Zana Natık Kerem
26 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 26 ئەیلوول 2020
هەولێر ــ AA
بەیانی ئەمڕۆ شەممە وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن بەسەردانێك گەیشتە تارانى پایتەختی ئێران كە ماوەی سەردانەكەی دوو رۆژ دەخایەنێت.
فوئاد حوسێن لە میانی سەردانەكەی بۆ تاران چۆنیيەتی پتەوتركردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵات لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئێران تاوتوێ دەكات.
هەروەها وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئێران سەبارەت بە جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنانەی كە پێشتر لە میانی سەردانەكەی سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی بۆ ئێران لە نێوان هەردوو وڵات واژووكرابوون، گفتوگۆ دەكات.
ئەمە یەكەم سەردانی وەزیری دەرەوەی عێراقە وەک سەرۆکی شاندێکی دیپلۆماسی کە دوای دەستبەكاربوونی وەك وەزیری دەرەوەی عێراق بۆ ئێران ئەنجامی بدات.
وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن هەفتەی رابردوو سەردانی ئەورووپای كردبوو كە لە میانیدا بە جیا لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەڵمانیا، فەڕەنسا و بەلجیكا كۆبوویەوە.