Heman Hussein Yaseen
19 شوبات 2020•نوێکردنەوە: 19 شوبات 2020
هەولێر - AA
ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەربە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ناسر هەرکی رایگەیاند کە هەرێمی کوردستان هەر بەربژێر و پاڵێوراوێکی هەبێت ئەوا لە رێگای دامەزراوە فەرمییەکانەوە دەبێت، ئاشکرایشی دەکات کە بڕیارە راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، محەمەد تۆفیق عەللاوی دوای پێکهێنانی کابینەکەی سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.
ناسر هەرکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە هەموو کات پاڵپشت و هاوکاری حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق بووین، مەبەستیشمان لێی ئەوەیە کە خزمەتی گەلی عێراق بکرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە هەر حکوومەتێک پێک بێت، رەنگدانەوەی هەموو پێکهاتەکانی عێراقی لەنێودا بێت، ئێمەش دامەزراوەی فەرمیی وەک سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستانمان هەیە، بۆ بەشداریکردن لە حکوومەتی نوێی عێراق، بەربژێر و پاڵێوراومان دەبێت لە رێگای دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان بێت".
لەبارەی وادەی سەردانکردنی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، محەمەد تۆفیق عەللاوی بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان ناسر هەرکی گوتی: "بڕیارە دوای پێکهێنانی کابینەی نوێی عێراق سەردانی هەولێر بکات، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمڕۆ شاندێکی هاوبەشی هەرێمی کوردستان چوونەتە بەغدا بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق".