Rewa Mahmut Hasan
28 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 29 ئادار 2017
ئەنقەرە
سەبارەت بە پرسی هەڵکردنی ئاڵا لە کەرکووک، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا راگەیەندراوێکی بڵاو کردۆتەوەو ئاماژەی بەوەداوە کە بڕیاردان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لەکاتێکدا ئەندامانی تورکمان و عەرەبی ئەنجوومەنەکە بایکۆتی دانیشتنەکەیان کردووە،بە کارێکی تاک لایەنانەو پێشێلکاری دەستووری عێراقی و پێکهاتەی جێناکۆکی کەرکووكی دەزانین.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند کە نیگەرانن لە هەڵکردنی ئاڵای هەرێمی کوردستانی عێراق لە کەرکووک لەسەر بینا رەسمیەکانی حکوومەت لە شارەکە.
لە راگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی تورکیادا هاتووە" قبوڵ کردنی بڕیارێکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە دەنگدانێکدا بۆ هەڵکردنی ئاڵای هەرێمی کوردستان لە سەرجەم بینا حکوومیەکانی شارەکەدا کارێکی راست نیيەو بە نیگەرانیيەوە دەڕوانینە بڕیارەکە".
لەو راگەیەندراوەدا هاتووە: "بڕیاردان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لەکاتێکدا ئەندامانی تورکمان و عەرەبی ئەنجوومەنەکە بایکۆتی دانیشتنەکەیان کردووە، بە کارێکی تاک لایەنانەو پێشێلکاری دەستووری عێراقی و پێکهاتەی جێناکۆکی کەرکووكی دەزانین. هەنگاوی تاک لایەنانە لە کەرکووکدا کە خاوەنی چەندین پێکهاتەو شوناسی جیاجیایە، زیان دەگەیەنێت بە قۆناغی دەستووری و دیالۆگ و دانوستان و هەنگاوی لەم چەشنە کاریگەریشی دەبێت لەسەرئاسایشی هەمیشەیی عێراق، بۆیە دەبێت لایەنەکان بەبەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ قۆناغە هەستیارەکاندا بکەن وەک پێشتر".