Heman Hussein Yaseen
24 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 24 تشرینی دووەم 2021
هەولێر - AA
ماوەی چوار رۆژە خۆپێشاندانی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی بەشێک لە شارەکانی ھەرێمی کوردستان بە مەبەستی گەڕانەوەی دەرماڵەکانییان بەردەوامە و ئەمڕۆش لە ھەڵەبجە، سلێمانی و کۆیە خوێندکاران ھاوشێوەی رۆژانی رابردوو دەستیان بە خۆپێشاندان کردەوە.
لەبەردەم زانکۆی کۆیە، خوێندکاران بە بەرزکردنەوەی دروشمی "یان خوێندن و دەرماڵە، یان وازھێنان مەحاڵە" گردبوونەوە و بە چەند دروشمێکی دیکەیش داوای گەڕانەوەی دەرماڵەکانیان دەکەن.
بە پێی زانیارییەکان، ئەگەرچی دوێنێ زانکۆی سلێمانی، ماوەی دوو رۆژ و زانکۆی راپەڕین-یش ماوەی چوار رۆژ پشووی راگەیاند، بەڵام ئەمڕۆ یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی کۆیە بۆ کاروباری خوێندکاران، قارەمان نادر محەمەد بەڵێنی بە قوتابییان داوە کە بەشە ناوخۆییەکان داناخات و داوایشی لە قوتابییان کرد کە ھێمنی بپارێزن و ھەوڵ بدرێت موڵکی گشتی بپارێزن.
دەرماڵەی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکانی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٤ و دوای دروستبوونی قەیرانی دارایی لە ھەرێمی کوردستان بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران راگیراوە.
بڕی دەرماڵە بۆ خوێندکارانی دەرەوەی ئەو شارەی کە دەوامیان تیادا دەکرد، ئەگەر بەشەناخۆییان وەرنەگرتایە ١٠٠ ھەزار دینار، ئەگەر بەشەناوخۆییشیان وەرگرتایە ٦٠ ھەزار دینار بوو، ھەروەھا بۆ ئەو خوێندکارانەی کە لە شارەکانی خۆیان دەوامیان دەکرد بڕی ٤٠ ھەزار دیناریان پێ دەدرا.