سياسەت, عێراق

نێچیرڤان بارزانی: "دۆخی کورد پرسێکی ناوخۆیی وڵاتانە و لە چوارچێوەی سنووری خۆیاندا دەبێت چارەسەر بێت"

Heman Hussein Yaseen  | 16.11.2021 - نوێکردنەوە : 17.11.2021
نێچیرڤان بارزانی: "دۆخی کورد پرسێکی ناوخۆیی وڵاتانە و لە چوارچێوەی سنووری خۆیاندا دەبێت چارەسەر بێت"

Arbil

هەولێر - AA

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە میانی بەشدارییکردنی لە لە کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە دھۆک، گوتارێکی پێشکەش کرد و تیایدا ئاماژەی بە دۆخی عێراقی دوای ھەڵبژاردنەکان و رۆڵی ھەرێمی کوردستان لە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق کرد و رایگەیاند کە تا ئێستا ھۆکارەکانی سەرھەڵدانی تیرۆریستانی داعش لە عێراق بنبڕنەکراوە.

نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ئەمڕۆ ١٦ی نۆڤەمبەرە، رۆژی جیهانیی لێبوردەییە، لەم بۆنەیەدا هیوادارم بە دانایی کاریی هاوبەش و پێکەوەیی لە ناوچەکە و لە تەواوی جیهان، هەموومان بەیەکەوە بتوانین کولتووری لێبوردەیی، پێکەوەژیان، یەکتر قبوڵکردن، فراوانتر بکەین و لە سایەیدا ئارامی و سەقامگیریی زیاتر بۆ مرۆڤایەتی لە هەموو جیهان بەدەست بێت".

نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "ئاشتی و پاراستنی سەقامگیری، پێداویستی ھەرە لە پێشی ئێستا و داھاتووی ناوچەی ئێمەیە، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی و جیهان بە گشتی، لەم قۆناغە ھەستیارەدا پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری تەحدایەکی زۆر گەورەیە و بەرپرسیاریەتی ھاوبەشە بۆ ھەموو وڵاتان و ئەو گەلانەی لە ناوچەکە دەژین. چۆن ئاشتی بپارێزین و چۆن براوەبین، بە پێناسەیەکی سەرەتایی ئاشتی واتا نەبوونی جەنگ و کوشتار، نەبوونی تیرۆر و توندوتیژی، واتا ھەبوونی تەبایی و پێکەوەژیان، بەڵام ئاسایش مانایەکی فراوانتری ھەیە و ھەموو لایەنەکانی ژیان دەگرێتەوە، ئاسایشی ئابووری، کۆمەڵایەتی و خۆراک، ئاو و وزە و ژیان کە دەکرێت زۆر لەم بوارانەدا ببنە ھۆکاری لێکتێگەیشتن و ھاوکاری ھاوبەش لەنێوان وڵاتاندا، بۆ نموونە ئاسایشی ئاو و وزە لەنێوان عێراق، ئێران، تورکیا و سووریادا، ئەوەی لێرە دەمەوێت باسی بکەم، ئاسایشە بە مانا فراوانەکەی، دەکرێت ئەگەر شەڕیش نەبێت، کۆمەڵێک هۆکار هەبن کە خەڵک بخەنە ترس و دڵەڕاوکێ، ئەگەر دۆخی ئێستا بە نموونە وەربگرین، ڤایرۆسی کۆرۆنا و لێکەوتەکانی دوای ئەوە".

