Ozhin Jola
27 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 29 تشرینی دووەم 2020
کەرکووک – AA
هاووڵاتی عەبدوڵڵا ئەحمەد کە پیشەی دارتاشە و لەدایکبووی ساڵی ١٩٧٦ی شاری کەرکووک-ە، ماوەی ٣٢ ساڵە سەرقاڵی پیشەی دارتاشییە و لەپاڵ پیشەکەیدا، خولیای کاری چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلیشی ھەیە
عەبدوڵڵا ئەحمەد لەسەر بیرۆکەی دروستکردنی ئۆتۆمبێلەکەی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ماوەی دووساڵە بیرۆکەی دروستکردنی ئۆتۆمبێلم ھەیە، بەڵام بەھۆی کەمی کات و سەرقاڵبوونم بەکاری دارتاشییەوە نەپەڕژاومەتە سەری، بۆیە ماوەی کەرەنتینە و قەدەغەکردنی ھاتوچۆ، دەرفەتێکی باشبوو بۆ ئەوەی بەئامانجەکەم بگەم، ئەویش دروستکردنی ئۆتۆمبێلە لە دار و ماوەی شەش مانگە لەناو دوکانی دارتاشییەکەم لە گەڕەکی رەحیماوا کارم تیادا کرد و ماوەی چەند رۆژێکە کارەکەم بەسەرکەوتوویی بەکۆتا گەیاند و لەئێستادا، ئۆتۆمبێلەکەم بەشەقامەکانی کەرکووکدا دەڕوات بەبێ ھیچ کێشە و گرفتێک".
عەبدوڵڵای دارتاش باسی لەوەکرد کە ئوتۆمبێلێکی کۆنی و وەرگەڕاوەی بەتابلۆکەیەوە کڕی و تەنھا شاسێکەی تیادا ھێشتەوە و گێڕ و مەکینەیشی بۆ کڕی لەگەل کرێکارەکانیدا، دەستیان بە دروستکردنی کرد و گوتی:
"ئۆتۆمبێلێکەم لە سۆشیاڵ میدیادا بینی و بەدڵم بوو کە ئۆتۆمبێلی مارسێدسی مۆدیل ١٩٥٣ بوو، منیش لەسەر شێوازی ئەو ئۆتۆمبێلە ئەم ئۆتۆمبێلەم بەداری جۆری ڤێکس دروستکرد کە ئەم دارە لە کەرکووک نییە و لە شاری سلێمانی-یەوە کڕیم و کارم پێی کرد، دواتر جۆرە بۆیاخێکم کردووە کە بەرگەی سەرما و گەرما دەگرێت و بۆ ھەموو وەرزەکان گونجاوە".
عەبدوڵڵا ئۆتۆمبێلەکەی بەناوی خۆیەوە ناوە و لۆگۆکەیشی پیتی یەکەمی ناوەکەی خۆیەتی.
عەبدوڵڵای دارتایش دەڵێت "ئۆتۆمبێلەکەم بەناوی خۆمەوە ناو ناوە و لۆگۆکەیشی پیتی (ع)ینە خەتی کۆفی عەرەبی و ئەویش پیتی یەکەمی ناوەکەی خۆمە، چونکە زۆر ماندوبوومە بەدروستکردنی و پێم خۆشبوو بەناوی خۆمەوە ناوی بنێم".
عەبدوڵڵا گوتیشی: "لە دروستکردنی ئەو ئوتۆمبێلە ھیچ کەس ھاوکار و پاڵپشتم نەبوو، بۆیە ئەگەر بێت و حکوومەت و کاربەدەستان ھاوکارم بن، دەتوانم کاری باشتر و گەورەتر ئەنجام بدەم و پرۆژەکەم گەورەتر بکەمەوە بۆ خزمەتی خەڵکی کەرکووک".
هەروەها گوتیشی: "کە بەسەر شەقامەکاندا تێپەڕم خەڵکێکی زۆر سەیری ئۆتۆمبێلەکەم دەکەن و لایان سەیرە کە بەدار دروستکراوە، ھەندێجار کە لە شوێنیکدا رایدەگرم خەڵکی وێنەی لەگەڵ دەگرن و ھەندێک کەسیش داوای کڕینی دەکەن، بەڵام من نیازی فرۆشتنیم نییە، چونکە من بۆ حەزی خۆم دروستم کردووە نەوەک بۆ قازانجی ماددی".