Azat Muhammet
11 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 12 ئاب 2017
هەولێر - AA
دواى زیاتر لە سێ ساڵ مانەوە لە ئاوارەیی، هێشتا ژمارەیەکى زۆری ئاوارەکان نایانەوێت بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، لە پاڵ ئەمەیشدا بوونى گرووپە چەکدارە نادەستوورییەکانى وەک پەکەکە و حەشدى شەعبى بە هۆکار دەزانن لەبەردەم پڕۆسەى گەڕانەوەیان.
بەڕێوەبەرى جێبەجێکارى بۆردى کاروبارى مرۆیی و سەرپەرشتیاری کەمپەکانى سنوورى پارێزگاى دهۆک، ئیدریس نەبى ساڵح لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "گەڕانەوەى ئاوارەکانى سنوورى پارێزگاى دهۆک بۆ ناوچە کۆنتڕۆڵکراوەکانى ژێر دەستى داعش وەک پێویست نییە، لە ئێستادا لە کۆى ٧٢٤ هەزار ئاوارە و پەنابەر لە سنوورى پارێزگاى دهۆک تا ئێستا تەنها ٨٠ هەزار ئاوارە لە کەمپەکانى سنوورى پارێزگاى دهۆک و دەرەوەى گەڕاونەتەوە بۆ ناوچە کۆنتڕۆڵکراوەکانى ژێر دەستى داعش، چونکە وەک ئاوارەکان ئاماژەى پێدەدەن نایانەوێت بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵێکى وێران بوو، هەروەها پڕۆژە و خزمەتگوزارییەکان لە ناوچە کۆنتڕۆڵکراوەکانیش وەک پێویست نیین".
گوتیشى: "هۆکارێکى دیکەیش لە بەردەم سستى پڕۆسەى گەڕانەوەى ئاوارەکان بۆ سەر زێدى خۆیان هەبوونى گرووپە نادەستوورییەکانە لە سنوورەکاندا، بۆ نموونە لە شارۆچکەى شنگال کۆمەڵێک گرووپى نا دەستوورى وەک پەکەکە، یەپەگە و یەپەشە هەن و، بەمدواییە حەشدى شەعبى خۆى گەیاندە ناوچەکە، ئەوەى ئێمە لە رێگەى پەیوەندى و هەماهەنگییەکانمانەوە لە ئاوارەکانمان وەرگرتووە، بەهۆى پەکەکە و حەشدى شەعبى ترسیان لە گەڕانەوەیان هەیە، سەرەڕاى ئەو مەترسیانە کۆنتڕۆڵ نەکردنەوەى تەلەعفەریش یەکێکى دیکەیە لەو مەترسیانەى سەر ئاوارەکانى سنوورى پارێزگاى دهۆک، چونکە ئاوارەکان دەیانەوێت بگەڕێنەوە ناوچەکانى خۆیان و بەبێ شەڕ و فیتنەگێڕى تێدا ژیان دەستپێبکەنەوە".
ئاشکراشى دەکات کە "ئاوارەکانى دەشتى نەینەوا تا حەشدى شەعبى لە ناوچەکە بوونیان هەبێت نایانەوێت بگەڕێنەوە سەر زێدى خۆیان، چونکە ئاوارەکان لە رێگەى لایەنەکانى هەماهەنگى بە ئێمەیان راگەیاندووە حەشدى شەعبى بووەتە هۆى ناسەقامگیرى لە دەشتى نەینەوا".
ئەوەیشى گوت: "ئەو ئاوارانەى گەڕاونەتەوە سەر زێدى خۆیان زۆربەیان خەڵکى رەبیعە و زوممارن و بەشێکى دیکەیشیان دانیشتووانى شنگال و سنونێ و دەشتى نەینەوان".
ئیدریس نەبى دووپاتیکردەوە کە هیچ ئاوارەیەک لە پارێزگاى دهۆک و هەرێمى کوردستان بە زۆر ناگەڕێندرێنەوە سەر زێدی خۆی، بەڵکو گەڕانەوە یان مانەوەى ئاوارە و پەنابەران بۆ چوارچێوەى حەز و ئارەزووەکانى خۆیان دەگەڕێتەوە، هەر ئاوارەیەک ئارەزووى گەڕانەوە بکات، ئێمە بە هەموو توانایەک کارئاسانى بۆ دەکەین و هەر ئاوارەیەکیش خواستى گەڕانەوەى نەبێت، ئێمە لە کەمپەکان خزمەتگوزارییان پێشکەش دەکەین.
لە بارەى پلانەکان بۆ کارئاسانى گەڕانەوەى ئاوارەکان بۆ سەر ماڵ و حاڵى خۆیان، بەڕێوەبەرى جێبەجێکارى بۆردى کاروبارى مرۆیی و سەرپەرشتیاری کەمپەکانى سنوورى پارێزگاى دهۆک، ئیدریس نەبى ساڵح گوتی: "پلانى سەرەکى بە دەست هاوپەیمان و وڵاتانى زڵهێزە، چونکە دەبێت هەموو ئەو وڵاتانە کار لەسەر ئاوەدانکردنەوەى ناوچە وێرانبووەکانى جەنگ بکەن، تاکو خواستى هاووڵاتییان زیاتر بێت بۆ گەڕانەوە، ئەوەى لە ئەستۆى ئێمەدایە ئەوەیە خزمەت پێشکەش بە ئاوارەکانى نیشتەجێی کەمپەکان و دەروەى کەمپەکان بکەین جا چ لە رێگەى حکوومەت یان لە رێگەى رێکخراوە مرۆییەکان بێت".
سێ ساڵ بەر لە ئێستا بەهۆى شەڕى داعشەوە زیاتر لە ٧٠٠ هەزار کەس لە سنوورى پارێزگاى نەینەوا روویان لە سنوورى پارێزگاى دهۆک کرد، لە ٢٧ کەمپ نیشتەجێکران.