هەولێر AA
ساڵی ٢٠٢٠ لە دنیادا بە ساڵێکی شوم و خراپ ناسرا، ڤایرۆسی کۆرۆنا و لێکەوتەکانی زۆر شتی لە ژیانی خەڵک گۆڕی و ناخۆشییەکانی زیاتر بوو لە خۆشی، بەڵام ژیان نەوەستاوە و لە دنیادا سەدان رووداوی گرنگ و کاریگەر روویانداوە.
تایبەت بەو رووداوانەی کە لە هەرێمی کوردستان روویاندا ئاژانسی ئانادۆڵو لەم پانۆرامایەدا گرنگترینیان دووبارە دەنوسێتەوە و بەبیری خوێنەری دەهێنێتەوە.
سێی کانوونی دووەم
لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزەکانی ئەمریکا لە بەغدا، فەرماندەی فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسداران، قاسم سولەیمانی کوژرا، دواتر لە هەولێر و سلێمانی پرسەی بۆ دانرا و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لە ئاستی باڵادا بە بەشداری لە پرسەکە و بەیاننامەی فەرمی هاوخەمیان بۆ کوژرانی قاسم سولەیمانی دەربڕی.
هەشتی کانوونی دووەم
چەند مووشەکێکی ئێران لە خاکی هەرێمی کوردستان کەوتنە خوارەوە.
بەرەبەیانی رۆژی هەشتی کانوونی دووەم، سوپای پاسدارانی ئێران لە وەڵامی کوژرانی قاسم سولەیمانی-دا، چەند مووشەکێکیان ئاراستەی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا کرد لە خاکی عێراقدا.
دوو مووشەکیان لە هەرێمی کوردستان کەوتنە خوارەوە، یەکێکیان لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و ئەوی دیکەشیان لە نزیک قەزای بەردەرەش سەربە پارێزگای دهۆک.
١١ی کانوونی دووەم
بەلەمێکی گواستنەوەی کۆچبەران لەنێوان یۆنان و ئیتاڵیادا ژێرئاوکەوت، بەگوتەی دەزگای لووتکە تایبەت بە کاروباری پەنابەران، ١٧ کۆچبەری خەڵکی هەرێمی کوردستان لەو رووداوەدا بێسەروشوێن بوون.
١٨ی کانوونی دووەم
پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتییەکەیدا بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی بڕیاری بەستنی کۆنگرەیاندا، بەڵام تا ئێستا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆنگرەکە نەبەستراوە.
٢١ی کانوونی دووەم
باندێکی نێودەوڵەتیی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر لە هەولێر دەستگیرکران کە ١٣٠ کیلۆگرام هیرۆینیان پێگیرا، رۆژی دواتریش ئاسایشی دهۆک گیرانی بڕی ٥٧ کیلۆگرام هیرۆینی دیکەی راگەیاند کە لە دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل گیرابوون و بەنیازبوون رەوانەی تورکیای بکەن.
٢١ کانوونی دووەم
نێچیرڤان بارزانی و مەولود چاوشئۆغلو کۆبوونەوە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و وەزیری دەرەوەی تورکیا، مهولوود چاوشئۆغلو لە پەراوێزی دیدار و کۆبوونەوەکانی پەنجاهەمین خولی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی داڤۆس کۆبوونەوە و جهختيان له پهرهپێدانى زياترى پهيوهندييهكانى ههرێمى كوردستان و توركيا و گرنگيى پێكهوه كاركردن بۆ هێوركردنهوهى دۆخى ئاڵۆزى ناوچهكه و گێڕانهوهى ئارامى و سهقامگيرى كردهوه.
٢٢ی کانوونی دووەم
دۆناڵد ترەمپ و نێچیرڤان بارزانی کۆبوونەوە.
سەرۆکی هەرێمی کورستان، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە پەراوێزی دیدار و کۆبوونەوەکانی پەنجاهەمین خولی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی داڤۆس کۆبوونەوە و دۆخی عێراق و پەیوەندییەکانی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان تاوتوێ کران.
دووی شوبات
وەزیرى دەرەوە و بەرگریی بەلجیکا سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد.
وەزیرى دەرەوە و بەرگریی بەلجیکا، فیلیپ گۆفین سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی کۆبووەوە.
١١ی شوبات
بەهۆی هاتنی شەپۆلێکی توندی سەرما و سۆڵە و بەفر و باران بارینی چڕ، رۆژی ١١ی شوبات لە هەرێمی کوردستان کرایە پشوو.
١٨ی شوبات
هاوسەرۆکانی یەکێتی هەڵبژێردران.
لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا بە دەنگی ئەندامانی سەرکردایەتی هەریەکە لە بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی بە هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەڵبژێردران.
٢٢ی شوبات
ئامادەکارییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ خۆپارێزی لە کۆرۆنا دەستی پێکرد.
نەخۆشخانەی ناوەندی هەولێر وەک یەکەمین نەخۆشخانە لە هەولێر تەرخانکرا بۆ گومانلێکراوانی تووشبوون بە کۆرۆنا وەک یەکەمین هەنگاوی ئامادەکاری بۆ ئەگەری گەیشتنی ڤایرۆسەکە.
٢٤ شوبات
بۆ بەرگرتن لە گەیشتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە هەرێمی کوردستان رۆژی ٢٤ی شوبات دەروازە سنوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران داخران، داخستنەکەش لە قۆناغی یەکەمدا سەرجەم جوڵەکانی بازرگانیی و گەشتیاریی گرتەوە، بەڵام دوای یەک رۆژ و لە ٢٥ی شوبات جووڵەی بازرگانیی دەستی پێکردەوە.
٢٦ی شوبات
پرۆسەی خوێندن لە هەرێمی کوردستان لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن لە قوتابخانە، زانکۆ و پەیمانگاکان راگیرا.
یەکی ئادار
کۆرۆنا گەیشتە هەرێمی کوردستان.
چوار حاڵەتی کۆرۆنا لە سلێمانی تۆمارکران کە سیانیان ئەندامی یەک خێزان بوون، بەپێی راگەیەندراوی پارێزگای سلێمانی تووشبووەکان لە گەشتی ئێران بوون و لەو وڵاتە تووشی ڤایرۆسەکە بووبوون.
چواری ئادار
یەکەمین حاڵەتی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرا. وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند، یەکەمین حاڵەتی گیانلەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە سلێمانی تۆمارکرا کە مامۆستایەکی ئایینی تەمەن ٧٠ ساڵ بوو.
١٤ی ئادار
٤٨ کاتژمێر قەدەغەکردنی هاتوچۆی تەواوەتی لە هەرێمی کوردستان راگەیەندرا و هاتوچۆی نێوان شار و پارێزگاکانیش قەدەغەکرا.
٢١ی ئادار
یادی جەژنی نەورۆز نەکرایەوە و مەراسیم و فێستڤاڵەکانی نەورۆز بەهۆی رێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا بەڕێوەنەچوون.
حەوتی نیسان
بۆ یەکەمجار لە سلێمانی پلازمای خوێنی چاکبووانی کۆرۆنا بۆ چارەسەرکردنی تووشبووانی نوێ بەکارهات.
سێی ئایار
تەندروستی سلێمانی کۆتایی هاتنی کۆرۆنای لە سنووری سلێمانی راگەیاند و دوایین پێنج تووشبوو کە لە نەخۆشخانە مابوون چاکبوونەوە، بەڵام دوای ماوەیەک شەپۆلێکی توند جارێکی دیکە گەڕایەوە و ژمارەی تووشبووان هەزاران کەسی تێپەڕاند.
١٦ی ئایار
لە دهۆک بۆ داواکردنی مووچە، خۆپیشاندانی فەرمانبەران و مامۆستایان بەرێوەچوو و لە خۆپیشاندانەکەدا، ژمارەیەک چالاکوان و رێکخەرانی خۆپیشاندانەکە و بەشێک لەو رۆژنامەنووسانەی رووماڵی خۆپیشاندانەکەیان دەکرد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران.
یەکی حوزەیران
لە ژمارەیەک شار و شارۆچکە خۆپیشاندان دژبە بەردەوامی قەدەغەکردنی هاتوچۆ و راوەستانی کار و بازاڕ دەستیپێکرد.
٢٢ی حوزەیران
هونەرمەند عەتا چاوشین بەهۆی تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانی لەدەستدا.
٢٩ی حوزەیران
پارێزگاری نوێی دهۆک، عەلی تەتەر لەبەردەم سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا سوێندی یاسایی خوارد و دەستبەکاربوو.
یەکی تەمووز
یاسای چاکسازی لە مووچە و دەرماڵە لە هەرێمی کوردستان چووە بواری جێبەجێکردنەوە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا رایگەیاند "چاکسازی خواستی هەموو خەڵکی کوردستانە بۆیە یاساکە هەموو بوارەکان دەگرێتەوە".
