هەولێر - AA هاوکار یاسین
ماوەی زیاتر لە سێ هەفتەیە، لایەنگرانی حەشدی شەعبی بەهۆی ناڕەزایەتییان لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، دەروازەکانی ناوچەی سەوزیان داخستووە و بەهۆی ئەو ناڕەزایەتییانەشەوە، گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق، پەکی کەوتووە و تا ئێستا نەتوانراوە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکە رابگەیەندرێت.
قوڵبوونەوەی کێشەکانی عێراق بەتایبەت کە لە خۆپیشاندانەکانی ئەمجارەدا لایەنگرانی حەشدی شەعبی رۆڵی کارا دەگێڕن، چاودێرانی دۆخی ئەم وڵاتە مەترسی تەقینەوە و دروست بوونی شەڕی ناوخۆ دەکەن.
بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگریی خولی چوارەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ناسر هەرکی لە دیمانەیەکی تایبەتدا دەربارەی هێزی حەشدی شەعبی لە یەکلاکردنەوەی ململانێکانی عێراق و دەسەڵاتی ئەم هێزە بەسەر جومگەکانی ناوەندی بڕیار لە عێراقدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دوا.
ناسر هەرکی رایگەیاند "ئەمڕۆ حەشدی شەعبی هێزێکی دەستووریی یاساییە و لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر دراوە کە وەک هێزێکی یاسایی عێراق بناسرێت و ئێستا بەشێکە لە دامەزراوەی ئاسایش و بەرگریی عێراق و ساڵانە بوودجەیان بۆ تەرخان دەکرێت وەک چۆن بوودجە بۆ وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری تەرخان دەکرێت، راستە سەرەتا بە ئامانجێکی دیارییکراو بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش دروست بوو، بەڵام هەموومان دەزانین عێراق وڵاتێکی فرەپێکهاتەیە و پێکەوە لکێندراوە، هەمووان بیر لەوە دەکەنەوە کێ دەسەڵاتی بەسەر عێراقدا بسەپێنێت و خاوەن بڕیاربێت، بیرلەوە نەکراوەتەوە ئەم فرەپێکهاتەیە وەک خاڵێکی بەهێز بەکاربهێنرێت و پێکەوە کاربکەن و خزمەتی عێراق و گەلەکەی بکەن، تەنیا بۆ ئەوە بەکاردەهێندرێت کێ دەتوانێت دەسەڵاتی زیاتری هەبێت و خۆی بسەپێنێت بەسەر گەلانی عێراقدا".
گوتیشی: "راستە حەشدی شەعبی هێزێکی دەستووریی یاساییە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەم هێزە بەشێوەیەکی دروست رێکنەخراوە و نەیانتوانیوە لەگەڵ هێزەکانی دیکەی عێراق تێکەڵ بەیەکتربن و پێکەوە لەژێر فەرمانی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی عێراقدابن، ئەمەش خۆی لەخۆیدا گومانێک دروست دەکات کە بۆچی ئەم هێزە ئامادەنییە وەک چۆن هێزەکانی دیکە فەرمانێک وەردەگرن ئەمانیش وەریبگرن، بەمەدا دیارە کە خۆیان وەک بەشێکی دیکە حساب دەکەن و فەرمان تەنیا لە فەرماندەی خۆیان وەدەگرن کە فەرماندەی حەشدی شەعبییە لە عێراقدا".
لە وەڵامی ئەوەی ئایا فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق، دەسەڵاتی هەیە بەسەر هێزەکانی حەشدی شەعبیدا و فەرمانەکانی جێبەجێ دەکرێت، ناسر هەرکی گوتی: "نەخێر من ئەمە ئامادەم رووبەڕووی خۆشیان بیڵێم، راستە لە رووکەشدا بەپێی یاسا سەربە ئەون، بەڵام وەک جێبەجێکردنی فەرمان تا ئێستا نەتوانراوە فەرمانەکانی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق بەسەر ئەوانیشدا جێبەجێ بکرێت، بۆ نموونە لە سەردەمی عادل عەبدولمەهدی بە فەرمانێک لیوایەکی حەشدی شەعبی لە شوێنێک گواسترانەوە بۆ شوێنێکی دیکە، بەڵام بۆ رۆژی دواتر فەرمانەکە هەڵوەشێندرایەوە و نەتوانرا جێبەجی بکرێت و لە سەردەمی مستەفا کازمی-یشدا، رەنگە خۆی بیەوێت دەسەڵاتی بەسەر ئەم هێزەدا بسەپێنێت، بەڵام نەیتوانیوە تا ئێستا ئەوە بکات".
گوتیشی: "حەشدی شەعبی هێزی هەموو پێکهاتەکان نییە، هێزێکە لەسەر داوای (عەلی) سیستانی مەرجەعی شیعەکان (نەجەف) لە عێراق پێکهێندراوە، راستە خەڵکی دیکەشیان لەگەڵە وەک تورکمان و مەسیحی و حەشدی نیشتمانیش وەک هێزی سوننەکان، بەڵام لە راستیدا ئەمانە شتی لاوەکین و هێزە سەرەکییەکە حەشدی شەعبین کە گوزارشت لە بەرنامە و کاری پێکهاتەی شیعە دەکات".
ناسر هەرکی دەربارەی ئەوەی دەگوترێت حەشدی شەعبی خزمەت بە ئەجێندای پێکهاتەی شیعە دەکات و بەهۆی ئەم هێزەوە هەژموونی شیعە لە عێراقدا باڵادەستتر بووە، رایگەیاند "گومان لەوەدا نییە کە هەژموونی شیعە لە عێراقدا بەهۆی هێزی حەشدی شەعبییەوە باڵادەستبوون، ئەمە نەک تەنیا لە بەغدا، ئەم هێزە لە بەسرە تاوەکو پردێ دەسەڵاتی هەیە و لەولاشەوە تاوەکو دەگاتە شنگال دەسەڵاتیان هەیە، ئەو رێککەوتنانەی لەنێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی عێراقی هەیە دەربارەی شنگال و دەربارەی پێشمەرگە لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق بۆ نەتوانراوە جێبەجێ بکرێت، چونکە رێگری هەبووە و ئەو رێگرانەش خاوەنی دەسەڵاتن و رەنگە دەسەڵاتی جێبەجێکردن و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران نەتوانێت فەرمانیان لەسەر بکات".
ناکۆکییە ناوخۆییەکانی حەشدی شەعبی یەکێکی دیکەیە لە کێشەکانی گۆرەپانی سیاسیی عێراق و بەگوتەی بەشێک لە چاودێرانی ناوخۆی عێراق ئێستا ئەم هێزە لە ناوخۆی خۆیاندا چەند بەرەیەکن و ئەگەری پێکدادانیش لەنێوانیاندا کراوەیە.
بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگریی خولی چوارەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ناسر هەرکی دەربارەی ئەم ئەگەرە رایگەیاند "هێزی حەشدی شەعبی بەسەر دوو بەرەدا دابەشبوون، هێزی حەشدی وەلائی کە ئەمان مەیلیان بۆ مەرجەعی قوم و ئیران هەیە، بەشەکەی دیکەشیان مەیلیان بۆ مەرجەعی عێراقی سیستانی هەیە، رەنگە بەشێکیش هەبن لە دەرەوەی هەردوو لاکەبنو بۆیە هێزێکی پەرتوبڵاون و کۆک نین، وەک ماڵی شیعە خۆشی ئێستا بوون بە دوو بەرە، بەرەیەک ناوی لەخۆی ناوە بەرەی نیشتمانیی عێراقی و بەرەیەکیش کە بەوە ناسراون فەرمان لە دەرەوە وەردەگرن، هەردووکیان زۆر بەڕوونی لەناو عێراقدا دیارن".
گوتیشی: "ئەوانەی ئێستا لە دەسەڵاتدان دەبێت بیر لەوە نەکەنەوە لە رابردوو چ هێزێک ئازاری داون و زوڵمی لێکردوون و ئێستا ئەمان تۆڵە بکەنەوە، ئەگەر بەو مەنتیقە بیربکەنەوەو چارەنووسی عێراق لە داهاتوودا زۆر لەوە خراپتر دەبێت کە ئێستا هەیە".
