Azad Mohammed Abdullah,Hamit Hüseyin
08 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 09 ئەیلوول 2018
هەولێر - AA
ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى حیزبى دیموکراتى کوردستان(حدک)، خالید وەنەوشە کە یەکێکە لە بریندارانى بۆردومانەکە لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو دەدوێت و ساتەوەختى بۆردومانەکە باس دەکات و دەڵێت: "ئەمڕۆ لەکاتى بەڕێوەچوونى یەکەم کۆبوونەوەى دوای کۆنگرەى ١٦ى حیزبى دیموکراتى کوردستان لە بارەگاکەمان لە قەزاى کۆیە، کە کۆبوونەوەى کۆمیتەى ناوەندى هەڵبژێردراوى کۆنگرەى ١٦-مان هەبووە، لە کاتژمێر ١٠:٤٣ خوولەکى پێشنیوەڕۆ بارەگاکانمان بۆردومانکران، یەکەم بۆمب بەر بارەگاى سەرکردایەتیمان کەوت".
خالید وەنەوشە لەبارەى زیانە گیانییەکانەوە گوتى: "خەڵکێکى زۆرمان لە بۆردوومانەکەدا شەهید بووە، ناتوانم ئامارێکى ورد رابگەیەنم، بەڵام زیاتر لە ١٠ کەس شەهید بووە و بریندارى زۆرمان هەیە، بۆردومانەکان وێرانەیەکى گەورەى ناوەتەوە، تا ئێستا هیچ ئەندامێکى دەفتەرى سیاسیمان شەهید نەبووە، بەڵام ئەندامى سەرکردایەتى و کادیر و پێشمەرگە و خەڵکى دیکەمان شەهید بوون".
ناوبراو دەڵێت: "هیچ گومانى تێدا نییە ئێران ئەنجامدەرى بۆردومانەکانى قەزاى کۆیەیە، مووشەکەکان ئێرانین و لە ئێرانەوە دروستکراون، لە شەوى رابردووەوە ئێران هەڵساوە بە بۆردومانکردنى بنکە و بارەگاکانمان لە ناوچە سنوورییەکان، لە سنوورى چۆمان بەرەو شارى پیرانشار و شارى شنۆ بارەگاکانمان کەوتووەتە ژێڕ رەهێڵەى بۆردومانەکانى ئێران، جگە لە بریندار هیچ کەسێکمان گیانى لە دەست نەداوە، زیانى ماددیشمان بەرکەوتووە لە بۆردومانەکاندا".
هەر ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا، ئەندامى دەفتەرى سیاسى ئهو حیزبه، کەمال کەریمى بۆ دەزگاکانى راگەیاندن گوتى: "ئەمڕۆ کاتژمێر دە و نیوى پێش نیوەڕۆى ئەمڕۆ لەلایەن ئێرانەوە هێرشى مووشەکى کرایە سەر بنکەى دەفتەرى سیاسى حیزبى دیموکراتى کوردستان، کە شوێنى کارى رۆژانەى کادیرەکانى حیزبى دیموکراتە لە بەشە جۆراوجۆرەکان، یەکەم مووشەک نزیک بنکەى دەفتەرى سیاسى گرتەوە و دوو مووشەکى تر لە دەورەبەرەکە کەوتن، چەند مووشەکێکى تر وردتر ناوچەکەیان کردە ئامانج. بەهۆى ئەو مووشەکبارانەوە کە گومانمان نییە لە ئێرانەوە ئاراستەى ئێرە کراون، خەڵکى کۆیەوە و تەواوى سنوورەکە هەم مووشەکەکانیان بینیووە کە لە ئێرانەوە هاتوون هەمیش دەنگى مووشەکەکانیان بیستووە".
کەمال کەریمى لەبارەى ئامارى قوربانیانى بۆردومانەکە گوتى: "لە کۆى ١٦ پێشمەرگە، ١٤ پێشمەرگەى حیزبى دیموکراتى کوردستان(حدک) و دوو پێشمەرگەى حیزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران(حدکا) شەهید بوون، نزیکەى ٤٠ کەس بریندارن، برینى بەشى زۆرى برینداران سووکە و چەند پێشمەرگەیەکیش بە سەختى بریندار بوونە لە بۆردومانەکاندا".
كهریمی گوتیشى: "ئێران هەمیشە مایهی هەڕەشە بووە بۆ ئێمە و بەردەوام لە زارى فەرماندەکانى سوپاى پاسداران و بەرپرسانى ئێرانییەوە هەڕەشەمان لێکراوە، بە ئاشکرا هەڕەشەى ئەوەمان لێکراوە کە ناوەندى سیاسى حیزبى دیموکراتى کوردستان دەخەنە بەر هێرشەکانیان، هەڵبژاردنى رۆژێکى وەک ئەمڕۆ بۆ ئەنجامدانى هێرشەکە سەیرە بۆ ئێمە، لەوانەیە پێشبینى ئەوەیان کردبێت کە ئەمڕۆ زۆرینەى ئەندامانى کۆمیتەى ناوەندى کۆ ببنەوە، بەمەیش گورزێکى کاریگەرتر لە حیزبەکەمان بدەن".
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا کەمال کەریمى باسى لە هەڵوێستى حکوومەتى هەرێمى کوردستان کرد و گوتى: "حکوومەتى هەرێمى کوردستان بێگومان نیگەرانە لەو دەستدرێژییانەى ئێران، هەرزوو هاوخەمى خۆیان بە ئێمە راگەیاند، سوپاسى هەڵوێستیان دەکەین، بەڵام ئەوەش دەزانین کە ئەمە لە دەسەڵاتى ئەواندا نییە بە داخەوە کە بتوانن رووبەڕووى ئێران ببنەوە یان پێش لە ئێران بگرن، چاوەڕوانى ئەوە دەکەین کە حکوومەتى هەرێم چ لەلای خۆیەوە یان لە ریگاى حکوومەتى عێراق و وڵاتانى دۆستەوە یارمەتیمان بدەن بۆئەوەى فشارى زیاتر بخرێتە سەر ئێران بۆ سنووردارکردنى هێرشەکانیان بۆ سەر ئۆپۆزسیۆنى کوردى ئێران کە لە هەرێمى کوردستان نیشتەجێن".
هەروەها گوتى: "سکرتێرى حیزبى دیموکراتى کوردستان کەمێک لە من زیاتر بریندار بووە، دۆخى تەندروستى جێگیرە و لەژێر چاودێرى پزیشکیدایه.