سێی تەمووز
دروستبوونی ناڕەزایی و خۆپیشاندانی جووتیارانی سنووری پارێزگای هەولێر بەهۆی ساغ نەبوونەوەی بەروبوومی تەماتەی خۆماڵی و کێبڕکێی تەماتەی هاوردەی تورکی و ئێرانی.
ئەم ناڕەزایەتییە لایەنە پەیوەندیدارەکانی هێنایە سەرخەت و بڕیاردرا لە ساڵی ٢٠٢١ بەروبوومی تەماتەی جووتیاران بکرێتە دۆشاو و گرێبەستی فەرمی لەگەڵ دوو کارگەی دۆشاو لە هەریر و شارەزوور واژوو کرا.
چواری تەمووز
شێخ محەمەد شێخ عەبدولکەریم کەسنەزانی رێبەری تەریقەتی قادری لە تەمەنی ٨٢ ساڵیدا لە ئەمریکا کۆچی دوایی کرد، رۆژی ١٠ی تەمووز تەرمەکەی گەڕێنرایەوە هەرێمی کوردستان و لە تەکیەکەی خۆی لە سلێمانی بەخاکسپێردرا.
حەوتی تەمووز
ئەمریکا بڕیاریدا کۆنسولی وڵاتەکەی لە هەولێر بگۆڕێت.
کۆنسولی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر، ستیڤ فەیگن رۆژی حەوتی تەمووز کۆتایی هاتنی ئەرکەکەی لە هەرێمی کوردستان راگەیاند و لەجێی ئەو رۆب وۆڵەر وەک کۆنسولی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر دیارییکرا کە دیپلۆماتکارێکی بە ئەزموونی ئەمریکایە و بەرپرسی کاروباری عێراق بوو لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و یەکێکە لە دیپلۆماتکارە بەناوبانگەکانی ئەمریکا.
١١ی تەمووز
تاقیکردنەوەکانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی دەستیپێکرد.
تاقیکردنەوەکانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی دوای مشتومڕێکی زۆر لەنێوان دواخستن و ئەنجامداندا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، دواجار بەپێی رێکار و رێنماییە تەندروستییەکان دەستیانپێکرد و لە رۆژی هەشتی ئاب کۆتایی بە تاقیکردنەوەکان هات.
١١ی تەمووز
بەردی بناغەی شەقامی ١٠٠ مەتری سلێمانی دانرا و دەست بەکارکردن کرا تێیدا کە ماوەی حەوت ساڵ بوو دانیشتوانی ئەو شارە چاوەڕوانی دروستکردنی ئەو شەقامەبوون.
١٧ی تەمووز
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، جان ئيڤ لۆدريان سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی کۆبووەوە.
١٩ی تەمووز
وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف بە سەردانێکی فەرمی هاتە هەرێمی هەرێمی کوردستان و لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی کۆبووەوە.
٢٣ی تەمووز
وەزیری دەرەوەی فینلاند، پێكا هاڤيستۆ سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی نێوان فینلاند و هەرێمی کوردستانیان تاوتوێ کرد.
یەکی ئاب
هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی گەشتەکانیان دەستپێکردەوە دوای ئەوەی ماوەیەک بەهۆی رێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا داخرابوون، بەڵام گەشتکردن بە رێگەپێدانی تەندروستی و دەبوو گەشتیار بەر لە ٤٨ کاتژمێر پشکنینی PRR ئەنجام بدات.
سێی ئاب
دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل داخرا.
بەهۆی ئاگرگرتنی دوو بارهەڵگر لەناو دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیلدا، دەروازەکە بەڕووی هاتوچۆی گەشتیاری و بازرگانییدا داخرا.
شەشی ئاب
جەلیل گادانی، کەسایەتیی سیاسیی و سەرکردەی پێشووی حزبی دیموکراتی کوردستان لە تەمەنی ٨٦ ساڵیدا بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەیەکی هەرێمی کوردستان گیانی لەدەستدا.
١٠ی ئاب
هونەرمەند سابیر کوردستانی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی کۆچی دوایی کرد.
١٢ی ئاب
ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە راگەیێندرا.
١١ی ئاب
هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لاهور شێخ جەنگی تووشی کۆرۆنا بوو و رۆژی ١٨ی ئاب چاکبوونەوەی راگەیاند.
٢٧ی ئاب
وەزیرى بەرگریى فەڕەنسا، فلۆرانس پارلى بە سەردانێکی فەرمی هاتە هەولێر و لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی کۆبووەوە و تاوتوێی هاوکارى و هەماهەنگیى نێوان پێشمەرگە و سوپاى عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەى تیرۆریان کرد و فەڕەنساش بەڵینیدا پشتیوانی بەردەوامی هەرێمی کوردستان بێت.
٢٧ی ئاب
هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی تووشبوونی خۆی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیاند و رۆژی هەشتی ئەیلوولیش رایگەیاند کە ڤایرۆسەکەی تێپەراندووە.
دووی ئەیلوول
نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن کۆبووەوە.
سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن بە گەشتێکی یەک رۆژە سەردانی بەغدای کرد، بەپێی راگەیەندراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەسەر داوای ماکرۆن، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی چووە بەغدا و لەوێ لەگەڵیدا کۆبووەوە.
١٠ی ئەیلوول
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی بە سەردانێک هاتە هەولێر و لەلایەن سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پێشوازی لێکرا.
کازمی دوو رۆژ لە هەرێمی کوردستان مایەوە و جگە لە کۆبوونەوە سیاسیەکانی سەردانی خاڵە سنوورییەکانیشی کرد و لە دۆخی دەروازە سنوورییەکانی کۆڵییەوە کە بەپێی رێککەوتنێکی پێشتری هەولێر و بەغدا دەبێت لەسەدا ٥٠ی داهاتی ئەو خاڵە سنوورییەکانە بۆ عێراق بێت.
٢٢ی ئەیلوول
دوو تۆمەتباری رووداوەکەی ریستۆرانتی هۆقەباز ئازادکردن، دوو تۆمەتباریش بە دوو ساڵ زیندانیکردن سزا دران و دوو تۆمەتباری سەرەکی رووداوەکەش سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرکرا.
٢٩ی ئەیلوول
سەرپەرشتیاری پێشووی ئیدارەی گەرمیان، سەلاح کوێخا بەهۆی تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەیەکی شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد.
٣٠ی ئەیلوول
شەش مووشەک ئاراستەی هەولێر کران.
شەوی ٣٠ی ئەیلوول لە ناوچەی بەرتلەی سەربە پارێزگای نەینەوا، شەش مووشەک ئاراستەی فڕۆکەخانەی هەولێر کران، بەڵام نەگەیشتنە ئامانجەکەیان و لە ناوچەیەکی چۆڵەوانی کەوتنە خوارەوە.
دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند "له سنوورى گوندى شێخ ئهميرهوه كه سهربه پارێزگاى نهينهوايه لهلايهن ميليشياكانى حهشدى شهعبييهوه شەش مووشهك به ئاراستهى فڕۆكهخانەی نێودهوڵهتیى ههولێر هاوێژران، بهڵام دوور له فڕۆكهخانه له چۆڵهوانى كهوتنه خوارهوه و دوو لهو مووشهكانهش نهتهقيونهتهوه و خۆشبهختانه هيچ زيانێكى لێ نهكهوتهوه".
یەکی تشرینی یەکەم
رابەری رۆحیی ئێزدییەکان، شێخ خرتۆ حاجی ئیسماعیل ناسراو بابە شێخ لە تەمەنی ٨٧ ساڵیدا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ھەولێر کۆچی دوایی کرد.
پێنجی تشرینی یەکەم
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی و جێگری سەرۆکوەزیران، قوباد تاڵەبانی و وەزیری دارایی و ژمارەیەک لە وەزیر و کاربەدەستی دیکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چوونە پەرلەمانی کوردستان و لە کۆبوونەوەیەکدا کە زیاتر لە ١٠ کاتژمێری خایاند وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتارانیان دایەوە.
نۆی تشرینی یەکەم
رێککەوتننامەی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال لەنێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقدا واژووکرا.
١٩ی تشرینی یەکەم
پارێزگاری هەولێر، فرسەت سۆفی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو، سەرەتا لە نەخۆشخانەیەکی هەولێر بۆ وەرگرتنی چارەسەر خەوێندرا و دواتریش گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، دواتر لە بەرەبەیانی رۆژی ١٨ی تشرینی دووەم بەهۆی توندبوونی نەخۆشییەکەی هەر لە نەخۆشخانە کۆچی دوایی کرد.
٣١ی تشرینی یەکەم
پارێزگاری پێشووی کەرکووک، نەجمەددین کەریم بەهۆی جەڵتەی میشکەوە پاش ماوەیەک مانەوە لە نەخۆشخانەیەکی ئەمریکا کۆچی دوایی کرد.
یەکی تشرینی دووەم
لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، بەهۆی زیادبوونی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بڕیاریدا خوێندنی ناو پۆل لە ناوەندەکانی خوێندندا تا یەکی کانوونی یەکەم رابگیرێت و دواتریش تا حەوتی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ بڕیارەکە درێژکرایەوە.
١٠ی تشرینی دووەم
سیاسەتمەدار و سەرکردەی دیاری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، قادری حاجی عەلی دوای مانەوەی بۆ ماوەیەکی زۆر لە نەخۆشخانە، بەهۆی تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، گیانی لەدەستدا.
٣٠ی تشرینی دووەم
پشێوی لەنێو دانیشتنی پەرلەمانی کوردستاندا دروستبوو بەهۆیەوە دانیشتنی پەرلەمان ئەنجام نەدراو دواخرا، بەشێک لە پەرلەمانتاران ناڕەزایەتییان لەسەر کارنامەی دانیشتنەکانی پەرلەمان دەربڕی و داوایان دەکرد بە ئامادەبوونی حکوومەت دانیشتنی تایبەت بە مووچەی فەرمانبەران بکرێت.
یەکی کانوونی یەکەم
سیاسەتمەداری كورد و سكرتێری پێشووی حزبی شیوعی عێراق، بەهائەددین نوری لە تەمەنی ٩٣ ساڵیدا بەهۆی تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە کۆچی دوایی کرد.
دووی کانوونی یەکەم
خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەران و مووچەخۆران لە بەردەرکی سەرا لە سلێمانی دەستی پێکرد، دواتر خۆیشاندانەکان تەشەنەی سەند و بەشێکی زۆر لە شار و شارۆچکەکانی سنووریی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەی گرتەوە و چەند رۆژێک بەردەوام بوو.
لە خۆپیشاندانەکاندا زیاتر لە ١٤٥ بارەگای حزب و فەرمانگەی حزبی سووتێندران و ١٠ کەس کوژران و زیاتر لە ٦٠ کەسیش برینداربوون.
حەوتی کانوونی یەکەم
بەبڕیاری وەزارەتی رۆشنبیری کەناڵی NRT بۆ ماوەی هەفتەیەک پەخشی راگیرا و بارەگای کەناڵەکە داخرا.
نۆی کانوونی یەکەم
ژمارەیەک پەرلەمانتاری کوردستان لەنێو تەلاری پەرلەماندا مانگرتنیان راگەیاند و داوای جێبەجێکردنی داواکارییە سەرەکییەکانی خۆپیشاندەرانیان دەکرد، دوای چوار رۆژ لە ١٣ی کانوونی دووەم مانگرتنەکەیان شکاند.
نۆی کانوونی یەکەم
شاندی باڵای دانوستانکاری هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی چوونەوە بەغدا و دوو هەفتە مانەوە، دوای گەڕانەوەشیان رایانگەیاند لەگەڵ حکوومەتی بەغدا لەسەر پرۆژەیاسای بوودجەی ساڵی ٢٠٢١ رێککەوتووین و بۆ یاسای قەرزیش ئامادەیی جێبەجێکردنی یاساکەمان پیشانداوە و چاوەڕوانی وەڵامی بەغداین.
١٣ی کانوونی یەکەم
له گوندی دیرەشێ سهربه قهزای ئامێدی شەڕ لەنێوان پەکەکە و پێشمەرگەدا دروستبوو و لە ئەنجامدا، پێشمەرگەیەک گیانی لەدەستدا و سێ پەکەکەش برینداربوون.
٢٤ی کانوونی یەکەم
وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ خۆپارێزی لە جۆرە نوێکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا گەشتکردنی هاووڵاتییانی بۆ هەریەک لە وڵاتانی (بهریتانیا، کۆماری باشووری ئهفریقا، ئوسترالیا، دانمارك، هۆڵهندا، بهلجیكا، ئێران و ژاپۆن) قەدەغەکرد و هاووڵاتییانی ئەو وڵاتانەش ناتوانن بێنە هەرێمی کوردستان.
news_share_descriptionsubscription_contact

