Zana Natık Kerem
11 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 12 نیسان 2022
ھەولێر ــ AA
دوێنێ شەممە، چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە کاتی بەربانگ کردنەوەدا ھێرشیان کردووەتە سەر گوندی دوکشمان سەربە ناحیەی رەشاد باشووری رۆژئاوای پارێزگای کەرکووک و بەھۆیەوە ژمارەیەک قوربانی لێکەوتەوە.
لەمبارەیەوە چەکداری حەشدی شەعبی و دانیشتوی گوندی دوکشمان، رائید ئەحمەد لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو وردەکاری لەبارەی پەلامارەکەی داعش بۆسەر گوندەکەیانی خستەڕوو و گوتی: "دوێنێ کاتژمێر ٦:١٠ بەر لە بەربانگ کردنەوەدا، تیرۆریستانی داعش پەلاماری گوندەمان و خاڵەکانی حەشدی شەعبییان دا".
بە گوتەی ئەو چەکدارەی هێزەکانی حەشدی شەعبی داعش لە دوو ئاراستەوە پەلاماری گوندەکەی داوە.
باسی لەوەش کرد کە لە ئاکامی پەلامارەکەدا، چەکدارێکی حەشدی شەعبی و کەسێکی مەدەنی کوژران و ژمارەیەک کەسی دیکەیش برینداربوون.
لەم بارەیەوە دەستەی حەشدی شەعبی لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردبوویەوە کە چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە کاتی بەربانگ کردنەوەدا، ھێرشیان کردووەتە سەر گوندی دوکشمان سەربە ناحیەی رەشاد باشووری رۆژئاوای پارێزگای کەرکووک و لە ئاکامدا، چەکدارێکی حەشدی شەعبی و ھاووڵاتییەک کوژراون، چوار ھاووڵاتیی دیکە برینداربوون و دوو ھاووڵاتیش لەلایەن چەکدارەکانەوە رفێندراون.