وەرزش, عێراق

دامەزراندنی یانەی ئاسمانی کۆیە راگەیەندرا

- یانەکە تایبەت دەبێت بە وەرزشی فڕینی هەوایی (پەرەگلایدەر)، لە ئێستادا چوار یاریزانیان هەیە و وەک یانەیەکی نوێی وەرزشەکە خۆیان ناساند.

Hawkar Yaseen  | 26.09.2020 - نوێکردنەوە : 29.09.2020
دامەزراندنی یانەی ئاسمانی کۆیە راگەیەندرا

Arbil

هەولێر - AA

لە مەراسیمێکدا لە چیای کۆساری گەشتیاری لە قەزای کۆیە دامەزراندنی یانەی ئاسمانی کۆیە راگەیەندرا، یانەکە تایبەتە بە وەرزشی فڕینی هەوایی (پەرەگلایدەر) و لە ئێستاشدا چوار یاریزانی پێگەیشتووی هەیە.

کاپتنی یانەی ئاسمانی کۆیە، هیوا عەزیز حسێن دەربارەی یانەکەیان بە ئاژانسی ئانادۆڵوی رايگەیاند "دوای ئەوەی ژمارەیەک گەنج لە رێکخراوی شاخەوانی باواجی وەرزشی شاخەوانیمان دەکرد بیرمان لەوە کردەوە بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی شاری کۆیە و گونجاوی بۆ وەرزشەکە، وەرزشی فڕین بهێنینە شاری کۆیە، بۆیە پەیوەندیمان بە یانەی فرۆکەوانی سلێمانییەوە کرد و ئەوانیش راهێنەرێکیان بۆ دابینکردین و لە رۆژی ١٥ی ئاب دەستمان بە راهێنان کرد تاوەکو یەکی ئەیلول بە سەرکەوتوویی خولەکە کۆتایی هات".

گوتیشی: "بڕیاروابوو دوای کۆتایی هاتنی خولەکە و دەرچوونی یاریزانەکانمان دامەزراندنی یانەکە رابگەیەنین بەڵام بەهۆی نالەباری کەش و هەوا بۆ وەرزشەکە کاتەکەمان دواخست، تاوەکو ئەمڕۆ ٢٥ی ئەیلول کەش و هەوا لەباربوو هەرچوار یاریزانی یانەکە کە لە خولەکە دەرچوون فڕینیان ئەنجامدا لەسەر چیای کۆساری گەشتیارییەوە کە بەرزییەکەی زیاتر لە ١٠٠٠ مەترە بۆ یاریگای لاندینکی کۆیە".

لە مەراسیمەکەدا هەردوو یانەی ئاسمانی هەڵەبجە و یانەی فرۆکەوانی سلێمانی بەشداربوون و هەر یانەیە و شەش یاریزانیان لە مەراسییمەکەدا بە ئاسمانی کۆیەدا بە پەرەگلایدەر فڕیناین ئەنجامدا.

کاپتن هیوا راشیگەیاند: "لەدوای ئەم مەراسیمە و فڕینی یاریزانەکان یانەی ئاسمانی کۆیە راگەیەندرا و لە ئەمڕۆ بەدواوە وەک یانەیەکی فرینی هەوایی (پەرەگلایدەر) دەست بەکاردەبین".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın