Heman Hussein Yaseen
17 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 18 تشرینی دووەم 2021
هەولێر - AA
مونا قەهوەچی دەڵێت، "ئێمە وەک پێکهاتەی تورکمان پرۆژەمان دەبێت بۆ زیادکردنی کورسی کۆتا".
سکرتێری پەرلەمانی کوردستان، مونا قەهوەچی لە مەراسیمی رۆژی زمان و کولتووری تورکمان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند "ئەمرۆ رۆژی زمانی کولتووری تورکمانییە، لەم بۆنەیەدا ئێمە سوپاسی سەرجەم ئەو حزب و لایەنە کوردستانیانە دەکەین کە هەمیشە پاڵپشت و هەماهەنگ بوون بۆ بەرقەرارکردنی پێکەوەژیان و دەستەبەرکردنی مافەکانمان، بەڵام لەلایەن هەندێک لە فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان بەپلان و بەرنامە و لە رێگای سۆشیال میدیاش کاری لەسەر کراوە، پرۆژە ئامادەکراوە بۆ کەمکردنەوەی کورسی کۆتایە".
قەهوەچی دەشڵێت: "ئێمە وەک پێکهاتەی تورکمان و کلدان و سریانی و ئاشووری و ئەرمەن، ئەم هەوڵە رەت دەکەینەوە، کورسی کۆتا بە یاسا رێکخراوە و لە پەرلەمانی کوردستان پەسەندکراوە و دەنگی پێدراوە، ئەمە شتێک نییە کە تەنیا بڕیارێک درابێت و بتوانن زۆر بەئاسانی ئەم کۆتایە کەم بکرێتەوە یان بسڕدرێتەوە، بە پێچەوانەوە ئێمە وەک پێکهاتەی تورکمان پرۆژەمان دەبێت بۆ زیادکردنی کورسی کۆتا".
مونا قەهوەچی راشیگەیاند "داواکارین لە هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کاربکەن بۆ داهاتوو، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەماهەنگ و پاڵپشتمان بن لە هەنگاوەکانی پێکهاتەی تورکمان بۆ دابینکردنی کورسی کۆتا بۆ تورکمان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە ئەوە مافێکی رەوای خۆیەتی، تاوەکو ئێستا نوێنەری پێکهاتەی تورکمان لە پەرلەمانی عێراق لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بوونی نەبووە، ئێمە لێرەوە لەبری کەمکردنەوەی کورسی کۆتا داوای زیادکردنی کورسی کۆتا دەکەینغ.
سکرتێری پەرلەمانی کوردستان، مونا قەهوەچی گوتیشی: "داواش دەکەین پاڵپشتی پرۆژەکەمان بن نوێنەرەکانیان رابسپێرن دەنگ بدەن بە پرۆژەکەمان و پاڵپشتی هەنگاوەکانی پێکهاتەکانی تورکمان و کلدان و ئاشووری بن تاوەکو ئێمەش لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان خاوەنی کورسی بین لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق".