Ekip
26 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 17 تەمووز 2020
دھۆک - AA
بەمەبەستی تاوتوێکردنی بریارەکانی بەیانی ژمارە (٤٢) ی وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و ئەو دەسەڵاتانەی کە بە ژووروەکانی ئۆپەراسیۆنی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دراون، ژووری ئۆپەڕاسیونی پارێزگای دھۆک بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆبوونەوەیەکی بەشێوەی ئونلاین ئەنجامدا و چەند بڕیارێکی نوێی دەرکرد.
بەپێی راگەیەنراوێکی کۆبوونەوەکەی ژووری ئوپەراسیونی پارێزگای دھۆک بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، رێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا توندتر دەکرێن و مارکێت و چێشتخانە و ھەموو شوێنەکانی کارکردن لە کاتژمێر ١٢:٠٠ ی شەو تا ٦:٠٠ ی بەیانی دادەخرێن.
لە راگەیەنراوەکەی ژووری ئوپەراسیۆنی پارێزگای دھۆک دا ھاتووە: "کوبوونەوەکە بە سەرپەرشتی جێگری پارێزگاری دھۆک بە وەکالەت، ماجید سەید ساڵح و بە بەشداری ھەموو ئەندامانی ژووری ئۆپەراسیونی پارێزگای دھۆک ئەنجامدراوە، و دوای راوێژکردن لەگەڵ بەرێوەبەرایەتی تەندروستی دھۆک و لایەنە پەیوەندیدارەکان بریاردرا بە گرتنەبەری چەند رێکارێکی نوێ.
رێکارەکانی ژووری ئۆپەراسیونی پارێزگای دھۆک ئەم خاڵانەی خوارەوە لەخۆدەگرن:
یەکەم: دەوامی فەرمانگەکانی حکوومەت لە سنووری پارێزگای دھۆک بەردەوام دەبێت بەپێی ئەو رێژەیەیی کە لە بەیانی ژمارە (٤١) ی وەزارەتی ناوخۆ دا دیارکراوە.
دووەم: چێشتخانەکان بەکراوەی دەمێننەوە بە مەرجێک کە ئاھەنگ و گردبوونەوەی کومەڵایەتی تیایدا ئەنجام نەدرێن.
سێیەم: شوێنەکانی گەشتیاری و ھاوینەھەوارەکان بە داخراوی دەمێننەوە لەپێناو پاراستنی ژیانی ھاووڵاتییان.
چوارەم: بازار لە رۆژانی ھەینیدا دادەخرێت.
پێنجەم: مارکێت و شوێنەکانی خزمەتگوزاری و ھەموو شوێنەکانی کارکردن بەداخراوی دەمێننەوە لە کاتژمێر ١٢:٠٠ ی شەو تا کاتژمێر ٦:٠٠ی بەیانی.
شەشەم: میکانیزمێکی گونجاو لەگەڵ رێکارەکانی خۆپارێزی دادەنرێت بو دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان.
حەوتەم: بازگەکانی سنووری پارێزگای دھۆک توندتر دەکرێن بو جێبەجێکردنی بڕیاری قەدەغەی ھاتوچۆ لەنێوان پارێزگاکان دا، و بەدواداچوونێکی توند دەکرێت بو ئەو کەسانەی کە بە رێگای نایاسایی دێنە نێو پارێزگای دھۆک.
ھەشتەم: کاراکردن و توندکردنی لیژنەکانی بەدواداچوونی بازاڕ و شوێنە گشتییەکان بو ئەوەی ھاووڵاتییان زیاتر پابەندی رێکارەکانی خۆپارێزی ببن.
نویەم: بەردەوامیدان بە راگرتنی رێوڕەسمە ئایینیەکان (موسڵمان، مەسیحی، ئێزدی) و راگرتنی نوێژی ھەینی لە مزگەوتەکان و رێورەسمەکانی ئایینی مەسیحی لە رۆژی یەکشەممە.