Fakhradin Ibrahim Mohammad
18 شوبات 2020•نوێکردنەوە: 18 شوبات 2020
هەولێر - AA
ئەمڕۆ سێشەممە، شاندێکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات بە مەبەستی گفتوگۆ و راگۆڕینەوە لەسەر پرسی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق.
شاندەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە نوێنەری سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێم پێکهاتووە.
هەر چەندە تا ئێستا ئەجیندای دیدارەکانیان لە بەغدا دیار نییە، بەڵام ئەوەی ئاشکرایە، پرسی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانی نێوان شاندەی هەرێم لەگەڵ لایەنەکانی شیعە و سوننە لە بەغدا دەبێت.
لەم بارەیەوە بەرپرسی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، فارس عیسا بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاندووە کە کورد و سوننە و شەقامی عێراقی تێبینیان لەسەر عەللاوی هەیە و رایگەیاندووە کە "كێشەكە دیاریكردنی میكانیزمی وەزیرەكانە كە دەبێت بە تەوافوق ئەو وەزیرانە دابندرێن".
سەرەتای مانگی کانوونی یەکەم خۆپیشاندەران، سەرۆکوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەهدی-یان ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کرد و رۆژی یەکی شوبات سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح، محەمەد تۆفیق عەللاوی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت راسپارد.