Ekip
09 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 09 کانوونی یەکەم 2022
دهۆك-AA
ئه‌مڕۆ رێوڕەسمی کۆتاییهێنان به نۆیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک به‌ڕێوه‌چوو، براوەکانی ئەم خولە ئاشکرا کران و خەڵاتەکان دابەشکران.
بەر لە رێوڕەسمی دابەشکردنی خه‌ڵاته‌كان، سەرپەرشتیار فێستڤاڵەکە، شه‌وكه‌ت ئه‌مين كوركى گوته‌يه‌كى پێشكه‌ش كرد و رایگه‌یاند: "ئەم ساڵ زياتر له ٣٠ وڵات بە فیلمه‌كانیان به‌شداريیان له فێستیڤاڵەکەدا كردووه، زياتر له نيوه‌ى فيلمهكانی ئه‌مساڵ كوردى بوون كه بەراورد بە ساڵانی رابردوو به رێژه‌يه‌كى به‌رچاو زيادىكردووه، هه‌روه‌ها جێگاى دڵخۆشىيه كه رێژه‌ى بينه‌رى فيلمه‌كان لە چاو ساڵانى رابردوودا زۆر هه‌ڵكشاوه، هیوای سه‌ركه‌وتن و به‌رده‌وامى بۆ هه‌موو فيلمسازانى به‌شدار لە فێستیڤاڵەكه ده‌كه‌م".
چالاکییەکانی فێستیڤاڵی فیلمی دهۆک، رۆژی پێنجشەممە ١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ بە فیلمی 'بووکا بارانێ' دەستیپێکرد و ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ کۆتایی هات، بۆ خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵ، ٥٧٠ فیلم نێردرابوون و لەو ژمارەیە تەنیا ٩٨ فیلم فێستیڤاڵەکەدا هەڵبژێردران بۆ به‌شداربوون، ٥١ فیلمی بیانی و ٤٧ فیلمی کوردی.
پارێزگارى دهۆک، عه‌لى ته‌ته‌ر له گوتهيهكی كورتدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه هيواخوازه ساڵ بە ساڵ ئه‌م فێستیڤاڵه له بەرەوپێشچوونی زیاتردا بێت و گوتى: "به‌ڵێنتان پێده‌ده‌م ساڵ بۆ ساڵ زياتر پيشتيوانى له فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک بكه‌ين".
تەوەری سەرەکیی خولی نۆیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک 'کۆچبەریی' بوو، جگە لە پێشاندانی فیلم لە سینەماکاندا، هاوکات لە کەمپی دۆمیزیش کە تایبەتە بە پەنابەرانی سوورى، پیشاندران.
ئه‌م جاره له‌میانی نۆیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆکدا، خەڵاتی یڵماز گونەی پێشكه‌شى ده‌رهێنه‌ری فیلمی (Klondike)، ماریانا ئێر گۆرباخ كرا. هه‌روه‌ها حوسێن حه‌سه‌ن وه‌ك باشترین دەرهێنەر و شيلان دوزدابان وه‌ک باشترین ئەکتەری ژن و به‌نگين عه‌لى وه‌ك باشترین ئەکتەری پیاو خه‌ڵات كران. فيلمى جيران وه‌كو باش‌ترين فيلمی دۆكيومێنتارى خه‌ڵاتی پێبه‌خشرا و مان‌و خه‌ليل خه‌ڵاتى باش‌ترين سیناريۆ بۆ فيلمى جيرانی پێدرا.