سياسەت, جيهان

نێچیرڤان بارزانی: "ھەرێمی کوردستان پشتیوانی لە دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین دەکات"

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند کە ھەرێمی کوردستان پشتیوانی لە دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین دەکات، چونکە ئەوە تاکە ڕێگەی ئاشتی و سەقامگیرییە.

Zana Natık Kerem  | 17.04.2024 - نوێکردنەوە : 18.04.2024
نێچیرڤان بارزانی: "ھەرێمی کوردستان پشتیوانی لە دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین دەکات"

Arbil

ھەولێر ــ AA

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان-عێراق، نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند کە شەڕ و گرژیی توند ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستی گرتووەتەوە، مەترسییەکی زۆر لەسەر ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە و خراپتربوونی زیاتری دۆخەکە ھەیە و ئاماژەی بەوەشدا کە ھەرێمی کوردستان پشتیوانی لە دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین دەکات، چونکە ئەوە تاکە ڕێگەی ئاشتی و سەقامگیرییە.

نێچیرڤان بارزانی لە میانی بەشداریکردنی لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی ھەشتەمین دیداری سلێمانی کە لەلایەن زانکۆی ئەمەریکی عێراقەوە لە سلێمانی ڕێکخراوە، گوتارێکی پێشکەش کرد و تیایدا باسی لە دۆخی عێراق و ھەرێم و ناوچەکە کرد.

سەرەتا سەرۆکی ھەرێمی كوردستان-عێراق بە ناوی دیداری سلێمانییەوە، پیرۆزبایی سەری ساڵ لە خوشک و برایانی ئێزدی کرد و گوتی: "لێرەوە بە ناوی ھەر ھەمووتانەوە پیرۆزبای لە خۆشک و برایانی ئێزدی دەکەین و ھیوادارین ساڵێکی خۆشیان ھەبێت".

نێچێرڤان بارزانی باسی لە دۆخی ناوچەکە و جیھان کرد و گوتی: "دیداری سلێمانی لە دۆخێکی زۆر ھەستیاری ناوچەیی و جیھانیدا بەڕێوە دەچێت، شەڕ و گرژیی توند ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستی گرتووەتەوە، مەترسییەکی زۆر لەسەر ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە و خراپتربوونی زیاتری دۆخەکە ھەیە، بۆ ئەوەی ناوچەکە لەو لێکەوت و مەترسییە خراپانە بەدوور بێت، پێویستە گفتوگۆ و پێکەوەدانیشتن دەست پێبکرێت، بۆ ئەوەی ئاشتی بێتە کایەوە، دەبێت ڕێککەوتنێکی ھاوسەنگ بکرێت، ئەمە ئەرکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زیاتر کردووە لە دروستکردنی ئاشتی لە ناوچەکە".

سەرۆکی ھەرێمی كوردستان-عێراق بەشێکی قسەکانی بۆ دۆخی کەرتی غەززە تەرخان کرد و ڕایگەیاند: "کاولکارییەکی زۆر گەورە لە غەززە دروست بووە، ئەوە کارەساتێکی مرۆییی گەورەیە، لەبەر ئەوە دەبێت بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی جێبەجێ بکرێت بۆ ڕاگرتنی بێ مەرجی شەڕ و ئازادکردنی بارمتەکان".

گوتیشی: "بۆ چارەسەری بنچینەییش لەو باوەڕەداین ئاشتییەکی سەقامگیر، بریتییە لە چارەسەری دوو دەوڵەت، ھەرێمی کوردستان پشتیوانی لە دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین دەکات. ئەوە تاکە ڕێگەی ئاشتی و سەقامگیرییە".

نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە ھەرێمی کوردستان ھەمیشە لایەنگری گفتوگۆ و چارەسەری ئاشتیانەیە و گوتی: "ئێمە بە ئاشتی لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێی دۆست، نموونەی جوانی ھاوبەشی و پێشکەوتنی ئابووری و گەشەکردنێکی ھاوبەشمان دروست کردووە، دەرفەتی زۆری کاری ھاوبەشمان دروست کردووە، دڵنیام بە پرۆژە گەورەکانی داھاتوو، ئەو پێشکەوتنە زیاتر و فراوانتر دەکەین".

دووپاتیشی کردەوە کە ڕێگا نادەن، ھەرێمی کوردستان مایەی ھێرش و ھەڕەشە بێت بۆ سەر ھێچ وڵاتێک و گوتی: "ھەموو ھەوڵی ئێمە ئەوەیە ھاوبەشیی ئابووریی نێوانمان فراوانتر بکەین. دڵنیاین کە پیشکەوتنی ئابووری، سەقامگیریی سیاسی و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی بەھێز، لە ناوچەکەدا دروست دەکات".

سەرۆکی ھەرێم ئەوەی وەبیرھێناوە کاروانی دیموکراسی و ئاوەدانکردنەوە لە ھەرێم لە ساڵی ١٩٩١ەوە دەستی پێکردووە و دەیان دەوڵەت کۆبوونەوە بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس لە عێراق، چونکە مایەی ھەڕەشە بوو بۆ سەر گەلەکەی و وڵاتانی دراوسێ و جیھان، ئێمە لە تەنیشت ئەو ڕژێمەدا ئەزموونێکی زۆر گەورەمان لە دیموکراسی، ئاوەدانکردنەوە و سەقامگیری دروست کرد".

گوتیشی: "ئێمە ئەوکات دەرگای بازرگانی و گەشەسەندنی ئابووریمان لەگەڵ وڵاتانی درواسێدا کردەوە، پردی ھاوبەشی و پەیوەندیی باشمان لەگەڵ مللەتانی دراوسێدا دروست کرد، توانیمان ئەوە بکەین، چونکە سەرکردایەتی و گەلەکەمان، باوەڕیان بە دیموکراسی و بە ئاشتی بوو، دوای گەورەترین ھەڵمەتەکانی جینۆساید لە ئەنفال و کیمیابارانی گەلی کوردستان، باوەڕمان وابوو ئاشتی ڕێگەی پێشکەوتنی وڵاتە، نەک شەڕ".

ڕاشیگەیاند کە ئەزموونی ھەرێمی کوردستان سەرکەوت، ئازادیخوازانی عێراق توانییان سەربکەون و گوتی: "کە ئێمە بە ھێز بووین، ھەموو عێراقییەکان بە ھێز بوون، ھەرێمی کوردستان بووە بنکەی کۆبوونەوە و یەکگرتن و سەرکەوتنی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی بەسەر دیکتاتۆریەتدا، چونکە پرۆژەی ئێمە دیموکراسی و ئاشتی بوو، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانیی ئێمەیان کرد. دۆستەکانمان لە ناوچەکەدا ھاوکارمان بوون لەو کرانەوە و ھاوبەشییە ئابوورییەدا، بەتایبەتی وڵاتی ئێران و تورکیا. ئەو باوەڕەی ئێمە بە دیموکراسی و ئاشتی ھەر بەردەوامە و نەگۆڕاوە".

باسی لەوەش کرد: "ڕێگەی ئێمە لە ناوخۆی عێراقیشدا ھەمان ڕێگەیە، بۆ قووڵکردنەوەی دیموکراسی لە عێراق و بۆ پاراستنی لە مەترسی و مەرگەساتی وەک ڕابردوو، پێویستیمان بە گفتوگۆیەکی ئارامی بەردەوامە لەگەڵ یەکتر".

نێچیرڤان بارزانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جەختی لەوەش کردەوە کە ناکۆکی و پەلاماردانی یەکتر، بەردەوام ڕێگە بۆ ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان دەکاتەوە و گوتی: "ھێرشەکانی قاعیدە و ھێرشی گەورەی داعش ڕووینەدەدا، ئەگەر ئێمە لە ناوخۆی عێراق یەکگرتوو بوواین".

گوتیشی: "دیکتاتۆری، دەسەڵاتی یەک پێکھاتە لە عێراق و نەبوونی ئازادیی سیاسی، مێژووی عێراقی خوێناوی کرد، ملیۆنان کەس لە عێراق بوونە قوربانیی بێگوناھی ڕژێمی خراپ لە عێراق. سامانی دەیان ساڵەی عێراق بە فیڕۆ درا، ئێستا کاتێکی گونجاوە بۆ ئەوەی ھەموو ڕێگەکانی بەھێزبوونەوەی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان لە عێراق، دابخەین".

ھەروەھا سەرۆکی ھەرێمی كوردستان-عێراق لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە سسیتەمی فیدراڵیی لە عێراق کرد و گوتی: "گەلانی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە لە سەر دەستوورێکی گونجاو ڕێککەوتن، دەستووری عێراق بە پەسەندکردنی سیستەمی فیدراڵیی، ڕێگەی ھاوبەشییەکی گونجاوی بۆ ھەموو نەتەوە و پێکھاتەکانی عێراق دروست کردووە و ئەو ھاوبەشییەش، عێراق بە ھێز دەکات، بۆ پێشکەوتنی عێراق، زۆر گرنگە سیستەمی فیدراڵی بە کردەوە و بە تەواوەتی جێبەجێ بکرێت، نابێت باوەڕنەبوونی لایەنێک، یان چەند لایەنێک بە فیدراڵیی، سیستەم لە عێراقدا پەک بخات و جێبەجێکردنی دەستوور بوەستێنێت".

گوتیشی: "ھەموو نەتەوە و پێکھاتەکان لە عێراق، دەبێ بە کردەوە خۆیان بە ھاوبەش ببینن لە بەڕێوەبردنی عێراقدا، نابێت ھیچ پێکھاتەیەکی عێراق نادیدە بگیرێت، چونکە ئەوە ڕێگەیەکی خراپ لە عێراقدا دەکاتەوە، ئەو ڕێگەیە پێشتر لە عێراق زۆر تاقیکراوەتەوە و مایەی ناخۆشی بووە بۆ ھەموو خەڵکی وڵات".

ھەروەھا نێچیرڤان بارزانی باسی لە دۆخی عێراق کرد و ڕایگەیاند: "سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵیی، محەمەد شیاع سوودانی، خاوەن ڕوانگەیەکی فراوانە و باوەڕێکی زۆری بە دەستووری عێراق ھەیە، ئەو ڕوانگەیە سەقامگیرییەکی باشی لە بەڕێوەبردنی حکوومەتەکەیدا لە عێراق دروست کردووە، خەڵکی عێراق ھەست بەو گۆڕانکارییانە دەکات، ئەو ڕوانگە و ئەو شێوە بەڕێوەبردنە، دەتوانێت عێراق بەرەو پێشەوە ببات، ئەوە دەرفەتێکی زۆر باشە بۆ عێراق".

گوتیشی: "بەڵام ئەم بیرکردنەوەیەی سەرۆکوەزیران، پێویستی بە پشتیوانی و زەمینەسازیی سیاسیی گونجاوە و لایەنە سیاسییەکانی عێراق ئێستا لەژێر ئەو بەرپرسیاریەتییەدان کە پشتیوانی لە حکوومەتی عێراقی فیدراڵیی بکەن، عێراق ئاسۆیەکی ڕووناکی ھەیە ئەگەر دەستوور و سیستەمی فیدراڵی بە تەواوی جێبەجێ بکرێت".

گوتیشی: "شێوەی مامەڵەکردن لەگەڵ ھەرێمی کوردستاندا گەورەترین تاقیکردنەوەیە بۆ سیستەمی سیاسیی تازەی عێراق، عێراقێکی بەھێز پەیوەستە بە ھەبوونی ھەرێمی کوردستانی بەھێزەوە، ھەروەھا ھەرێمی کوردستانی بەھێزیش، پەیوەستە بە عێراقێکی فیدراڵ و سەقامگیر".