چاودێرانی دۆخی عێراق بۆ هۆکارەکانی دەست پێ نەکردنی گفتوگۆکانی پێکنەهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، پەنجەی تۆمەت بۆ حەشدی شەعبی رادەکێشن و پێیان وایە ئەمان رێگرن، دەربارەی ئەمەش بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگری خولی چوارەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ناسر هەرکی رایگەیاند "هۆکاری پێکنەهێنانی حکوومەت بوونی ئەو هێزانەیە کە هەن و حزبەکانیان نەیانتوانیوە دەنگی پێویست بەدەست بهێنن، ئێستا نە دادگای فیدراڵیی دەتوانێت بڕیارێک بدات نە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکان دەتوانێت بڕیارێک بدات، کۆمیسیۆن دەترسێت ئەگەر بڕیارێک بدات ئاژاوەیەکی گەورەتر لەوەی ئێستا هەیە دروست بێت لەهەمان کاتدا دادگای فیدراڵیش رەنگە هەتاوەکو ئێستا ئامادەنەبووبێت بۆئەوەی کۆمیسیۆن ئەنجامی کۆتایی بۆ بنێرێت و بڕیاری لەسەر بدات، چونکە بڕیاری دادگای فیدراڵیی یەکلاکەرەوەیە و دەبێت هەمووی پابەندبن پێوەی، بۆیە ئەم بڕیارە دەبێت زەمینەی بۆ خۆش بکرێت".
دەربارەی ئایندەی عێراق و دەنگۆکانی دروستبوونی شەڕی ناوخۆش، بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگریی خولی چوارەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ناسر هەرکی گوتی: "ئەو لایەنانەی سەرپەرشتی دۆخی عێراق و لایەنەکانی ناوخۆی عێراق دەکەن رەنگە هیچ لایەکیان لەئێستادا شەڕ لە بەرنامەیاندا نەبێت، بۆ نموونە لایەنە دەرەکییەکانی وەک ئێران یان ئەمریکا هیچ لایەکیان نایانەوێت بگاتە قۆناغێک کە شەڕ لە عێراقدا دروست بێت، هەوڵدەدەن بەرژەوەندییەکانیان پارێزراوبێت لەم قۆناغەدا بۆئەوەی هەریەکەیان بیرلەخۆی بکاتەوە چۆن لە قۆناغی داهاتوو خۆی بەهێزبکات، بۆیە من بەدووری دەزانم لەم قۆناغەدا شەڕ دروست بێت، چونکە ئەوانەی کە خاوەنی دەسەڵاتن لەبەرنامەیاندا شەڕکردن نییە".
گوتیشی: "حەشدی شەعبی هێزێکە و دەسەڵاتی هەیە، دەسەڵاتی جێبەجێکردنیش رێگری لەبەردەمدایە و ناتوانێت بەئاسانی بڕیارەکانی بدات، چونکە ئەم هێزە رێگرە، بەڵام نە لایەنی ئەمریکی و نە لایەنی ئێرانی کە دوولایەنی کێشەکەن شەڕ بە بەرژەوەندی خۆیان نازانن، بۆیە تاوەکو بکرێت خۆیان لەو بابەتە لادادەن، تاوەکو ئێستا بیرکردنەوە لە شەڕ لە بەرنامەی هیچ لایەکیاندا نییە، بەڵام لە عێراقدا هەموو شتێک ئەگەری روودانی هەیە".
حەشدی شەعبی لە ١٣ی حوزەیرانی ٢٠١٤ بە فەتوایەکی مەرجەعی باڵای شیعەكان، ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، دامەزرا لەژێر ناوی رووبەڕووبوونەوە و دژایەتیكردنی داعش و رزگاركردنی عێراق لە دەستی ئەو گرووپە تیرۆریستییە.
ئەم هێزە لە هاوپەیمانێتی ٤٢ گرووپی چەکداری شیعە پێکهێنرا کە بەسەر سێ گرووپدا دابەشبوون، ئەو گرووپانەی كە پێش فەتوای عەلی سیستانی، به مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندی شیعەكان لە عێراق دامەزرابوون، ئەو گرووپانە ئەندامەكانیان شیعەن و خەڵكی عێراقن و لە عێراق پێشتر دامەزرابوون و گرووپی سێیەمیشیان ئەوانەن کە دوای فەتواكەی عەلی سیستانی دامەزران و حزب و هێزە سیاسییەکانی ئەوکات گرووپی تایبەتی چەکدارییان دروست کرد.
دواتریش لە رۆژی ٢٦ تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٦ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ وەک هێزێکی دەستووریی و یاسایی دەنگی لەسەردا و بووە بەشێک لە دامەزراوەی ئاسایش و بەرگریی عێراقی و لە رۆژی ١٩ی کانوونی دووەمی هەمان ساڵیشدا سەرکۆماری ئەوکاتەی عێراق، فوئاد مەعسوم واژووی لەسەر ئەو یاسایەی پەرلەمانی عێراق کرد.
news_share_descriptionsubscription_contact

