Zana Natık Kerem
26 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 26 ئەیلوول 2020
هەولێر ــ AA
دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە سەرۆكایەتی محەمەد حەلبوسی و بە ئامادەبوونی 179 ئەندام دەستیپێكرد كە چاوەڕوان دەكرێت لە میانیدا فرەبازنەیی هەڵبژاردن تەواو بكرێت.
نووسینگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەران رایگەیاند، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبوسی كارەكانی دانیشتەكەی كردووەتەوە.
لە راگەیەنراوێكدا نووسینگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەران ئاماژەی بەوە داوە كە لە دانیشتنەكەدا لە كۆی 329 ئەندام، 179 یان ئامادەن.
دانیشتنەكەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ چەند كاتژمێرێك دواخرا تا فراكسیۆنەكان لەسەر شێوەی بازنەی هەڵبژاردن لە یاسای هەڵبژاردنەكاندا رێكبكەون.
پێشتر نووسینگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاندبوو كە كارنامەی دانیشتنەكەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەران، تەنها تایبەتە بە تەواوكردنی فرەبازنەیی هەڵبژاردن لە یاسایی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.
لەئێستادا گەورەترین ئاستەنگ لەبەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە یاسای نوێی هەڵبژاردنەكانە كە لە ساڵی رابردووەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە و بەهۆی ناكۆكی نێوان لایەنە سیاسییەكانەوە لەسەر ناوەڕۆكی پڕۆژەیاساكە بە تایبەتیش فرەبازنەیی، تا ئێستا پەسەند نەكراوە.
پێشتر سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی رۆژی شەشی حوزەیرانی ساڵی داهاتووی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاری كرد و بەلێنی ئەوەی دا كار بكات بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێكی بێگەرد لەژێر سەرپەرشتی نیودەوڵەتییدا بەڕێوەبچێت.