Heman Husseın Yaseen
17 شوبات 2020•نوێکردنەوە: 24 شوبات 2020
هەولێر- AA
وەزیری ناوخۆ لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رێبەر ئەحمەد رایگەیاند کە دوای کردنەوەی نووسینگەی پاسپۆڕتی کۆیە، نووسینگەی پاسپۆرت لە قەزای چەمچەماڵ سەربە پارێزگای سلێمانی دەکرێتەوە.
دوای کردنەوەی نووسینگەی پاسپۆرت لە قەزای کۆیە بە نیو کاتژمێر، چوار پاسپۆڕت بۆ کەسوکاری شەهیدان وەکو دەستپێک چاپکرا و لەلایەن وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پاسپۆرتەکان بە خاوەنەکانیان دران.
بەیانی ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆ لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رێبەر ئەحمەد و شاندێکی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی عێراق و پارێزگاری هەولێر، فەرسەت سۆفی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی دیکەی حکوومەت، نووسینگەی پاسپۆرت لە قەزای کۆیە سەربە پارێزگای هەولێر کرایەوە.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، وەزیری ناوخۆ لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رێبەر ئەحمەد گوتی: "دوای کردنەوەی نووسینگەکانی پاسپۆرت لە قەزای سۆران و زاخۆ، ئەمڕۆ نووسینگەی پاسپۆڕتی کۆیە-مان کردەوە بۆ ئەوەی خەڵکی ئەم قەزایە لێرە کاروبارەکانیان رایی بکەن و ماندوو نەبن و لە داهاتوویەکی نزیکیشیدا، نووسینگەی پاسپۆڕت لە چەمچەماڵ دەکەینەوە و ئەمەش بۆ خزمەتکردنی خەڵکی ناوچەکەیە".
رێبەر ئەحمەد گوتیشی: "لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی دەسەڵات لە شارەکان شۆڕببێتەوە بۆ قەزا و ناحیەکان لە تەواوی ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشتر لە پۆلیسی هاتوچۆ و کارتی نیشتمانی و رەگەزنامە لە ناوەندی شارەکان پێشکەش بە هاووڵاتییان کرا، لەم چوارچێوەیەشدا ئەمڕۆ نووسینگەی پاسپۆرت لە کۆیە کرایەوە، ئەمەش بۆ ئەوەی هەم خەرجی هاووڵاتییان کەمتر و هەم هاتوچۆ و مەترسی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان کەم بێتەوە و لە هەمانکاتیشدا هاووڵاتییانی قەزا و ناحیەکانیش سوودمەند دەبن لە خزمەتگوزارییەکان".
پارێزگاری ھەولێر، فەرسەت سۆفی گوتی: "وەکو پارێزگای ھەولێر پیرۆزباییەکی گەرم لە دانیشتووانی خۆشەویستی شاری کۆیە دەکەین بەسەرجەم ناحیەکانییەوە بۆ کردنەوەی ئەو نووسینگەیە، بێگومان دانیشتووانی کۆیە کە ژمارەیان لەسەرووی ١٠٠ ھەزار کەسە کردنەوەی ئەو نووسینگە یارمەتیدەرێکی زۆر باشیان دەبێت و کارئاسانی زۆر بۆ دانیشتووانی کۆیە دەکات کە تا ئێستا ناچاردەبوون رێگایەکی دوور ببڕن تا بگەنە ھەولێر بۆ دەرھێنانی پاسپۆرت".
فەرسەت سۆفی گوتیشی: "لەئێستا بەدواوە دانیشتوانی کۆیە و دانیشتوانی تەواوی ناحیەکانی سەر بەم شارۆچکەیە دەتوانن لێرەوە لەم نووسینگەیە ببن بە خاوەن پاسپۆرتی خۆیان، ئەمەش یەکێکە لە ھەنگاوە زۆر گرنگەکان و جێگەی دەست خۆشییە بۆ ھەموو ئەو لایەنانەی کە ماندووبوون بە کردنەوەی ئەو نووسینگەیە، بە دڵنیایییەوە ئێمەش پشتیوان و ھاوکار دەبین بۆ ئەوەی ئەو نووسینگەیە بەسەرکەوتوویی کارەکانی خۆی ئەنجامبدات".
نووسینگەی پاسپۆرت لە قەزای کۆیە، ٨٥ کارمەندی بۆ دابینکراوە و بە کردنەوەی ئەم نووسینگەیە ئیتر خەڵکی قەزاکە بۆ دەرھێنانی پاسپۆرت روو لە شاری ھەولێر ناکەن.