Zana Natık Kerem
24 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 24 تشرینی دووەم 2021
ھەولێر ــ AA
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق رایگەیاند کە لەسەر بڕیاری دەستەی دادوەریی بۆ ھەڵبژاردنەکان، پرۆسەی دووبارە ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان بە دەست بۆ ٢٦٤ وێستگەی ھەڵبژاردنەکانی سێ پارێزگا کە تانەیان لێدراوە، دەست پێ کردووە.
ئەندامی تیمی راگەیاندن لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق، عیماد جەمیل لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە، کۆمیسیۆن لەسەر بڕیاری دەستەی دادوەریی بۆ ھەڵبژاردنەکان، دەستی کردووە بە پرۆسەی دووبارە ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان بۆ ٢٦٤ وێستگەی ھەڵبژاردنەکانی سێ پارێزگا کە تانەیان لێدراوە و گوتی: "ئەو وێستگانەی کە پرۆسەی دووبارە ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان بۆیان ئەنجام دەدرێتەوە، ١٨٤یان تایبەتن بە پارێزگای بەغدا، ٤٩ی وێستگەیش تایبەتن بە پارێزگای نەجەف و ٣١ وێستگەی دیکەیشیان تایبەتن بە پارێزگای موسەننا".
عیماد جەمیل باسی لەوەش کردووە کە پڕۆسەکە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی قەوارە سیاسییەکان، چاودێرانی نێودەوڵەتیی و میدیاکاران، بەڕێوەدەچێت.
دوێنێ سێشەممە، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق لەسەر بڕیاری دەستەی دادوەریی بۆ ھەڵبژاردنەکان، پرۆسەی دووبارە ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان بە دەست بۆ ٣٨٩ وێستگەی پارێزگای زیقار کە تانەیان لێدرابوو ئەنجام دا.
پێشتریش کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق رایگەیاندبوو کە دوای یەکلاییکردنەوەی سەرجەم تانەکان لەلایەن دەستەی دادوەرییەوە، ئەنجامە کۆتاییەکانی ھەڵبژاردنەکان رادەگەیەنێت.