Ozhin Jola
30 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 31 کانوونی یەکەم 2020
کەرکووک – AA
ئەمڕۆ چوارشەممە کەسی یەکەمی حزب و لایەنە کوردستانییەکانی کەرکووک لە بارەگای مەڵبەندی دووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کەرکووک کۆبوونەوە.
دوای کۆبوونەوەکەیش لێپرسراوی مەڵبەندی دووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کەرکووک، محەمەد عوسمان بەیاننامەی لایەنەکانی ئاراستەی ھەرسێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق کرد و رایگەیاند "لەکاتێکدا پەرلەمان و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان ھەیکەلێتی نوێی ئۆفیسەکانیان دروستکردووە، چەند لایەنێک کە ناسنامەکانیان لای ئێمە و خەڵکی ئاشکرایە ھێرشی توند و ناڕەوا دەکەنە سەر بەڕێوبەری ئۆفیسی کەرکووکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان بەئامانجی ناوزڕاندن و ترس و گومانکردن لە ئەنجامی پێشوەختەی ھەڵبژاردنەکان و لەو رووەوە، پێکھاتەیەکی دیاریکراویان کردۆووەتە ئامانجە ناڕەواکانیان".
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەی لایەنە کوردستانیەکاندا ھاتووە "داوا لە پەرلەمان و داواکاری گشتیی دەکەین کە بەپەلە رێوشوینی یاسایی و دەستووریی دژی ئەو تۆمەت و ناوزڕاندنە بگرنەبەر و تۆمەتچییەکان رووبەڕووی دادگا بکەنەوە و تیمی پارێزەران رادەسپێرین بۆ ئەوەی رێوشوینی یاسایی لەبەرامبەریان بگرنەبەر، چونکە وای دەبینین ھەڵوێستی ئەو لایەنانە، سەرەتایەکی مەترسیدارە بەئاراستەی سەرھەڵدانی دووبەرەکیی و ئاژاوە لە پارێزگاکە و ئەوە ئێمە بەرپرسیار نین لەسەری".
محەمەد عوسمان راشیگەیاند "تەئکید لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە بەپێی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان پۆستە ئیدارییەکان دابەش بکرێت و پێداچونەوەی پێدا بکرێت و ئەو لایەنەنای براوەی ھەڵبژاردنەکان بوون پەراوێز نەخرێن".
لێپرسراوی مەڵبەندی دووی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان ئاماژەی بەوەیشدا کە ھەڵوێستی ئەو لایەنانە دژبە دەستوور و یاسایە، ھەروەھا ترس و گومانکردنیشە لە ئەنجامی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ھەڵبژاردن کە ترسی ئەوەیان ھەیە قەبارەی خۆیان بۆ شەقامی کەرکووک و عێراق ئاشکرابکرێت.
ئەم وەڵامەی حزب و لایەنە کوردستانییەکان لە پاش کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممەی بەشێک لە حزب و لایەنە عەرەب و تورکمانییەکان دێت کە دژی بەڕێوبەری ئۆفیسی کەرکووکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان بەیاننامەی ھاوبەشیان بڵاوکردەوە و تیایدا بەڕێوبەری ئۆفیسی کەرکووکی کۆمیسیۆنیان بە بەشداریکردن لە ساختەکاری ھەڵبژاردنەکانی رابردوو تۆمەتبارکردبوو .