆبوونەوەكانی ئەو بەشدارە، ئەو سەبارەت بە هەڵوێستی بەرهەم ساڵح لە بارەی پرسی ریفراندۆم و كاردانەوەكانەوە دوا و هەڵوێستی ئەوی روونكردەوە كە لەم ماوەیەدا هیچ لێدوان و قسەیەكی رەسمی لەسەر ئەو پرسە نەكردووە و گوتی:
"دكتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح لەگەڵ كۆدەنگی و رێكکەوتنی هێزەكانە، لەگەڵ ئەوەیە هیچ رۆژێك موقەدەس نییە و هیچ رۆژێكیش بێزراو نییە، هیچ كات درەنگ نییە و هیچ كات زوو نییە، ئەو دەڵێت هەر ئەمڕۆ پەرلەمان كارا بكەینەوە و یەكێتی نێوان هێزە سیاسیەكان دەستەبەر بكەین، گۆڕان و پارتی بگەنە قۆناغێكی تازە، بە هەموومان لە پەرلەمانی كوردستان كێشەكانی سەرۆكایەتی هەرێم چارەسەر بكەین، دوای ئەوە بە وەفدێكی كوردستانی یەك و یەكگرتوو كە لە پەرلەمانەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت بڕۆین لە بەغدا دانوستاندن بكەین هەڵوێستی دكتۆر بەرهەم پێش ئەوەی پرسی ریفراندۆم بێتەگۆڕێ ئاشكرا كراوە، كاك بەرهەم پێش پرسی سەربەخۆیی لەسەر ریفراندۆم قسەی خۆی كردووە و گوتاری هەبووە و هەڵوێستی لەو بارەیەوە روونە، ئەو پێی وایە ئەم بابەتە دابڕاو نییە و قەتیس نییە لە نێوان بەڵێ و نەخێردا، بەڵكو پێویستی بە یەكڕیزی و كۆمەڵێك پێداویستی ترە، ئەو لەگەڵ ئەوەیە بە زوویی بڕیاری یەكخستنەوەی حكوومەت و هێزەكانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان و دامەزراوە كۆمەڵایەتی و ئابوورییەكان بدەین، كەرتە خزمەتگوزارییەكان بەگەڕ بخەینەوە، قۆناغی حكوومەتی شكستخواردوو تێپەڕێنین و پەیوەندی دیپلۆماسیمان لە ئاستی حزبیەوە بۆ ئاستی رەوای نیشتمانی بگوازینەوە. دكتۆر بەرهەم یەك لەوانەیە كە داكۆكیكاری سەرسەختی سەربەخۆیی وڵاتەكەیەتی و مافی چارەی خۆنووسینیەتی، بەڵام لایەنگری حكوومەتی هاووڵاتییان و شەفافیەت و كرانەوە و خزمەتگوزاری و حكوومەتی مۆدێرنە، لایەنگری دادپەروەری و دیموكراسی و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتییە، لایەنگری ئەوەیە ئەو ململانێ مێژووییەی هەمانە تێیان پەڕێنین، لایەنگری ئەوەیە دەوڵەتی كوردستان ببێتە چەتری كۆكەرەوەی هەموو هاووڵاتییان. ئەو لەگەڵ ئەوەیە دەوڵەتی كوردستان دەوڵەتێكی سەقامگیر بێت و نێوان خۆشی لەگەڵ بەغدا و تاران و ئەنقەرە هەبێت، بەڵام بڕوای وایە كێشەكان لە تاران و ئەنقەرە و واشنتۆن چارەسەر نابێت، بەڵكو بە دیالۆگی راستەقینە و هاوسەنگ لەگەڵ عێراقییەكان لە بەغدا چارەسەر دەبێت. هەروەها كاك برهەم پێی وایە دەستەبەری ناوچە جێناكۆكەكان بكەین و ریفراندۆم بە بێ ئەو ناوچانە بەهایەكی مێژوویی و جوگرافی نییە، هەروەها بڕوای وایە كە پێویست ناكات ئەم كارتە بسووتێنین كە كارتێكی بەهێزی میللی و نەتەوەیی و نیشتمانییە و پێویستە راست بەكار بێت لە كاتی راست و لە شوێنی راستدا".
- "بەرهەم ئەحمەد ساڵح هاوسۆزی لەگەڵ هیچ جووڵانەوەیەكی نەخێر نییە"
سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لە پشتیوانی بەرهەم ئەحمەد ساڵح دەكەن لە جووڵانەوەی نەخێر بۆ ریفراندۆم لە ئێستادا، سلێمان عەبدوڵڵا هەر جۆرە پشتیوانییەكی لەو شێوەیەی بۆ هەر جووڵانەوەیەك دژ بە ریفراندۆم رەتكردەوە و گوتی: "بە موتڵەقی ئێمە هاوسۆزییەكمان لەگەڵ هیچ جووڵانەوەیەكی نەخێر نییە، ئێمە دەڵێین بەڵێ بۆ ریفراندۆم و سەربەخۆیی، بەڵام دوای ئەو (بەڵێ)یە كۆمەڵێك بەڵاممان هەیە، ئەم بەڵامانە لەگەڵ نەخێرەكەدا یەك ناگرنەوە، بەڵامی خەڵكی دڵسۆز و پەرۆشی ئەم وڵاتەن، ئەم بەڵامانە لە سەرەنجامی تێگەیشتن لە فاكتە كوردستانیەكانەوە هاتوون لە فاكتە كۆمەڵایەتییەكان و ناوچەیی و نێودەوڵەتیەكان هاتوون و لە خۆڕا نەهاتوون، پێویستە سەركردایەتی سیاسی كوردستان نادیدەی ئەم بەڵامانە نەگرێت و چارەسەری ئەم بەڵامانە بكەین بۆ ئەوەی هەموومان لەسەری كۆك بین".
news_share_descriptionsubscription_contact

