Fakhradin Ibrahim Mohammad
18 شوبات 2020•نوێکردنەوە: 19 شوبات 2020
هەولێر - AA
سەرۆكی پێشووی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی پێشوازی لە نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ كاروباری سووریا، جێمس جێفری کرد.
ماڵپەڕی تایبەتی مەسعود بارزانی بڵاویکردەوە کە لە دیدارەكەدا، بارودۆخی سیاسیی و دواپێشهاتەكانی عێراق و هەنگاوەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی تازەی عێراق و ئەگەرەكانی بەهێزبوونەوەی تیرۆریستانی داعش لە عێراق تاوتوێ كراون.
ئاماژەی بەوەیشداوە کە لە کۆبوونەوەکەدا، رۆشنایی خراوەتە سەر بارودۆخی سووریا و دوایین هاوكێشە مەیدانییەكانی ئەو وڵاتە و بیروڕا لەبارەی رۆڵی لایەنە كوردییەكان لە پێشهاتەكانی سووریا ئاڵوگۆڕ كراوە و مەسعود بارزانی جەختی لەوە كردووەتەوە كە پێویستە لە هەر بارودۆخێكدا رێگە لەوە بگیرێت گەلی كورد لە سووریا تووشی گرفت و چارەنووسی نادیار ببێتەوە و نابێت بە هیچ شێوەیەك گۆڕانی دیموگرافی لە باكووری رۆژهەڵاتی سووریا روو بدات.
هەروەها ئاماژەی بەوەش داوە کە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمریكا تەوەرێكی تری کۆبوونەوەکە بووە و هەماهەنگی و كاری هاوبەشی هەردوولا بۆ شەڕی دژبە تیرۆر بەرز نرخێندراوە و جەختیشکراوەتەوە لە فراوانتركردنی هەماهەنگیی دوولایەنە.