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەدا "ھەر وڵاتێک کە لە جەنگ رزگاری دەبێت، بە سێ قۆناغ تێدەپەڕێت، یەکەم کۆتاییھێنان بە جەنگ و پاراستنی ئاشتییە. دووەم بونیادنانەوەی متمانەیە، بەجۆرێک لایەنەکان نیازپاکی بەرامبەر یەکتر پیشان بدەن. سێیەم بنبڕکردنی ھۆکارەکانی شەڕ و نەگەڕانەوەیە بۆ دۆخی جەنگ. ئێستا عێراق لە قۆناغی دوای جەنگ و زامنکردنی ئاشتی دایە، بۆیە ھەنگاوی یەکەم بریتییە لە کۆتاییھێنان و بنبڕکردنی ھۆکارەکانی ناسەقامگیری و پاراستنی ئاشتیی، ئێمە لە عێراق لە قۆناغی یەکەمداین، واتا جەنگێکی نەخوازراومان دژی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش ئەنجامداوە، لەسەر زەوی شتێک بەناوی خەلافەتی ئیسلامی داعش نەماوە، بەڵام ھێشتا ئەرکێکی زۆرمان لەسەر شانە و رێگەیەکی دوورمان لە پێشە بۆ چەسپاندنی ئاسایش، بەتایبەتی چارەسەرکردنی ھەموو ئەو گرفتانەی کە بواریان بۆ سەرھەڵدان و بەھێزبوونەوەی داعش لە ناوچەکە رەخساند، لەسەر ئاستی ناوخۆ بە پشتیوانی پێشمەرگە و ھێزە چەکدارەکانی عێراق، لەسەر ئاستیی ناوچەیی بەهاوکاری وڵاتانی دراوسێ و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی بەھاوکاری دۆستان لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ھاوپەیمانان توانیمان لە رووی سەربازییەوە بەسەر داعش دا سەرکەوین، ئەم سەرکەوتنە پەیامی ئەوەمان پێدەدا کە دەستەبەرکردنی ئاسایش پێویستی بە کاری ھاوبەش و ھاوکاری ھەموو لایەک ھەیە. لە چەسپاندنی ئاشتیش ھەموومان سوودمەند و براوە دەبین، ئەو پەیامەشمان پێدەدات کە ئەگەر پێکهاتەیەکی سەرەکی لە وڵاتەکەدا لە دەسەڵات و بەڕێوەبردن دا هاوبەش نەبێت، ئەوا دەتوانیت سەربکێشێت بۆ دروستکردنی ئاژاوە کە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییدا هەڕەشە لە ئاساییشی هەموومان دەکات".

نێچیرڤان بارزانی بە هێنانەوەی نموونەیەک لە گوتارەکەی بەردەوام بوو، گوتی: "دەمەوێت نموونەیەک بهێنمەوە، زنجیرەیەک خۆپیشاندان لە سووریا روویاندا کە لە سەرەتاوە گوێیان بۆ نەگیرا و بە ھەند وەریان نەگرت، دوای چەند مانگێک، ئەو وڵاتەیان تووشی ناسەقامگیری کرد، سەرەنجام سەری کێشا بۆ شەڕی ناوخۆ، بەڵام ئەم شەڕە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر عێراقیش دروست کرد. ناوەڕاست و رۆژئاوای عێراق کە بە دەست کەمیی خزمەتگوزارییەوە گیرۆدە بوون، زەمینەیەکی لەباری دروست کرد بۆ دزەکردنی داعش بۆ ناو خاکی عێراق. داعش دووریی نێوان خەڵک و حکوومەت و نیگەرانی و ناڕەزاییی خەڵکی قۆستەوە و پانتایییەکی زۆری لە خاکی عێراق داگیر کرد، ئەوەش بووە ھەڕەشە بۆسەر ھەموو پێکھاتەکانی عێراق. بووە ھەڕەشە بۆسەر وڵاتانی دراوسێ، بووە ھەڕەشە بۆسەر وڵاتانی ئەورووپا و کۆی سیستەمی نێودەوڵەتیی".

نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "ئەگەر سەرنج بدەین، ناسەقامگیری لە سووریا کاریگەری ھەیە لەسەر دۆخی ئاسایشی تورکیا، ناسەقامگیری لە تورکیا و راوەستانی پرۆسەی ئاشتی، کاریگەری ھەیە لەسەر دۆخی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان و ئاسایشی ناوچەکە. ئەگەر تەماشایەکی ئاسایشی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بکەین و سەرنجی ھەریەک لە یەمەن، لوبنان، سووریا، سوودان، جەزائر، تونس و لیبیا بدەین، بەڕوونی دوو راستیمان بۆ دەردەکەوێت کە، ھەڕەشەکان لە دەرەوەی وڵاتەکەوە نەھاتوون. ھەڕەشەکان دەرەکی نین، هەروەها ئەوەی کە بووتە ھەڕەشە بۆسەر ئاسایشی ھەریەک لەو وڵاتانە، وڵاتێکی دیکە نییە، بەڵکو پێکھاتەیەک، یاخود لایەنێک لەناو خودی وڵاتەکەدایە".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی ئەوەیشی خستەڕوو "ئەگەر تەماشای وڵاتانی ئێران، عیراق، سووریا و تورکیاش سەبارەت بە پرسی کورد بکەین، دووبارە ئەمە پرسێکی ناوخۆییی ھەریەک لەو وڵاتانەیە. پێویستە ھەریەک لەو وڵاتانە لە چوارچێوەی سنووری خۆیدا چارەسەرکردنی کێشەکە بە گرنگییەوە وەرگرێت، کورد لەو وڵاتانەدا، نابێت جیا بکرێتەوە، بەڵکو پێویستە جێیان بکرێتەوە. بەپێی سەنگی خۆی، ھاوبەشی و بەشداری پێبکرێت و بواری پێبدرێت لە دروستکردنی بڕیاردا، ھاوبەش و بەشدار بێت. نەتەوەکانی کورد و فارس، عەرەب و تورک، پێش ئەم دەوڵەتانەی ئێستا (لە تەمەنیاندا کە یەک سەدە دەگوزەرێت) ھەر ھەبوون، پێکەوە مێژوو و جوگرافیای ھاوبەشیان ھەیە، بەدڵنیایییشەوە ئەم نەتەوانە وەک دراوسێ پێکەوە دەمێننەوە. بۆیە جگە لە یەکترقبوڵکردن و پێکەوەھەڵکردن، بژاردەیەکی دیکەمان نییە".

نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "جەنگ و کوشتار و زمانی ھێز، ھەرچەند درێژە بکێشێت، لە کۆتاییدا ھەر دەبێت دەست بە دانوستان و گفتوگۆ بکرێتەوە. ھەوڵی یەکترسڕینەوە، ھەرچەند توند بێت و درێژە بکێشێت، لە کۆتاییدا ھەر دەبێ یەکتری بخوێنینەوە و ئەو راستییە بھێنینەوە بیری خۆمان کە کەسمان بڕیارمان نەداوە لێرە بڕۆین، کەسمان ناتوێینەوە. بۆیە، پێکەوەژیان لە چوارچێوەی یەک دەوڵەت لە یەک ناوچەدا، لەسەر بنەمای ھاوبەش، تەنھا رێگەی چارەسەرمانە. ئێستاش کە نەتەوەکانی فارس و تورک و عەرەب لەم ناوچەیە خاوەن دەوڵەتن، ئەرکی ئەوانە مافی کورد و پێکھاتەکانی دیکە لە چوارچێوەی دەوڵەتەکانی خۆیاندا بدەن. مافی کولتووریی، مافی سیاسیی و مافی کۆمەڵایەتیی".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێجیرڤان بارزانی سەبارەت بە دۆخی عیراقیش گوتی: "ئێستا لە ساتەوەختی دوای ھەڵبژاردنی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقداین. ئەم ھەڵبژاردنە شەش مانگ پێش وادەی خۆی کرا، ھەڵبژاردنی پێشوەختە بوو، ئەوەش داواکاریی خۆپیشاندانەکانی ساڵانی ٢٠١٩ و ٢٠٢٠ بوو" جەختیشی لەوەکردەوە کە هۆکارەکانی سەرهەڵدانی داعش بنبڕنەکراون.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان بابەتی ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ی بە نموونە هێنایەوە و گوتی: "بە ھاوبەشی ئیدارەدانی ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ی دەستوور لەنێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیی عێراق بۆ رێگرتن لە تەشەنکردنەوە و خۆڕێکخستنەوەی داعش و گرووپە تیرۆریستییەکان زەروورەتێکی ئێستایییە، ئەمەش بە سپاردنی یەک شت دەبێت، بە سپاردنی متمانە دەبێت بەیەکەوە. لایەنێک دەبێت سەرەتا متمانە بسپێرێت. ئێمە وەک ھەرێمی کوردستان ئەو داوایە دەکەین و ئامادەییی ئەوەمان ھەیە دەسپێشخەر بین لە پێناو بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیریدا. ھەنگاوی دوای ئەوەش، بریتییە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و وەڵامگۆیی بۆ داواکارییەکانی خەڵکی ئەو ناوچانە و بووژاندنەوە و گەڕاندنەوەی ژیان بۆیان. ئەمە دەبێت ئەولەویەتی کاری کابینەی داھاتووی حکوومەتی فیدراڵیی عیراق بێت. ئاوارەکان دەبێت بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان و ئاسایش و سەقامگیری و ژیان و کەرامەتیان دەبێت پارێزراو بێت".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند کە ئەوان وەک هەرێمی کوردستان دەستپێشخەریی ئاشتی دەبن و دەبنە هۆکاری سەرەکی سەقامگیریی لە ناوچەکەدا و گوتیشی: "دووپاتی دەکەینەوە کە ئێمە لە ھەرێمی کوردستانی عێراق ھەمیشە ھۆکار و دەسپێشخەری ئاشتی دەبین و ھۆکار و فاکتەری سەرەکیی سەقامگیری دەمێنینەوە لەم ناوچەیەدا. چ لە عێراق، چ لە ناوچەکە، ھەرچییەک لە پێناو بەدیھاتنی ئاشتیدا، ئاشتییەکی گشتگیر بۆ ھەمووان پێکەوە ئامادەین و ئامادەین لەگەڵ ھەموولایەک بۆ جێبەجێکردنی ئەم ئەرکە. وێڕای ھەموو سەختی و تەحەدییەکانیش، کۆڵ نادەین و بە ئومێدەوە لە ھەرێمی کوردستانەوە روومان لە ئایندەیەکی باشترە بۆ عێراق و ناوچەکە و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın