Abdullah Shukur
14 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 18 ئەیلوول 2018
بەرلین - AA
وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ رایگەیاند کە رێڕەوی ھاوکاری مرۆیی بۆ ئەو کەسانە پێکدەھێنن کە دەیانەوێت ناوچەی ئیدلب بەجێبھێڵن.
لاڤرۆڤ لە لووتکەی رووسیا - ئەڵمانیا گوتارێکی پێشکەشکرد و ھەڵسەنگاندنی بۆ دوایین دوخی ئیدلب کرد.
لاڤرۆڤ بەرگری لەوەکرد کە، رووسیا بیر لە بەرژەوەندی خەڵکی سڤیلی ئیدلب دەکاتەوە و گوتیشی: "بە دڵنیاییەوە ئێمە بە ھانای کێشەکانی خەڵکی سڤیل دێین و ھەموو شتێک بە تەواوی ئەنجام دەدەین. لە پاڵ ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ گرووپەکانی ئیدلب کراوە، بە ھەمان شێوە ھەروەکو ئەوەی لە غوتەی رۆژھەڵات ئەنجاممان دا، رێڕەوی ھاوکاری مرۆیی بۆ ئەو کەسانە دروست دەکەین کە دەیانەوێت ناوچەی ئیدلب بەجێبھێڵن".
لاڤرۆڤ ئاماژەی بەوەشدا کە رووسیا ئەوە ئەنجام نادات کە ئەمریکا لە شاری مووسڵ-ی عێراق و رەققە-ی سووریا ئەنجامی دا، ئەوەیشی بەبیرھێنایەوە کە ئەو کاتە دانوستان نەکرا و، رێڕەوی ھاوکاری مرۆیی پێکنەھێنرابوو.
لاڤرۆڤ ئاشکرایشی کرد کە، لە ١٧ی ئەیلوولی داھاتوو لەبارەی پرسی ئیدلب، سەرۆکی رووسیا، ڤلادمیر پوتین گفتوگۆ لەگەڵ سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان دەکات، گوتیشی: "لە ٧ی ئەیلوول ئەوان (پوتین و ئەردۆغان) گفتوگۆیان لەسەر ئەوە کردبوو کە چۆن بە کەمترین مەترسی بۆ سەر خەڵکی سڤیل پرسی ئیدلب چارەسەر دەکەن. ئێستاش کۆبوونەوە لە نێوان دیپلۆماتکارانی رووسی و تورک بەردەوامە. رۆژی دووشەممەی داھاتوو، سەرۆکی وڵاتان لێکۆڵینەوە لەسەر ئەم دۆخە دەکەن".