سەرۆکی ھەرێمی كوردستان-عێراق باسی لە دەستووری عێراق کرد و گوتی: "ھیچ کێشەیەک نییە لە عێراقدا چارەسەر نەکرێت، ئەگەر دەستوور جێبەجێ بکرێت، دەستووری عێراق تایبەتمەندیی ھەموو پێکھاتەکانی عێراق دەپارێزێت، بە جێبەجێکردنی دەستوور، ھەمووان ھاووڵاتیی پلە یەک دەبین لە عێراقدا".

نێچیرڤانی بارزانی قسەیەکی باوی کوردەواری و سلێمانی بە نموونەوە ھێنایەوە کە دەڵێت "با کای کۆن بە با نەکەین" و گوتی: "ئەمە قسەیەکی خۆش و پڕ واتای سلێمانییە، ئێمە لە ھەرێمی کوردستان لە دۆخێکی ئاڵۆزداین، چارەسەر ئەوەیە کای کۆن بەبا نەکەین. با لە جیاتی ئەوە لەسەر پێشکەوتن ڕێککەوین، ئەگەر ڕێکنەکەوین، ئەو گرژیانەی ناوچەکەی گرتۆتەوە، زۆر زیانمان پێدەگەیەنێت".

گوتیشی: "پوختەی قسەی ناودڵی خەڵکی کوردستان، داواکردنی یەکڕیزیی لایەنە سیاسییەکانە. جینۆساید و چەوساندنەوەی گەلی کوردستان، وایکردووە مێژوو یەک ئامانج بخاتە دڵی کوردەوە، ئەویش یەکبوونە، ئەوە ئاراستەی ھەرە دروستە و نیشانەی ئەوپەڕی ھۆشیاریی گەلی کوردستانە".

گوتیشی: "ئێمە بە دووبەرەکی ناوبانگێکی باشمان لە جیھان دروست نەکردووە، بەڵکو بە دیموکراسی و ئاوەدانی و سەقامگیری لەم ناوچەیەدا، ناوبانگمان دەرکردووە، ھەر کەسێک بەر (٣٠) ساڵ ھاتبێتە کوردستان و ئەمڕۆ سەردانی کوردستان بکات، نایناسێتەوە، ئێمە دوای ئەنفال و کیمیاباران، ئەو ئاوەدانییەی کە دروستمان کردووە، ئێستا بە شارەزاییی زیاتر، دەتوانین پێشکەوتنەکە باشتر و خێراتر بکەین".


نێچیرڤان بارزانی باسی لە گەشپێنی خۆی بۆ داھاتووی ھەرێمی کوردستان کرد و گوتی: "ھەندێک کەس لێم دەپرسن: بۆچی گەشبینم؟ لە ڕاستیدا، گەشبینیی من لە خۆڕاگری و فرەتواناییی خەڵکی کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت، ئێستاش دەڵێم: ڕابردووی ناخۆشمان ھەبووە، بەڵام داھاتوویەکی پڕشنگدارمان لەپێشە".

ڕاشیگەیاند: "گەلی کوردستان گەلێکی یەکگرتووە، پێویستە لایەنە سیاسییەکانیش وەک گەلەکەیان بۆ بەرژەوەندیی نیشتمان ڕێکبکەون، بەو شێوەیە دەتوانین ھەڵبژاردنێکی ڕوون و دادپەروەرانە بکەین، بە ڕەزامەندی و بە بەشداریی ھەموو لایەنەکان".

ڕاشیگەیاند: "پەرلەمانی کوردستان ئەزموونێکی زۆر گرنگە لە ناوچەکەدا، دەبێت بیپارێزین، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان وڵاتێکی دوای ئەنفال و کیمیاباران ئاوەدانکردۆتەوە، دەبێت ھەموومان پشتیوانی لێ بکەین، پێشمەرگە قارەمانەکان ئەفسانەی داعشیان تێکشکاند و بوونە مایەی ناوبانگێکی گەورە بۆ ھەرێمی کوردستان لە جیھاندا، ئەمانە ھەموویان مایەی ئەوەن کە گەشبین بین و ھەرچی زووترە لە ناوخۆماندا ڕێکبکەوین، بە ڕێککەوتنمان، ئاوەدانیی زیاتر و سەرکەوتنی زیاتر دەبینین".

ئاماژەی بەوەشدا: "ھەموو کەس و کۆمەڵەیەک لە کوردستان دەکرێت ئەوپەڕی ڕەخنە و گلەیی ھەبێت لە دەسەڵات و لە دەسەڵاتداران، دەکرێت بە ھەموو ڕێگەیەکی مەدەنییانە ناڕەزایی دەرببڕێت، بەڵام لە کۆتاییدا دەبێت ھەموومان وێڕای ھەموو جیاوازییەکان، شتێک بپاریزین و بەرگری لێبکەین و لەسەرووی ھەموو شتێک بیھێلینەوە و کۆکەرەوەی ھەموومانە، کۆکەرەوەی ھەموومان دەبێت نیشتمان بێت".

گوتیشی: "ھێز و حیزب و سەرکردە سیاسییەکان دێن و دەڕۆن، بەڵام نیشتمان، وڵات، کوردستان ھەر دەمێنێتەوە. نابێت کوردستان بکەینە قوربانیی تووڕەیی و ناڕەزایی لە دەسەڵات و سیاسییەکان، گەلی کوردستان سەلماندوویەتی توانای بەرگریی ھەموو سەختییەکانی و توانای ڕاستکردنەوەی ھەموو کەموکوڕەکانیشی ھەیە، لەبەرئەوە ھەموو ناخۆشییەکان تێدەپەڕن و ھەموو ناکۆکییەکان چارەسەر دەبن، چونکە لە کۆتاییدا بۆ چارەسەری، ھەموومان پێکەوە لەسەر یەک مێز دادەنیشین، لەبەر ئەوەی کوردستان لە ھەموومان گەورەترە، نیشتمان لە ھەموو شتێکمان بەھێزترە".

سەرۆکی ھەرێمی كوردستان-عێراق باسی لە دۆخی جیھان کرد و گوتی: "پێشکەوتنەکانی جیھان بە جۆرێک خێران، بۆ ئەوەی پێیان ڕابگەین و لە جیھانی پێشکەوتوو دانەبڕێن، دەبێت لە عێراق و ھەرێمی کوردستان کێشە و ئاڵۆزییەکان تێپەڕێنین، دەبێت توانا ماددی و مرۆیییەکانمان بۆ پێشخستنی زانست و زانین و تەکنەلۆژیا و بەھێزکردنی سیستمی پەروەردە و برەودان بە لێکۆڵینەوەی زانستی بخەینە گەڕ".

گوتیشی: "پێشکەوتنەکانی زانست، تەکنەلۆژیا و ئەو سوود و دەرفەت و ئاڵنگاری و مەترسیانەی زیرەکیی دەستکرد و نانۆ تەکنۆلۆژیا و گۆڕانی ئاووھەوا لەگەڵ خۆیاندا دەیھێنێت، کار و ڕەنجی جیددی و پلان و بەرنامەی درێژخایەنی لەسەر ئاستی تاک و دامەزراوەکان‌ دەوێت".

نێچیرڤان بارزانی لە کۆتایی قسەکانیدا، گوتی: "دەبێت بیر و کار و توانامان بەو ئاقارەدا ئاراستە بکەین و بزانین داھاتوو بۆ ئەوانەیە کە کات و بیر و توانایان دەدەنە زانست و زانین، نەک بۆ ئەوانەی ھەر لە بازنەی ڕابردوودا دەخولێنەوە و دڵنیام لەم دیدارەی سلێمانیدا، زانیاریی زیاتر و ئەزموونی زیاتر وەردەگرین بۆ ئەوەی ڕێککەوین و پێکەوە سەرکەوین".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın