Azat Muhammet
02 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 04 ئادار 2017
دهۆک -AA
لە کۆمەڵگەى مسێریکى سەربە قەزاى سێمێل لە پارێزگاى دهۆک، گەنجێک بە ناوى میران خەیروڵڵا حامد هەردوو دەستى نییە و لە خانەوادەیەکى کەم درامەتدان، کەچى درێژەى بە پڕۆسەى خوێندن داوە و، لە ماڵەوە بەقاچەکانى نووسین دەکات و لە قوتابخانەش بە ملى. قوتابییەکى گەشبینە بە تواناى خۆى و دەڵێت "بێ دەستیم رێگر نابێت لەوەى فێرى زانست بم، چونکە خوا بەبەهرە و عەقڵى زیاتر قەرەبووى بێ دەستى بۆ کردوومەتەوە".
خانەوادەیەکى هەژار و کەم درامەت کە لە دایکێک و شەش منداڵ پێکهاتوون لە کۆمەڵگەى مسێریکى سەربە قەزاى سێمێل، لە خانوویەکى کرێدا دەژین و مانگانە لەلایەن خێرخوازانى ناوچەکە کرێى خانووەکەیان بۆ دابین دەکرێت، لەم خانەوادەیە گەنجێک تەمەن ١٧ ساڵ بە ناوى(میران خەیروڵڵا حامد) پۆلى ١٢ى ئامادەییە و کوڕى گەورەى ماڵەوەیە و لە زگماکییەوە هەردوو دەستى نییە.
دایکى میران لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو باس لە ژیانى میران بە تایبەت و گوزەرانى خێزانى خۆیان بە گشتى دەکات و دەڵێت "من دایکى شەش منداڵانم، سێ و کوڕ و سێ کچم هەیە، میران کوڕى گەورەمە و هەر لە زگماکییەوە هەردوو دەستى نەبووە، بەبێ جیاوازى هەموو منداڵەکانم خۆشم دەوێت، بەڵام میران پێویستى بە خزمەتى زیاترە، جاران کە منداڵ بوو بەخێوکردنى ئاسانتر بوو، سوپاس بۆ خوا کە کوڕەکەم گەورە بووە، بەخێو کردنیشى وەک منداڵى ئاسان نەماوە، چونکە تەنها منم بەخێویان دەکەم، هیچ کەسێکى دیکە هاوکارم نییە".
دایکى میران ئاماژە بە خراپى گوزەرانیان دەدات و دەڵێت "لە خانوویەکى کرێدا دەژین و تواناى داراییمان زۆر خراپە، چونکە هیچ کەسێکمان نییە کارمان بۆ بکات، میران بەهۆى بێ دەستى ناتوانێت کار بکات و کوڕێکى دیکەم کە لە میران بچووکترە ساڵێک بەهۆى کرێکارى لە قوتابخانە کەوت. ئێستا لەلایەن خێرخوازان کرێى خانووەکەمان بۆ دابین دەکرێت".
دایکى میران باس لە روو خۆشى کۆڕەکەی دەکات و دەڵێت "هەر لە سەرەتاى تێگەیشتنییەوە، بەربەستى دەروونیم بۆى دروست نەکرد، زوو زوو لەگەڵ منداڵانى خەڵک رەوانەى شوێنە گشتییەکانم دەکرد، تا گەیشتە ئەمڕۆ کە بووەتە مێردمنداڵێکى گەشبین و پڕ ئومێد".
ئەحلام عومەر دایکى ئەو گەنجەیە، وەک هەر رۆژەکانى دیکەى ژیانى بانگى کوڕە بێ دەستەکەى دەکات بۆ ئەوەى ئامادەى بکات تاوەکو بەڕێى بکات بۆ قوتابخانە. دەموچاو شوشتن، جلوبەرگ لەبەرکردن، قژ شانەکردن و جەنتان لە شانکردن ئەو کارانەن کە رۆژانە لەلایەن دایکى ئەو مێردمنداڵە بێ دەستەوە ئەنجام دەدرێت.
دایکى میران، کوڕەکەى ئامادە کرد بۆ قوتابخانە، لە نێو دەرگەى ماڵدا وەک رێزلێنان لە بێ دەستییەکەى ماچى کوڕەکەى کرد و لەگەڵ برایەکى میران بۆ قوتابخانە بەڕێیکردن.
- "ئومێدەکانم، لە بێ دەستیم گەورەترن"
میران خەیروڵڵا مێردمنداڵێکى رووخۆش و گەشبین بە ئاییندەى خۆى بەرەو قوتابخانەى ئامادەیی مسێریکێ کوڕان بەڕێکەوت بەهۆى هەڵسوکەوتى جوانەکانی و ئاستی زیرەکی، مامۆستایان چاویان تێبڕیوە. میران لە پۆلەکەیدا بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى "هەر لە قۆناغى سەرەتایی خوێندنمەوە تا ئێستا کە لە پۆلى ١١ ئامادەییم لە ماڵەوە بە قاچەکانم نووسینم کردووە لە قوتابخانەش بە ملم نووسینم کردووە تاقیکردنەوەوەکانم ئەنجامداوە، لە ماڵەوە بە شەو و رۆژ دایکم هاوکار و یارمەتیدەرمە و هەروەها لە قوتابخانەشدا قوتابیان و مامۆستایان زۆر خۆشیان دەوێم و بەردەوام هاوکار و یارمەتیدەرن لەگەڵم، داواى هەر شتێکیان لێ بکەم، تا ئێستا وایاننەکردووە هەست بکەم کە دەستم نییە".
میرانى تەمەن ١٧ ساڵ سوپاسگوزارى کارى خوایە و دەڵێت "ئەگەر خوا دەستى پێنەداوم، توانا و عەقڵى زیاترى پێداوم. زۆر کەس هەن پێچەوانەى من هەردوو دەستیان هەیە، بەڵام بێ ئومێدن لە ژیان، من هەردوو دەستم نییە کەچى زیاتر لەو هاووڵاتییانەى خاوەن پێداویستى نین ئومێدم بە ئاییندەى خۆم هەیە. ئومێدەکانم لە بێ دەستیم گەورەترن ".
ئەو گەنجە داوا لەلایەنى پەیوەندیدار و رێکخراوە مرۆییەکان دەکات هاوکارى دارایی خانەوادەکەى بکەن و دەڵێت "هیچ کەسێک نییە کار بۆ دابینکردنى بژێوى ژیانمان بکات و برایەکانم لەمن بچووکترن هەمووشیان قوتابین تەنانەت ناتوانین کار بکەین بۆ دابین کردنى کرێى خانووەکەشمان".
هەروەها دەشڵێت "ئاگادارم کە چارەسەرى بێ دەستى من هەیە لە دەرەوەى وڵات، ئەویش لە رێگەى رێکخراوانى جەستەبەخشان دەتوانن دوو دەستم بۆ دابین بکەن، هەرچەند بێ ئومێد نابم لەو بەهرانەى خوا پێیداوم، بەڵام بۆ منیش خۆشە وەک هەر مرۆڤێکی ئاسایی دوو دەستم هەبێت. بۆیە داواکارم لە هەر کەسێک کە لە توانایدا بیت هاوکاریم بکات بۆ ئەوەى لە رێگەى پزیشکییەوە دوو دەستم دابین بکرێت".
رەنگە کەسانێک لە ژەمە خواردنێک یان پێداویستییەکى سەرەتاییان کەم بێت، بێ ئومێد بن لە ژیان. بەڵام ئەو گەنجە بە ناوى میران هەردوو دەستى نییە بە ئومێدێکى گەورەوە دەژیت و لە ئێستا قوتابییەکى زیرەکە و زیاتر خولیای خوێندنى بابەتى فیزیایە، بەو ئاواتە درێژەى بە خوێندن داوە ببێتە یەکێک لە گەردوونناسانى جیهان. لە سەرەتاى هەر رۆژێک دەوامى قوتابخانە مامۆستایان و قوتابییان پێشوازى گەرمى لێ دەکەن.
ژیرى ئەو قوتابییە وایکردووە ببێتە یەکێک لە دیارترین قوتابى قوتابخانەکەی، بەڕێوەبەرى قوتابخانەى ئامادەیی مسێریکێى کوڕان، شێرزاد محەمەد سلێمان بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوت: "میران هەرچەند هەردوو دەستى نییە، بەڵام لەبارەى نووسین و خوێندنەوە هیچ کێشەیەکى بۆ دروست نەبووە، بەراستى یەکێکە لە قوتابییە نموونییەکانى قوتابخانەکەمان. خاوەن رەوشتێکى جوانە و بەشێوەیەکى ١٠٠ لە سەد پابەندى دەوامى رۆژانەیتى".
بەڕێوەبەرى قوتابخانەى ئامادەیی مسێریکێى کوڕان دەشڵێت "ئاستى زانستى و خوێندنى میران زۆر باشە و پێویستى بەهاوکارى مامۆستاکانى نەبووە، ئەو کە لە ماڵەوەیە بە قاچەکانى نووسین دەکات و کە لە قوتابخانەیە بە ملى پێنووسەکەى دەگرێت و نووسین دەکات و تاقیکردنەوەکان ئەنجام دەدات، نووسینەکانیشى لە نووسینی زۆربەى ئەو قوتابیانە جوانترە کە هەردوو دەستیان هەیە".